ئاڵۆزی و بارگرژی لە نیوان پۆلێك پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و گریلاكانی پارتی كریكارانی كوردستان لە سنووری نیوان ئیران و عێراق لە بناری قەندیل بە داخەوە تەقە و پێكدادانی چەكدارانەی لێكەوتەوە و ئاكامەكەی بوو بەوەی پێشمەرگەیەكی حدكا گیانی لە دەست بدا و چەند پێشمەرگەی تریش بریندار بن. ئیمە لە گەڵ ئەوەی تەقە و پەلاماری گریلاكانی پ.ك.ك  بۆ سەر ئەو پێشمەرگانە مەحكوم دەكەین و بە كردەوەیەكی نارەوا و زیانباری دەزانین، را دەگەینین كە :

 

١- شۆرش و بزووتنەوەی گەلی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان، ئەزموون و مێژوویەكی تاڵی لە شەری ناوخۆیی و پەنا بردن بۆ توندو تیژی هێزە سیاسیەكانی بە خۆیەوە دیوە و تاقی كردۆتەوە. ئاكامی ئەم چەشنە رەوشت و ئاكارە جگە لە شكست و رەنج بەخەساری بەرهەمێكی تری لێنەكەوتۆتەوە. بە خۆشیەوە وا دێتە بەر چاو كە گەلی كورد و هێزە سیاسیەكانی كوردستان ئەم ئەزموونە تاڵە بۆیان بۆتە دەرسێكی مێژوویی، هەر بۆیەش بەشی زۆری حیزبەكان و پیكهاتە سیاسیەكانی باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان بیزاری و نەفرەتی خۆیان لە شەری ناخۆیی بە هەر پاساو و بیانوویەك دەر بریوە. خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان ، كە خەسار لیكەوتووی چەندین ساڵ شەری ناوخۆیی بوون، بە دڵنیاییەوە ئەگەر مەجال و دەرفەتیان هەبوایە بە ڕژانە سەر شەقامەكان لە هەڵگیرسانی شەرێكی تری ناوخۆیی نەفرەتیان دەكرد؛

٢- كێشەی كورد لە رۆژ هەڵاتی ناوەراست بە گشتی بە قۆناغێكی ئاستەم و هەستیاردا تێدەپەرێ. لەگەڵ ئەوەی تەجروبەی باشوور، رۆژئاوا و باكوری كوردستان لە زۆر سۆنگەوە بە نرخن و سەقامگیری و سەركەوتنی ئەم ئازموونانە بە تێكرا  بزووتنەوی گەلی كوردستان چەند قۆناغ دەباتە پێشەوە، لە هەمان كاتدا دوژمنان و نەیارانی بزووتنەوەی هەقخوازانەی خەڵكی كوردستان هەر دەرفەت و هەلێك دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی خەبات و تێكۆشانی ئەم گەلە رووبەرووی شكست و ناكامی بكەنەوە. دەستیوەردان و گەمەی سیاسی كردن بە كێشە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەی خەڵكی كورد باوترین و كارامەترین شێوازێك بووە كە هەتا ئێستا لە لایەن دۆژمنانی گەلەكەمانەوە كەڵكی لی وەرگیراوە؛

٣- پاوانخوازی، ملهوری و خۆ بە تاكە سواری مەیدانی سیاسی لە كوردستاندا زانین دیاردەیەكە كە زەمانی تێپەریوە و تاریخی بە سەر چووە. ئەگەریش رۆژێك لە ڕۆژان ئەم شێوە لە هەڵسووكەوت و تەعامولی سیاسی باوی بووبێ، ئیستا و لەم چەرخەدا لە گەڵ مینتاڵیتی مرۆ‌ڤی ئەمڕۆ نایەتەوە و نەگونجاوە. كێشە و ناكۆكی لە نێوان هێزە سیاسیەكاندا ئەمری واقیعە و بێگومان لە نێو هێزە كوردیەكانیش دا دەبێ ئاسایی چاوی لێبكرێ و بە رەسمی بناسرێ. دیالۆگ و گوفتوگۆ و بە رەسمی ناسینی جیاوازی بۆچوون و جیاوازی بەرژەوەندیی حیزبی ئەو شیوازەیە كە دەبێ بۆ چارەسەریی كێشەكان رەچاو بكرین و هەڵبژیردرێن. لەم تێكهەڵچوونەی نیوان حدكا و پ.ك.ك هەڵبژاردنی ئەم شێوازە دەیتوانی لە هاتنە پێشی ئەو رووداوە نەخوازراوە بەرگری بكات.

٤- مافی حدكا و هەموو هێزیكی رۆژهەڵاتی كوردستانە كە تاكتیك و شیوازی خۆی بۆ خەبات و تێكۆشان دیاری بكا و بە كردەوەی دەربێنێ. هێزە سیاسیەكانی پارچەكانی تری كوردستان ئەگەر بە هەر هۆیەك نەتوانن پاڵپشت و یاریدەدەری هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بن، بە هیچ شیویەك بۆیان نیە بەربەست و كۆسپ بخەنە سەر رێگای ئەم حێزبانە. شێوازی خەبات و قۆناغە جیاوازەكانی خەبات لە هەر پارچەیەكی كوردستان تەنیا لە لایەن خەڵك و حیزبەكانی سەر بەو پارچەیە دیاری دەكرێ.

٥- ئێمە پشتگیری و هاودەنگی خۆمان بۆ هەموو ئەو هێز و پێكهاتە سیاسی و كەسایەتیانە دەر دەبڕین كە تا ئیستا تێكۆشاون بە شیوەیەكی هێمنانە بارودۆخەكە هێور بكەنەوە و كۆنترۆڵی وەزعەكەیان كردوە. لەم ناوەدا دەستپێشخەری پارلمانی كوردستان جێگە و پێگەی تایبەت بە خۆی هەیە و بێگومان دەتوانی هەم بۆ ئەم كێشەی ئیستا و هەم لە هەر گۆنە رووداوێكی داهاتوودا دەور و كارگەری تایبەتی هەبیت.

٦- ئێمە وێڕای دەر بڕینی هاودەردی و هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵە و هاوسەنگەرانی پێشمەرگەی گیانبەختكردووی حێزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و ئارەزووی چاك بوونەوەی هەرچی زووتری بریندارانی ئەم رووداوە، داواكاری ئەوەین سەركردایەتی حدكا بە وریایی و هەستیاری تەواو بەرەورووی ئەم كیشە نەخوازراوە ببێتەوە. لێدوانی كۆنترۆڵ نەكراو لە مێدیا گشتیەكان، نەك هەر چارەسەری كێشەكە نیە بەڵكوو باروو دۆخەكە بەرەو گرژی و ئاڵۆزی زۆرتر دەبات و لە گەڵ بەرژەوەندی بزووتنەوەی خەڵكی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان نایەتەوە.

 

رەوتی سوسیالیستی كۆمەڵە

كۆمەڵەی شۆرشگێر – هێڵی یەكگرتنە

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان