له مێژه کۆچ هاوده‌م‌و هه‌توانی مرۆڤه، مرۆڤ به بێ کۆچ بوونه‌رێکی ده‌ست نه‌خواردووه‌و، ئه‌ده‌ب به گشتی‌و ئه‌ده‌بی کوردیش به تایبه‌تی به جوانی له‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی ژیان تێگه‌یشتووه‌و هه‌میشه کۆچی کردووه‌ته هاوڕێی خۆی. مرۆڤه گه‌وره‌کان‌و به تایبه‌ت ئه‌دیبه دیاره‌کانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک وانه‌‌بێژی مێژوویی‌و مامۆستای هه‌موو گه‌لن‌و دوایین کۆچیشیان پڕه له وانه‌و جوانی‌و په‌ندی گه‌وره. شێرکۆ بێکه‌س ئوستوره‌یه‌کی وا گه‌وره‌یه که به سیاسی‌و بازاڕی‌و باش‌و خراپه‌وه هه‌میشه به سامانی خۆیانیان زانیوه‌و ئه‌زانن، هه‌مووان به بێ جیاوازای‌و جیاکاری هه‌ستیان به بوون‌و زمان‌و داهێنانی ئه‌وروژێت‌و ئارام ئه‌گرن پێی.
شێرکۆ بێکه‌س بۆ مرۆڤایه‌تی‌ له هه‌موو جیهان‌و به تایبه‌ت خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که تا ئێستاش گۆڕه‌پانی ململانێ ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانه، ڕه‌مزی پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌‌و زامنێکی هه‌میشه‌ییش بووه بۆ ئه‌وه‌ی تاکی کوردو هێزی سیاسیی کوردی له پێناو ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانی ته‌نانه‌ت له ژێر گوشاری هه‌مه‌لایه‌نه‌دا په‌نا نه‌باته به‌ر توندڕه‌ویی، هاوکات فاکته‌رێکی گه‌ڕان بووه بۆ خاڵه هاوبه‌شه مێژوویی‌و کولتووری‌و ئه‌ده‌بییه‌کان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی تردا، به‌شداریی چالاکانه‌و هاوکاریی بێکه‌س ی کوڕ له ده‌یان سمینارو فێستیڤاڵی کوردی ڕۆژهه‌ڵات‌و باکوورو ڕۆژاواو به خوێندنه‌وه‌و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ئه‌دیب‌و خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌کانی کوردی به‌شه‌کانی ترو گه‌لان‌و وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر ته‌واوکه‌ری ئه‌و ڕێبازه‌یه که مامۆستا له سه‌ره‌تای لاوێتیدا له شۆڕشی نوێی باشووری کوردستان گرتبوویه به‌ر.
شێرکۆ بێکه‌س له‌و په‌ڕی بوێری‌و جوانیناسیدا له دوایین هۆنراوه‌ی داواکارنامه‌ی خۆی جارێکی تر مه‌رگ به ئارامی‌و ڕه‌نگه‌کانی ژیان ئه‌نه‌خشێنێت‌و ئاسمانی سه‌ر گڵکۆی دواوێستگه‌ی به نه‌مریی ئه‌ستێره ئاسای ڕیز ئه‌کات‌و په‌پووله‌کانی ده‌ربه‌ند چاوه‌ڕێ ئه‌کات تا هاتنه‌وه‌ی نه‌فڕن.

یادی بۆ هه‌میشه زیندووه.

ڕێکخراوی لاوانی پێشڕه‌و
ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
ڕێکخراوی خوێندکارانی پێشڕه‌وی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان

5ی ئاگۆستی 2013
14ی گه‌لاوێژی 1392