وەفدێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەسەردانێك فەرمی گەیشتنە دەفتەری سیاسی حیزبی دیموكراتی كوردستان‌و لەگەڵ وەفدێكی دیموكراتدا دیدار‌و كۆبوونەوەیان كرد.

دوێنێ 8ی گوڵانی 1394، رێكەوت لەگەڵ 28ی ئەپریلی 2015 وەفدێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان كە پێكهاتبوون لە هەریەك لەهاوڕێیان: عومەر ئێلخانیزادە سكرتێری گشتی، رەزا كەعبی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی، فەریبا محەمەدی ئەندامی دەستەی كارگێڕی، عەتا ناسرسەقزی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی‌و بەرپرسی پەیوەندییەكانی سلێمانی، فەرزاد محەمەدی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی‌و ئەرسەلان خوسرەونژاد راوێژكاری كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵە بەسەردانێكی فەرمی گەیشتنە دەفتەری سیاسی حیزبی دیموكراتی كوردستان.

وەفدی كۆمەڵە لەلایەن وەفدی حیزبی دیموكراتی كوردستانەوە پێشوازییان لێكرا كە پێكهاتبوون لە هەریەك لە بەڕێزان: خالید عەزیزی سكرتێری گشتیی، كەمال كەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسی، مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی، عەبدوڵا حەسەن زادە راوێژكاری دەفتەری سیاسی، كەریم مەهدەوی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی‌و بەرپرسی پەیوەندییەكانی سلێمانی، سوهەیلا قادری جێگری كۆمیتەی ناوەندیی‌و ئیبراهیم چوكەڵی جێگری كۆمیتەی ناوەندیی، پێشوازییان لێكرا.

لەكۆبوونەوەكەدا قسەوباسێك لەسەر بارودۆخی ناوچەكە‌و ئێران‌و كوردستان كرا‌و گرفتەكانی بەردەم بزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان‌و ئاستەنگەكانی بەردەم كاری حیزبەكانی رۆژهەڵات‌و پەیوەندی‌و هاوكاری نێوان حیزبەكان تاوتوێكرا.

لەبەشێكی كۆبوونەوەكەدا بابەتی هاوكاری‌و یەكڕیزی زیاتری نێوان حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تاوتوێكرا‌و هەر دوو لا جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لێكنزیك ببنەوە‌و بوار‌و بەستێنێك بۆ هاوكاریی زیاتری نێوان حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان فەراهەم بكەن.

لەكۆبوونەوەكەدا كە زیاتر لە 3 كاتژمێری خایاند، هەردوو وەفدی كۆمەڵە‌و دیموكرات جەختیان كردەوە پەیوەندییەكانیان زیاتر گەشە پێبدەن‌و ببنە پردی پەیوەندی‌و هاوكاریی زیاتر حیزب‌و لایەنە سیاسیەكنی رۆژهەڵاتی كوردستان.