له‌ 25ی مانگی گوڵانی ساڵی 1988دا، یه‌كێك له‌ ئۆردوگاكانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ بۆتێ له‌ دۆڵی بالیسان، كه‌وته‌ به‌ هێرشی كیمیایی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی رژیمی روخاوی به‌عس‌و 23 پێشمه‌رگه‌‌و ئه‌ندام‌و كادری كۆمه‌ڵه‌ بوونه‌ قوربانی‌و زیاتر له‌ 150 كه‌سی تر له‌ پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ ژه‌هراوی بوون.

سه‌ره‌تای ساڵی 1988 بۆ خه‌ڵكی كوردستانی عێراق، سه‌ره‌تای ده‌وره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ هه‌ره‌ جه‌نایه‌تكارانه‌ترین‌و دڕندانه‌ترین هێرشه‌كانی رژیمی دیكتاتۆری سه‌دام بۆسه‌ر خه‌ڵكی كوردستان بوو. شاڵاوی به‌دناوی ئه‌نفال‌و بۆمبارانی كیمیایی‌و روخاندنی ئاوایی‌و شارۆچكه‌كانی سه‌ر سنور ده‌ستی پێكردبوو، ده‌یان هه‌زار بنه‌ماڵه‌ی كوردستانی عێراق له‌ شوێنێ باوباپیرانیان راگوێزران‌و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار به‌ڕێكران كه‌ئێستاكه‌ش هه‌زاران كه‌س له‌م خه‌ڵكه‌ بێ سه‌روشوێنن. رژیمی دیكتاتۆری سه‌دام حسه‌ین كه‌ له‌شه‌ڕی ئێران‌و عێراق به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن ده‌ڕۆیشت‌و چیتر كۆماری ئیسلامی‌و شه‌ڕ له‌ دژی ئه‌م رژیمه‌ی وه‌ك كۆسپێك چاو لێنه‌ده‌كرد، كه‌وته‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ خه‌ڵكی كورد‌و ده‌ستی كرد به‌ پیلانێك كه‌ ساڵانێكی دوورو درێژ نه‌یتوانیبوو ئه‌نجامی بدات. سه‌راسه‌ری خاكی كوردستانی عێراق له‌ گه‌ڵ هێرشێكی دڕندانه‌دا به‌ره‌وڕوو بووه‌وه‌. هه‌ڵه‌بجه‌ بۆمبارانی كیمیایی كرا، پاشان شاڵاوی هه‌ره‌ جه‌نایه‌تكارانه‌ی ئه‌نفال له‌ هه‌شت قۆناغدا ده‌ستی پێكرد. هه‌موو دێهات‌و شارۆچكه‌كانی كوردستان خاپور‌و چۆڵكران. كێڵگه‌‌و مه‌زرای خه‌ڵك ئاوریان تێبه‌ردراو كانیاوه‌كان وشككران‌و هه‌رچه‌شنه‌ شوێنه‌واری ژیان‌و مرۆڤایه‌تی له‌و ناوچه‌یه‌ له‌ناوبران. له‌م ناوه‌دا هێرشی دڕندانه‌ی رژیمی به‌عس ئۆردوگاكانی كۆمه‌ڵه‌شی گرته‌وه‌.

گیانبه‌ختكردوانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ بۆتی، یه‌كه‌مین پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ نین كه‌ خوێنی ئاڵیان ناوچه‌یه‌كی باشوری كوردستان سووربكات‌و، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م جار نه‌بوو كه‌ ئۆردوگاكانی كۆمه‌ڵه‌ به‌ر هێرشی دڕندانه‌ی هێزه‌كانی رژیمی به‌عس بكه‌وێت، پێشتریش ئۆردوگاكانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ مه‌علومه‌‌و هه‌ر له‌ بۆتێ توشی هێرشی شیمیایی رژیمی به‌عس ببوونه‌وه‌.

بۆ یه‌كه‌مجار هاوڕێ سه‌عیدی موعینی ناسراو به‌ خانێ، یه‌كه‌مین پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ بوو كه‌ له‌ تێكهه‌ڵچوونێكدا له‌گه‌ڵ سوپای به‌عس له‌ ئاوایی درێ گیانی به‌خت كردو بووه‌ یه‌كه‌مین شه‌هیدی كۆمه‌ڵه‌، پاش ئه‌وه‌ش گیانبه‌ختكردنی زیاتر 70 كه‌س له‌ جه‌سورترین پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌گوردانی شوان، به‌ هۆی كه‌وتنه‌ گه‌مارۆی كیمیابارانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌‌و هێرشی هه‌زاران كه‌سی هێزه‌كانی رژیمی ئێران. ئه‌مجاریش بۆمبارانی كیمیایی یه‌كێك له‌ ئۆردوگاكانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ بۆتی له‌ ناوچه‌ی بتوێن كه‌ بووه‌ هۆی شه‌هید بوونی 23 پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌.

هونه‌رمه‌ند به‌كر له‌گزی كه‌ خۆی له‌و كاته‌دا له‌ بۆتێ پێشمه‌رگه‌ بووه‌، رووداوه‌كه‌ به‌م جۆره‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ «ئێواره‌یه‌كی به‌هار بوو، پێشمه‌رگه‌كان له‌ ناو سروشتی دڵڕفێنی ناوچه‌كه‌ سه‌رقاڵی كار‌و چالاكی رۆژانه‌یان بوون، له‌ پڕدا چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگی هێرشیان كرده‌ سه‌رمان‌و ئۆردوگایه‌كیان بۆمباران كرد، تا چه‌ند ساتێك پێشمه‌رگه‌كان نه‌یانزانی چی روویداوه‌، كاتێك زانیان به‌كیمیایی هێرشیان كراوه‌ته‌سه‌ر هه‌موو شڵه‌ژان، ژماره‌یه‌ك به‌ره‌و خواره‌وه‌ بۆ ناو دۆڵه‌كه‌ هه‌ڵهاتن، ژماره‌یه‌كیش به‌ره‌و به‌رزایی شاخه‌كان، به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی «با» گازه‌ ژه‌هراوییه‌كه‌ی به‌ره‌و ژووره‌وه‌ ده‌برد، ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه‌ به‌ره‌و به‌رزاییه‌كان رۆیشتبوون، توشی گازه‌كه‌ بوون‌و 23 كه‌سیان شه‌هید بوون‌و ژماره‌یه‌كی زۆریش به‌هۆی گازوه‌ ژه‌هراویی بوون.
به‌داخه‌وه‌ له‌ئاكامی ئه‌و هێرشه‌ جینایه‌تكارانه‌دا ٢٣ هاوڕیی کۆمه‌ڵه‌و خۆشه‌ویستی هه‌ژاران‌و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان له‌ پێناوی ئامانجی به‌رزیاندا گیانیان فیداكرد. له‌ناو ئه‌و هاوڕێیانه‌دا بوون كه‌سانێك كه‌ له‌ شاره‌كانی ئێران‌و هه‌روه‌ها له‌كوردستانی عیراقه‌وه‌ به‌ ڕێزی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ په‌یوه‌ست ببون و له‌ ژێر ئاڵای سووری كۆمه‌ڵه‌ خه‌باتی سوسیالیستی خۆیان درێژه‌ پێی ده‌دا. ئه‌م ئازیزانه‌ بریتی بوون له‌:
١. ئیسماعیل مسته‌فازاده‌ ٢. ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دی ٣. بایزید به‌یاز ٤. په‌رویز تاجه‌وانچی ٥. حوسین سیگاری ٦. سه‌عید محه‌مه‌دی ٧. جه‌لال پێنجوێنی ٨. فریشته‌ی ره‌زایی (ناسراو به‌ زوهره‌) ٩. عه‌بدوڵا هوشیاران ١٠. عه‌لی حه‌سه‌ن محه‌مه‌دی(ناسراو به‌ ته‌همورس) ١١. فه‌ره‌نگیس شاهۆیی ١٢. كه‌ریم عه‌بدوڵاپوور ١٣. كه‌ریم جه‌نه‌تی ١٤- مریه‌م مه‌جنون (ناسراو به‌ سه‌عاده‌ت) ١٥. كه‌ماڵ ره‌زا نه‌ژاد ١٦. كه‌یومه‌رس موهاجیر (ناسراو به‌ جه‌بار) ١٧. مه‌نوچێهر مه‌حمودیان (ناسراوا به‌ مورته‌زا) ١٨. محه‌مه‌د ره‌سوڵی خۆش سفه‌ت (ناسراو به‌ حه‌مه‌ بازووكا) ١٩. محه‌مه‌د عومه‌ر عه‌لی ٢٠. نادر قازی زاده‌(ناسراو به ئازاد) ٢١. ناسح مه‌ردووخ ٢٢. وه‌فا توتونچی ٢٣. حامد موده‌رسی