ئاسۆ عەلیخانی
لە ئاستی ئێران و بە پانتایی جۆغرافیای كوردستان كۆمەڵە لە زومرەی ئەو حزبانەدا دێتە ئەژمار، كە مێژوویەكی پڕ لە شانازی و شۆرشگێڕی و پڕاوپڕ لە گیانبازی هەزاران ئینسانی خۆنەویست و بێباك لە چی تەور و تەورازی لە چەنتەدایە و لە تەنیشت ئەوەشدا رێبەریی و رێنوێنی رابەرانی كارامەی لە مێژووی خۆیدا هەیە، كە ئێستاش كە ئێستایە جێگە پەنجەی زێڕینیان بە ئاسمانی شانازیەكانی بزاوتی گەلی كوردەوە دەدرەوشێتەوە و بە بە دەیان روودای دڵتەزێن و لە هەمانكاتدا حەماسەی دڵخۆشكەریان تۆمار كردووە.
حەماسە و رووداوەكانی ئەم حیزبە جەماوەریە بێ گومان هەركامەیان لە سەر بزووتنەوە جۆراوجۆرەكانی ناو كومەڵگای كوردەواری گاریگەری دیار و بەرچاوی هەبووە، كە بە دڵنیایەوە بۆ هەتا هەتایە لە مێژوودا هەركامەیان لاپەرەی تایبەت بە خۆێانیان دەبێت.
لە بەرەبەری هاتنی ٢٧ی رەشەمەدا تیشك دەخەمە سەر یەكێك لەو رووداوە گرینگ و دڵتەزێنانەی كە لەو مێژووە پڕ لە شانازیەدا بە داخەوە روویداوە، ئەویش رووداوی گیانبازی و گیانبەختكردنی هاورێیانی گوردانی شوانە.
بیست و حەوت ساڵ بەسەر كارەساتی “گوردانی شوان”دا تێپەڕی. كارەساتێك كە بووە هۆی گیانبەخت كردنی 72 پێشمەرگەی فیداكاری كۆمەڵە و 72ئەستێرەی پرشنگداری ئاسمانی خەباتی چەوساوەكان و بەشمەینەتان.
لە ڕۆژەكانی كۆتایی مانگی ڕەشەمەی ساڵی1366ی هەتاویدا و لە كاتێكدا كە گزنگی خۆری بەرەو بەهار بەستەڵەكی سەرمای زستانی بەرەو تواندنەوە دەبرد و سروشت بە هیوای لەبەر كردنی بەرگی بە گوڵ رازاوەی بەهاری بوو، هاوڕێیانی گوردانی شوان كە تا ئەو دەم دەیان شانۆ لە فیداكارییان لە مەیدانەكانی خەباتی سیاسی، كۆمەڵایەتی و نیزامیدا خولقاندبوو، نەخوازراو، كەوتنە نێو تەنوورەی ئاگری شەڕی كۆنەپەرەستانەی دوو ڕژیمی جینایەتكاری ئێران و عێراق و لە شەڕێكی داسەپێندراو و نابەرابەردا، بوونە قوربانیی، یان هەر ئەو ڕۆژە و لە مەیدانی شەڕی دەستە‌ویەخەدا و یان ماوەیەك دواتر و لە ئەشكەنجەگاكانی رژیمی جینایەتكاری كۆماری ئیسلامی‌دا سەربەرزانە گیانیان فیدا كرد.

رووداوی دڵتەزێنی گوردانی شوان
لە رۆژی (25) ی رەشەممە، هاورێیانی كومەڵە ئاگاداربوون كە بەرەكانی شەڕ جموجۆڵی تازەی تێكەوتووە و لەوانەیە لەم جەبهەیەدا(بەرەیەدا) شەڕێكی قورس بەڕێوە بێ. كومیتەی ناوچەی سنەی كۆمەڵە بڕیاریدا، كە ئەو هێزەی لە ئاوایی بیارە جێگیر ببوو پاشەكشێ بكات. ئاوایی بیارە یەكێك لەو ئاواییە سنووریانە بوو كە دیاریی كرابوو بۆ ئەوەی گوردانی شوان (یەكێك لە گوردانەكانی سەر بە تیپی١١ی سنە) بۆ حەسانەوە و پشتی جەبهەی خۆیان لەوێ كەڵك وەربگرن.
بۆیە لە كاتی ئەو جمووجۆڵە سەربازیەدا، بە داخەوە هاورێیانمان لەو شوێنە مەترسیدارەدا بۆ پشوودان جیگیر بوون و دەبووا خۆیانی لێ دەرباز بكەن.
هاوڕێ شۆكێ خەیرئابادی فەرماندەی گوردان بوو. دوو رێگا بۆ پاشەكشێ لە پێشی بوو، رێگایەكیان بە ناوەڕاستی جەبهەكاندا تێپەردەبوو، كە ناوچەی كوێستانی سورێن بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە هێزی دوژمن تەنرا بوو، رێگەیەكی پڕ مەترسی بوو. هەر ئەوكات هێزێكی حزبی دیموكرات بە رێنوێنی و هاوكاری هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی توانیبویان لەو رێگەیەوە دەرباز بن. ئێستاش بە وردی نەزانراوە كە هۆی چی بوو، كە هێزەكەی كومەڵە ئەو كات نەیتوانی لەو هاوكاریە بەهرەمەند بێ! رێگایەكی دیكەش رێگای دەشتایی بوو،كە رێگای دەشتایی ئەگەرچی بە رواڵەت ئەمین تر دەكەوتە بەرچاو، بەڵام ئەویش لە بەردەم نووكی هێرشی هێزەكانی رژێمی ئێراندا بوو. هاوڕێیانی گوردانی شوان رێگای دەشتاییان هەڵبژارد و هاتن بەرەو لای گۆندێك بەناوی “عەنەب” و كاتێ گەیشتنە ئەو گۆندە‌، ئاگاداربوون، كە هێرشەكە بەربڵاوتر بووە لەوەی كە پێشبینی دەكرا و لە هێرشێكی كوت و پڕدا هێزەكانی كۆماری ئیسلامی بەهاوكاری هێزەكانی بەرەی كوردستانی، بەشێكی زۆر لە ناوچەكەیان گرتبوو و پردی سەرەكی رێگای پاشەكشە، كە سەید سادقی بە هەڵەبجە دەبەستەوە (واتە پردی زلمَ) خاپووركرابوو. بە رووخانی ئەو پردە رێگایەك نەدەما غەیری ئەوەی كە لە دەریاچەی دەربەندیخان بپەڕنەوە.
هێزێكی یەكجار زۆری ئەرتەشی عێراق لەو ناوچەیە بڵاوەی پێ كرابوو و هاوڕێیانی گوردانی شوان‌ پێشبینی دەكەن كە پردێكی كاتیی لە شوێنێكی چۆمی سیروانەوە لێبدرێ و ئەوانیش بتوانن كەڵكی لێوەربگرن. هەر بۆیە رێگاكەی خۆیان درێژە دەدەن بەو هیوایەی كە رێگایەك بۆ پاشەكشێ بكرێتەوە، هەر بۆیە دەڕۆن بەرەو شارۆچكەیەك بە ناوی “سیروان” یان “دۆجەیلە” كاتێك ئاگادار دەبن كە دەوروبەری ئەو شارۆچكەیەش شەڕی تێدایە و هێزەكانی كۆماری ئیسلامی خۆیان گەیاندۆتە ئەو شوێنەش ناچار دەبن بچنە ناو شارۆچكەكە و لەوێش بە نهێنی لە چەند ماڵدا خۆیان بشارنەوە تا دەرفەتێكی باشتر بۆ دەربازبوون بدۆزنەوە.

ئەو رۆژە تا ئێوارە دەمێننەوە و لە چەند ماڵدا خۆیان حەشار دەدەن، بەڵام ئەو مانەوەیان هاوكاتە لەگەل ئەوەی كە تەواوی ناوچەكە بۆمبارانی شیمایی دەكرێ و بەشێك لە گاز و ژەهرێك كە لەو ناوچەیە بڵاو ببۆوە، روو لە ناو شارۆچكەی سیروانیش دەكا و هاورێیانی ئێمەش ژاراوی دەبن، بەشێكیان بە تووندی و بەشێكیان بە سووكی.
لە لایەن كومیتەی ناوچەوەی سنەوە بە بیسیم پەیوەندییان پێوە دەكرێ و رێنوێنی دەكرێن بۆ ئەوەی كە بڕۆن بەرەو شوێنێك لە دەریاچەی دەربەندیخان تا لەوێیەوە بە بەلەم بپەڕێنەوە، ئەو هاوڕێیانە بەهۆی ئەوەی كە لە ناوچەكەدا شەڕ بوو ناچار دەبن راوەستن تا ئێوارە كە تۆزیك هەوا تاریك بیت، بەرەو دەریاچە وەڕێكەون. رێگای شارۆچكەی سیروان تا دەگاتە ئەو شوێنەی كە قەرار بوو لەوێ كاری پەڕینەوەكەیان رێكبخرێ، نزیكەی دوو كاتژمێر دەبوو، بەڵام ئەوان لە بەر ئەوەی كە یەكەم بەو گازە ژەهراویی ببوون، دووهەمیش رێگاكە شارەزا نەبوون، ئەو رێگا دوو كاتژمێریەیان بە (7) كاتژمێر تێپەڕ كرد و لە ئاكامدا نەیانتوانی خۆیان بگەیننە لێواری دەریاچەكە و ئەو شوێنەی كە بڕیار بوو بەلەمەكانی پشتیوانی‌ بڕۆنە شوێنی دیاریكراو.
لەو بەری دەریاچەكەوە گوردانێكی تری ناوچەی سنە و ژمارەیەك لە هاوڕێیانی پەیوەندییەكانی كۆمەڵە لە عێراق لە سەر لێواری ئاوەكە چووبوون بە هانایانەوە و هەوڵیاندابوو كە پێویستییەكانی دەربازبوونیان بۆ ئامادەكەن، هاوڕێیانی بەرپرس بڕیار دەدەن كە بەلەمێك بنێرنە ئەوبەر و كەسی شارەزاشیان لەگەڵ بێ تا بتوانن رێنوێنییان بكەن و بیانگەیننە لێواری دەریاچەكە و دەربازیان بكەن. تەنیا نزیكەی (20) خولەك یان نیو سەعاتیان مەودا مابوو كە خۆیان بگەیننە سەر لێواری ئاوەكە، بەڵام بەهۆی تاریك بوونی كەش و هەوا، بۆیان نەدەدۆزرایەوە. (5) پێشمەرگە لە بەلەمێكدا بەرەو ئەوبەری ئاوەكە رێكەوتبوون، بەڵام لەو مەودایەدا هێزەكانی كۆماری ئیسلامی خۆیان گەیاندبووە لێواری دەریاچەكە و ئاگاداری نزیكبوونەوەی ئەو بەلەمە دەبنەوە.
پێش ئەوەی كە بەلەم بگاتە قەراغ ئاوەكە، تەقەی لێدەكەن و (4) هاورێ سەرنشینی بەلەمەكە گیان بەخت دەكەن و یەك كەسیان بە دیلی دەگیردرێ. كاتێك روون دەبێتەوە كە كاری ئەو بەلەمە بە ئاكام نەگەیشتووە و ئیمكانی ئەوەی كە هاورێیان خۆیان بگەیەننە قەراغ ئاوەكە، دیسان هەوڵدەدەن جاریكی دیكە رێنوێنییان بكەن و لە رێگای بێسیمەوە ئامادەیان بكەن بۆ ئەوەی كە خۆیان بگەیەننە شوێنێكی تر لە قەراغ ئاو، (10) بەلەم لەمبەر ئاوەوە بۆ عەمەلیاتی پەڕینەوەیان ئامادە كرابوو. هێزی یارمەتیدەر ئامادە ببوو تا بە تەقەكردن رێگای پەرینەوەی هاوڕێیان خۆشكات، لەوكاتەدا هاوڕێ “شۆكێ خەیر ئابادی” بە بێسیم فەرماندەی هێزەكانی كۆمەڵە، لەوبەری ئاو ئاگادار دەكاتەوە كە بەشێك لە هێزەكانمان لەگەلِ دوژمن دەرگیر بوون. ئەو دەرگیرییە ماوەیەك بەردەوام دەبێ، دوای ماوەی نیو سەعاتێك، رەنگە كەمتر یان زۆرتر، پەیوەندی لەگەلِ فەرماندەی گوردان دەپچڕێ. بەمجۆرەیە كە ئیتر ئاخرین وتەكانی هاوڕێیانی فەرماندەی ئەمبەر و ئەوبەر بەیەكەوە هاتوچۆ دەكات و دوای ئەوە ئیتر هیچ پەیوەندییەك بە گوردانی شوانەوە نامێنێ.
رووداوەكان كەم كەم و بە پێی زەمان روون بوونەوە. هاوڕێیانی گوردانی شوان كە ناتوانن بگەنە سەر لێواری دەریاچەكە‌و شەو دەبێ و بە تاریكی رێگا ون دەكەن. لە ناو زۆنگ ئاوەكانی ئەو ناوچەیەدا خۆیان حەشار دەدەن و لەبەر ئەوەی بەشێكی زۆریان ژەهراویی دەبن و توانای شەڕ كردنیان زۆر كەم دەبێتەوە، هێزەكانی رژێمیش دەزانن كە بەلەمێكی كۆمەڵە پەڕیوەتەوە بۆ ئەوبەر خەریكی بەرنامەیەكە، بەوچەشنە دەزانن كە دەبێ واحیدێكی پێشمەرگەی كومەڵە ‌لەو ناوچەیەدا گیری خواردبێ، بۆیە هێزێكی یەكجار زۆری بۆ كۆدەكەنەوە و شوێنەكە بە تەواوەتی گەمارۆدەدەن.
هاورێیانی گوردانی شوان زۆر دلێرانە خۆڕاگریی دەكەن و تا ئاخرین فیشەكەكانیان و تا دووایین هەناسەكانیان كۆڵ نادەن دوژمن، مەگەر ئەوانەی كە بریندار بوون و ئیتر هیچ توانای شەڕ كردنیان نەمابوو.
بە داخەوە  (12) كەس لە هاوڕێیانی گوردانی شوان بە دیل دەگیردرێن و بە برینداری دەبردرێنەوە شاری سنە و دوای ئەشكەنجە و ئازارێكی زۆر (11) كەسیان لە سێدارە دەدرێن.
دواتر دوو هاورێیش لە ناوچەكە دەرباز دەبن و ماوەیەك دواتر خۆیان دەگەیێننە ریزەكانی كۆمەڵە و بەداخەوە باقی هاوڕێیان لە مەیدانی شەڕەكەدا گیانی ئازیزیان بەخت دەكەن .
دواجارو لە مەودایەكی تردا كە ناوچەكە ئارام بووەوە، تەرمەكانیان راگواستران بۆ شوێنێكی تایبەت بە گیانبەخت كردووانی كۆمەڵە كە لە سلێمانی تەرتیب كرابوو.
ئەو رووداوە گەلێك دڵتەزێنە بۆ خەباتكارانی ریزەكانی كۆمەڵە و هاوڕێیانی گوردانی شوان بەدرێژایی شەڕی ئێران و عێراق زۆر هەوڵیاندا، بۆ ئەوەی كە خۆیان لە ئاگری ئەو شەڕە بپارێزن. مەیدانەكانی شەڕ كێشرابووە كوردستان و كومەڵە هەوڵی دەدا بۆ ئەوەی كە شەڕی خۆیان لەگەڵ رژێمی كۆماری ئیسلامی سەربەخۆ لەو شەڕە بەڕێوەبەرن، بۆیە بەپێچەوانەی مەیلی هاوڕێیان بەداخەوە ئەمجارە لەو شوێنە كەوتنە داوی شەڕی ئێران و عێراق.
بۆیە بەم شێوە دڵتەزێنە  هاوڕێیانی گۆردانی هەمیشە زییندووی شوان گیانی خۆیان لە پێناو ژیانێكی باشتر بۆ خەڵكی چەوساوە و زەحمەتكێش بەخت دەكەن.
بەڵام ئەمە كارەساتێك نەبوو هەر بە تەنیا بۆ كومەڵە‌، بەڵكوو كارەساتێك بوو كە بە هەزاران ئینسانی دیكەش گیانیان تێیدا لەدەستدابوو. بەمجۆرە خوێنی تێكۆشەرانی كۆمەڵەش تێكەڵ بە خوێنی خەڵكی لێقەوماوی هەڵەبجە و دەشتی شارەزوور بوو.
یادیان بەرز و ریگای سووریان بەردەوامە