بەرەبەیانی دوێنێ یەكشەممە 21ی گوڵان، دایە سەبیعە سیابی، دایكێك لە نەوەی دایكانی خۆڕاگر‌و خەباتكاری كوردستان لەشاری سنە‌و لە تەمەنی 85 ساڵی ماڵئاوایی لە ژیان كرد.
دایە سەبیعە، دایكی چوار پێشمەرگەی فیداكاری كۆمەڵە، هاوڕێیان، شۆكێ، رەحمەت، عەزیز‌و شەهلا كوڵاهقوچی، لەتەواوی دەورانی خۆڕاگریی سەرسەختانەی خەڵكی كوردستان‌و خەباتی ژنان‌و پێشمەرگە، بە ئیرادەیەكی لەبن نەهاتوو، وەك یەكێك لەدایكانی خەباتكار‌و خۆشناو‌و بەناوبانگی شار‌و گوندەكانی سنە ناوو ناوبانگی دەركرد. دایە سەبیعە لە ساتەوەختی گیانبەختكردنی هەر یەك لە رۆڵەكانی‌و هەروەها لەكاتی گیانبەختكردنی هاوڕێ هوشەنگ زەندی، هاوسەری هاوڕێ شەهلا كوڵاهقوچی، سەبوری‌و خۆڕاگرییەكی قارەمانانە‌و كەموێنەی لەخۆی نیشاندا.

كارنامەی شۆڕشگێڕانەی دایە سەبیعە سیابی، تەنیا بەوە كۆتایی نایەت كە رۆڵەكانی بەشێكی گەورە‌و پڕلەشانازی لە ژیانی دەگرتەوە، بەڵكو دایە سەبیعە لە بەرگریی خەڵكی كوردستان‌و بەشداریی ژنان لەم خۆڕاگرییە، بەشێكی گەورەی هەبوو. ماوەی ساڵێك لە زیندان‌و سیاچاڵەكانی كۆماری ئیسلامی بەندكرا‌و، ساڵانێكی زۆر بۆ گەیاندنی یارمەتی بە پێشمەرگەكان، كێو‌و بەكێو‌و هەڵدێر بەهەڵدێر بە شوێن پێشمەرگەوە بوو. دەورونەقشی پەیك‌و نامەبەر‌و گەیاندنی هەواڵ‌و حەشاردانی پێشمەرگە‌و خەباتكارانی نهێنی شاری بەئەستۆ بوو. ماڵی دایە سەبیعە لەسنە، حەشارگە‌و شوێنی كۆبوونەوەی خەباتكاران، زیندانیان لەبەند رزگاربوو، دایكان‌و یارانی كۆمەڵە بوو. رۆحیە‌و ئیرادەی ئەم دایكە خەباتكار‌و لەبیرنەكراوە، لەو سەردەمەدا وەری بەرزی دایكانی خەباتكار‌و پێشمەرگە‌و هەڵسوڕاوانی نهێنی بەرزتر دەكردەوە‌و ببوو بە پاڵپشتی هەموویان.

كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵە لەلایەن هەموو ئەندامان‌و پێشمەرگەكان‌و رێكخستنەكانی كۆمەڵە لەناوەوەی كوردستان بەهۆی ماڵئاوایی لەژیانی دایكی خەباتكار، دایە سەبیعە سیابی، دایكی بەناوبانگی كوردستان‌و كۆمەڵە‌و بەتایبەتی شاری خەباتكاری سنە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی كوڵاهقوچی‌و هەموو دایكانی خەباتكاری سنە دەكات. دڵنیان ناوی ئەم دایكە خۆشەویستە‌و ناوی رۆڵە گیانبەختكردوەكانی‌و كار‌و تێكۆشان‌و وەفاداری ئەوان بە ئامانجە ئینسانی‌و ئازادیخوازانەكان، هیچكاتێك فەرامۆش ناكرێت.
بەرز‌و بەڕێزبێت یاد‌و خۆڕاگری دایە سەبیعە سیابی

سكرتاریەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
22ی گوڵانی 1394