By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: 26ی رێبەندان سەرەتای مێژوویەك
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > Uncategorized @ku > 26ی رێبەندان سەرەتای مێژوویەك
Uncategorized @ku

26ی رێبەندان سەرەتای مێژوویەك

ناوەندی ڕاگەیاندن
دوا ئاپدەیت: 2020/02/17 at 9:36 PM
ناوەندی ڕاگەیاندن
هاوبەشکردن
7 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

26ی رێبەندان ساڵیادی گیانبەختكردنی هاوڕێی دامەزرێنەر، هاوڕی حەمە حسەینی كەریمی‌و رۆژی ئاشكرابوونی تێكۆشانی كۆمەڵەیە. ساڵیادی ئاشكرابوونی رێكخراوێك كە بە هەڵسوڕان‌و تێكۆشانی شێلگیرانەی بۆ بەدیهێنانی داخوازییە رەواكانی گەلی چەوساوەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بە ئاڵاهەڵگربوونی ویست‌و داخوازی رەوای كرێكاران‌و زەحمەتكێشان‌و ژنان‌و سەرجەم چین‌و توێژەكانی كوردستان پەڕەیەكی زێڕینی لە مێژووی هاوچەرخی بزوتنەوەی ئازادخوازیی خەڵكی كورددا تۆماركرد.

ئەوەی ئاشكرایە ئەم شانازیی‌و سەرەوەرییەش بەدی نەدهات ئەگەر باشترین پیاوان‌و ژنانی ئەم نیشتمانە لەم رێبازەدا گیانبازییان نەكردایە‌و بۆ كۆتایی هێنان بە ئازار‌و مەینەتییەكانی هەژاران‌و زەحمەتكێشانی كوردستان فیداكارییان نەكردایە. رەنگە ئەرك‌و خەباتی رابەرانی ئەم بزوتنەوەیە لەسەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵە‌و لە بارودۆخێكی پڕ خەفەقان‌و دیكتاتۆری رژیمی پاشایەتی، چارەنوسساز‌و سەرەكی بێت، هەربۆیە هەڵدانەوەیەكی لاپەڕەكانی ژیانی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی كەسانێك وەك هاوڕێی دامەزرێنەر، كاك حەمە حسەینی كەریمی لەم رۆژەدا زیاتر لە گەڵ ماندوونەناسی‌و فیداكاریی‌و خۆنەویستی ئەم شۆڕەسوارەی بزوتنەوەی كوردستاندا ئاشنامان بكات.

هاوڕێ حەمە حسەینی كەریمی ساڵی 1327لە شاری سەقز چاوی بە دنیا هەڵێنا. خوێندنی سەرەتایی‌و دواناوەندیی لە شاری سەقز تەواوكرد‌و بۆ درێژەدان بەخوێندن رووی لە كۆلێژی كشتوكاڵی شاریی كەرەج كرد. لەو رۆژانەدا لە زانكۆكان‌و لە نێو رووناكبیرانی ئێرانیدا مشتومڕو باسە ئایدیۆلۆژییەكان گەرم بوون، یەكێك لەو رێبازانەی كە لەو سەردەمەدا لەوڵاتانی جیهانی سێهەم، لەوانە ئێراندا پەرەی ئەستاندبوو و بووە رێبازی زاڵ بەسەر فیكرو ئەندێشەی روناكبیران، رێبازی ماركسیستی بوو. رێبازێك كە لەو سەردەمەدا وەك تەنیا رێگەی رزگاری نەتەوەكانی ئێران لە ژێر ستەم‌و گەیشتن بەئازادی‌و بەرابەری بوو. كاك حەمە حسەین كە ئاشنای دەرد‌و رەنجی زەحمەتكێشان بوو، لەو سەردەمەدا هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەك لە خوێندكارانی كورد لەزانكۆكانی ئێران بە بیری ماركسیزم ئاشنابوو و بەشداری مشتومڕەكانی دەكرد.

هاوڕێ حەمە حسەینی كەریمی لەو كەسانە بوو كە شێلگیرانە بە شوێن ئەوەوە بوو رێبازێكی دروست بگرێتە پێش كە وەڵام بە‌و تەنگ‌و چەڵەمانە بداتەوە كە ئەو لە ژیانیدا‌و لە دەورەوبەری دەیدی. سەرەڕای ئەمانە لە كوردستان خەبات هەندێك شكڵ‌و شێوەی تایبەتی خۆی هەبوو. ئەوەش خۆی كاری دەكردە سەر بیروباوەڕی كاك حەمە حسەین‌و هەڵسوڕاوانی سیاسی ئەو سەردەمەی كوردستان. هێرشی ساواك ناوبەناو تەگەرەی دەخستە رەوتی خەباتی دوور لە گەشەی تێكۆشەرانی رێبازی رزگاری زەحمەتكێشان، بەڵام دووبارە ئەم رەوتە سەری هەڵدەداوە‌و گەشەی دەكرد. گەلێك باسی دوورو درێژ سەبارەت بە شۆڕش لەئێران، یان رەخنەگرتن لە كوردایەتی بەرچاوتەنگانە لەكوردستان‌و لێكۆڵینەوەی رەخنەگرانە لە بزوتنەوەكانی كوردستان وردە وردە لەباری فیكرییەوە رێگای بۆ بزوتنەوەیەكی تازەبابەت خۆش كرد.

ئەم هەموو ئێعدام‌و گرتن‌و كوشت‌و بڕە نەبووە هۆی پەرش‌و بڵاوبوونەوەی ئەو بزوتنەوەیە. بەڵكو ئەو بزوتنەوەیەی پاڵاوت.ئەوانەی مەیلیان بە ماركسیزم پەیدا كردبوو لێكنزیك بوونەوەو بە دەرس وەرگرتن لە ئەزمونی بزوتنەوەی چەكدارانەی ساڵەكانی 46‌و47‌و لێكۆڵینەوەی رەخنەگرانەی ئەو بزوتنەوەیە لە رۆشنایی ماركسیزمدا، هەنگاویان بەرەو پێش هەڵگرت. هەنگاوێك كەبۆ یەكەم جار گۆڕانێكی بنەڕەتی لە خەباتی زەحمەتكێشانی كوردستان دەبەخشی. ئەم هەنگاوە بنیادنانی كۆمەڵە بوو لە پاییزی ساڵی1348دا. كاك حەمە حسەینی كەریمی یەكێك بوو لەو كەسانەی كە كۆمەڵەیان دامەزراند.

ساڵی 1348 كاك حەمە حسەین ماڵێكی نهێنی گرتبوو كە كتێبخانەی كۆمەڵەی لەو ماڵەدا لە چاوی پۆلیس‌و ساواك رژیمی پاشایەتی دەپاراست. هەرچەند خۆی كەوتە پێشچاوی ساواك‌و گیرا، بەڵام نیهێنییەكانی تەشكیلاتی پاراست‌و پاش 40رۆژ بە بێئەوەی هیچ بدركێنێ ئازادكرا. كاك حەمە حسەین بەهاری ساڵی 1350 پاش تەواوكردنی زانكۆ هاتەوە بۆ مەهاباد‌و لەوێ بە هۆی «سپاە ترویج»ەوە گەلێك سەفەری بۆ دێهاتەكان كرد‌و زیاتر لەگەڵ دەرد‌و ئازارەكانی میللەتەكەیدا ئاشنابوو. كاك حەمە حسەین بە هۆی رەفتاری بەرزی خۆیەوە پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ خەڵكی ئەو ناوچانەدا پەیدا كردبوو و زەحمەتكێشانی «شاروێران»‌و «مەحاڵ»‌و «مەنگوڕایەتی» گەلێك خۆشیان دەویست. پاش تەواوبوونی دەورەی سەربازیی لە جادەی بۆكان میاندواو دەستی دایە كرێكاریی. شێلگیربوون‌و كارو زەحمەتی ئەو هاوڕێیە لێرەشدا زۆر زوو كردیە خۆشەویستی كرێكاران‌و وەها بوو بە جێگای باوەڕ‌و متمانەیان كە لەمانگرتنێكدا ئەویان بە نوێنەری خۆیان هەڵبژارد.

پاییز‌و زستانی ساڵی 1356 لە شیركەتە ساختمانییەكانی تاراندا كرێكاری دەكرد‌و بەهاری ساڵی 1357 گەڕایەوە بۆ كوردستان‌و بە ناوی «وەستا ساڵە» لە میراوێی ناوچەی سەردەشت ژیانی خەباتكارانە‌و زەحمەتكێشانەی بە شێوەیەكی زۆر پەیگیر‌و نهێنی درێژەپێدا. وەستا ساڵە بەهۆی كردەوەی شۆڕشگێڕانەیەوە زۆر زوو باوەڕ‌و متمانەی زەحمەتكێشانی شارو لادێی بۆ لای خۆی راكێشا. كاك حەمە حسەین لە “شیركەتی سەهامی زەراعی شاروێران” یارمەتی خەباتی زەحمەتكێشانی ئەو مەڵبەندەی دەدا‌و بەیاننامەی بۆ دەنووسین‌و هاوخەمی دەرد‌و ئازارەكانیان بوو.

لەو ساڵەدا‌و پاش گشتگیربوونی بزوتنەوەی جەماوریی خەڵك لە هەموو شارەكاندا، هاوڕێ حەمە حسەینی كەریمی بە بڕیاری كۆمەڵە بۆ شاری سەقز گەڕایەوە تا خەباتی جەماوری خەڵكی ئەوشارە رێكبخات. لەو ماوەدا لە كۆبوونەوە جەماوەرییەكان خەڵكی ئەو شارەدا بەشداری دەكرد‌و خۆی لە ناودڵی خەڵكی ئەو شارەدا جێكردەوە. رۆژی 22ی رێبەندان دەریای بەرینی جەماوەریی راپەڕیوو دژ بە رژیمی پاشایەتی پەهلەوی گەیشتە لووتەكە‌و لە لایەن خەڵكەوە تەواوی دامودەزگا سەركوتكەرەكانی حكومەتی پاشایەتی دەستی بەسەرداگیرا. لەو رۆژەدا كاك حەمە حسەین لە كاتی رابەری كردنی هێرشی لاوان شار بۆ سەر شارەبانی سەقز، بەگوللەی بەكرێگیراوانی رژیمی شا پێكرا. 3 رۆژ بەو برینەوە لە نەخۆشخانە بوو. لاوانی شۆڕشگێڕو چەكداری شاری سەقز كە شارەبانی شاریان چەك كردبوو و خۆیان نەزمی شاریان بە دەستەوە گرتبوو، لە دەرەوەی نەخۆشخانە نیگابانیان دەدا‌و ئە‌ویان وەك گلێنەی چاویان دەپاراست. كاك حەمە حسەین بە ورەیەكی بەرزەوە سێ رۆژ دەستەو یەخەی مەرگ بوو ‌و هەركات دەهاتەوە سەرخۆ سرودی دەخوێند‌و دڵخۆشی هەواڵپرسانی دەدایەوە. بەڵام بەداخەوە برینی قورس‌و كاریی، پاش 4 رۆژ بووەهۆی مەرگی ئەم هاوڕێ شۆڕشگێڕە.

كاك حەمە حسەین ئێوارەی رۆژی 26ی رێبەندان ساڵی 1357 دوایین سروودی خۆی خوێند‌و بیرەوەرەی كردەوەی ئینسانی شۆڕشگێڕانەی خۆی بۆ ئێمە بەجێهێشت. لە رێوڕەسمی رێزگرتن لە یادی هاوڕێ حەمە حسەینی كەریمیدا راگەیاندنی مەوجودیەتی ئاشكرای كۆمەڵە بڵاوكرایەوە‌و رۆژی 26ی رێبەندان، رۆژی گیانبەختكردنی هاوڕێی دامەزرێنەر هاوڕێ حەمە حسەینی كەریمی بە رۆژی كۆمەڵە ناسرا، رۆژێك كە كرێكاران‌و زەحمەتكێشان‌و خەڵكی زۆرلێكراو لەكوردستان بە پەیمانی درێژەدانی خەبات، یادی دەكەن‌و رێزی لێدەگرن.

كاك حەمە حسەین لە نوسینی گەلێك نوسراوە‌و بەیاننامە‌و بڵاوكراوی كۆمەڵەدا هاوكاری كرد. بەڵام سێ نوسراوەشی هەیە كە هەر خۆی نووسیویەتی ئەمانەن: «شیركەتە سەهامییە زەراعییەكان»، «هەندێك ئەزمون لەخەباتی جەماوەریی» كە هەر ساڵی 1352 نوسیویە‌و هەروەها نوسراویەكی تر بەناوی «ئەی قەرە‌و وەرزێرانی شیركەتە سەهامییە زەراعییەكان یەكگرن».

ناوەندی ڕاگەیاندن 2015/03/05
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر راگەیاندنی رێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد بە بۆنەی 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژنەوە
بابەتی دواتر ئەندازیار حسەینی كەریمی، سیمایەكی درەوشاوە / رەشاد مستەفا سوڵتانی

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?