بەبۆنەی مەرگی حاجی رەشید زەكەریایی باوكی سێ هاوڕێی گیانبەختكردووی كۆمەڵە، لەلایەن كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانەوە راگەیاندنێك بڵاوكرایەوە.

هاوكات لە شاری سنە لە رێوڕەسمی پرسە‌و سەرەخۆشیدا، ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوانی كۆمەڵە‌و چەپی كوردستان بەشدارییان لە رێوڕەسمەكەدا كرد‌و بە چەند ساتێك بێدەنگی رێزیان لەیادی حاجی رەشید گرت‌و بە چەند وتەیەكیش دەورونەقشی كۆچكردویان لە بارهێنانی منداڵەكانی بەرزنرخاند كە رۆڵێكی گەورەیان لە بزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستاندا بووە كە لەلایەن هاوسەر‌و كەسوكاری حاجی رەشید پێشوازییان لێكرا.
دەقی راگەیاندنی كۆمەڵە بە بۆنەی مەرگی حاجی رەشید

راگەیاندنی کۆمەڵە بۆ مەرگی حاجی رەشید زەکەریایی

بە داخێکی زۆرەوە ئاگادار کراینەوە کە حاجی رەشیدی زەکەریایی باوکی هاوڕێیانی گیانبەختکردوو: فەریدە، جەمیل و جەلیل زەکەریایی و هەروەها باوکی هاورێیان کاک شوعەیب زەکەریایی، دامەزرێنەری کۆمەڵە، نەسرین و ماجید زەکەریایی، هاورێ و کادری دێرینی کۆمەڵە، لە شاری سنە ماڵئاوایی لە ژیان کردوە.
ئێمە وێڕای دڵگرانی خۆمان بەم هەواڵە و لە دەستدانی دۆستێکی بە وەفای کۆمەڵە، هاوخەمی خۆمان لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی زەکەریایی و کەسوکاریان و خەڵکی شارەکانی سنە و مەریوان دەردەبڕین.
حاجی ڕەشید چەندین جار خرایە زیندان و ئەزیەت و ئازاری ئەشکەنجەگەرانی کۆماری ئیسلامی لەسەر تاقیکرایەوە، بەڵام قەت کۆڵی نەدا و سەری بۆ دانەنواندن و نەیانتوانی لێوی رازداری پێبکەنەوە و نەک هەر نەیانتوانی چاوترسێنی بکەن، بوو بە نمونەیەکی بەرچاوی خۆڕاگری.
حاجی ڕەشید لە ناو بنەمەڵەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە ناوێکی ئاشنا و سیمایەکی خۆشەویستی خۆڕاگر و جێگای رێز بوو. ئەو باوەڕپێکراوی پێشمەرگە و رێکخستنەکانی شار بوو و بە راوەستاویی خۆی ورەدەری هەموومان بوو دژ بەم رژێمە و بۆ خەبات. ئەو نەک هەر بابی بەرێزترین هاورییانی کۆمەڵە، دۆستی نزیک و بە وەفای ئەم رەوتەش بوو. تا هەتایە یادی بەرز رادەگیرێ و لە شۆڕشی کوردستاندا وەک نمونەیەکی کۆڵنەدان ناوی لێدەبرێ.

بەرز و بەرێز بێ یادی حاجی ڕەشید زەکەریایی

کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٧. ٤. ٢٠١٥ زایینی یان ٦ گوڵانی ١٣٩٤ هەتاوی