رۆژی چوارشەممەی رابردوو، 13 مانگی مەی 2015 وەفدێكی پارتی یەكێتی دیموكراتیك (پەیەدە) بەسەردانێك گەیشتنە ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان‌و لەلایەن وەفدێكی كۆمەڵەوە بەگەرمی پێشوازییان لێكرا.
وەفدەكەی پەیەدە كە لەلایەن بەڕێز غەریب حەسۆ، نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی دەكرا، لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ وەفدی كۆمەڵە كە هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە سەرپەرشتی دەكرا، پشتیوانی خۆیان لە خۆپیشاندانەكانی خەڵكی شاری مەهاباد‌و رۆژهەڵاتی كوردستان دەبڕی‌و ئامادەیی خۆیان بۆ هەرچەشنە هاوكارییەك لەوبارەوە رایگەیاند.

لە دیدارەكەدا هەروەها بە باسكردن لە بارودۆخی ئێستای كوردستان‌و ناوچەكە، جەخت لەسەر هاوكاری‌و نزیكی زیاتر لەنێوان هەردوو لا كرایەوە.

هەر لەو كۆبوونەویەدا سكرتێری گشتی كۆمەڵە بە ئاماژە بە سەركەوتنی كورد لە رۆژئاوا، ئەزمونی كانتۆنەكانی لەو بەشەی كوردستانیبەرز نرخاند‌و ئامادەیی كۆمەڵەی بۆ هاوكاری‌و نزیكی زیاتر لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان‌و پەیەدە دووپاتكردەوە.