رۆژی دووشەممە وەفدێكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران سەردانی ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانیان كرد.

رۆژی دووشەممە 9ی بەفرانباری 1392، رێكەوت لەگەڵ 30 دێسامبری 2013 وەفدێكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە سەرەپەرشتی مستەفا هیجری، سكرتێری گشتی سەردانی ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەیان كرد‌و لەلایەن وەفدێكی كۆمەڵە بەسەرپەرشتی هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە، سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پێشوازییان لێكرا. لەو دیدارەدا هەر دوو لا چەندی بابەت‌و تەوەری گرنگیان سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەكە‌و ئێران و كورستان خستەبەر باس‌و هەر دوو لا لە روانگەی خۆیانەوە لێكدانەوەیان بۆ بابەت‌و تەوەرەكان كرد.

بەشێكی دیكە قسەو باسەكان تایبەت بوو بە دۆخی حیزبەكانی رۆژهەڵات‌و پێویستی لێك نزیكبووەوە‌و هاوكاری هاوبەش لەنێوان حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان. پاش شیكردنەوەی گرفت‌و لەمپەرەكان لەلایەن هەر دوولا، لەسەر پەیوەندی ‌و هاوكاری زیاتر لەنێوان حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەر دوو لا جەختیان كردەوە لەسەر پەرەپێكدانی ئەو پەیوەندییانە‌و دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو بۆ ئەو هاوكارییانە.