وەفدێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەشداری پانزەمین دانیشتنی “كۆنگرەی نەتەوەیی  كوردستان”یان كرد‌و پەیامی كۆمەڵەیان ئاراستەی كۆنگرە كرد.

رۆژی هەینی 25/9/2015 دانیشتنی پانزەی كۆنگرەی نەتەوەی كوردستان (كەنەكە) لەبروكسێل بەڕێوەچوو و  هاوڕێ كەیوان سەنایی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی‌و هاوڕێ ئەمیر مسباح راوێژكاری كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، بەشداریی ئەو كۆنگرەیان كرد‌و پەیامی كۆمەڵەیان پێشكەش بە كۆنگرەی (كەنەكە) كرد.

دەقی پەیامەكە:

بەڕێزان بەڕێوەبەران و ئەندامانی پانزدەهەمین کۆنگرەی نەتەوەیی

لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەکەتان لێدەکەین. هیوادارین لە ئەرک و کارەکانتان سەرکەوتوو بن. زۆر سوپاس بۆ ئەوەی ئێمەتان بانگهێشت کرد.
ئەوڕۆ کوردستان بە بارودۆخێکی ئاستەمدا تێپەڕ دەبێ. لە لایەک، بزوتنەویەکی بەرینی جەماوەریی بۆ ماف ئەستاندن لە مەیدان دایە، بە تایبەتی باکوری کوردستان رووبەرووی هێرشێکی دڕندانە بۆتەوە، لە هەڕێمی کوردستان دەوڵەتێکی کوردی دامەزراوە کە چقڵی چاوی دوژمنانە، لە ڕۆژئاوا خەباتێکی گەرموگوڕ لە ئارا دایە و جۆرێک لە خۆبەڕیوەبەری خەڵکی پێی گرتوە، سەرەرای دڕندەیی کۆماری ئیسلامی، خەباتی فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵات لەم دەیەی دواییدا زۆر پێشوەچونی گەورەی وەدەست هێناوە، ڕۆژ نییە تێکۆشەرێک لەم بەشە لە سێدارە نەدرێ و خەبات هەر بەردەوامە. لە لایەکی دیکەوە کوردستان لە ڕۆژئاوا و باشور گیرۆدەی شەڕی بێ بەزەییانە و نائینسانانەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆتەوە، هەموو دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان هەریەکەو، بە شێوازێک، بۆ ئەستاندنەوەی دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان خەریکی پیلانگێڕین.
لە راستیدا هەم هەلی باش لە رێماندایە بۆ پتەوکردنی دەسکەوتەکان و سەرکەوتن، هەم مەترسی گەورەش بۆ سڕینەوەیان رووی تێکردوین. ئا لەم ساتەوەختەدا با بە کەمیش بێ، بەڵام شاهیدی سەرهەڵدانی ناکۆکی ناوخۆیین لە هەموو بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، چ لە هەر بەشە و چ لە نێوان بەشە جیاوازەکانی ئەم بزوتنەوەیە. دەوڵەتانی داگیرکەر بە وردی و بە پیلانگێڕی تەواو کار لەسەر ئەم کەلەبەرانە دەکەن و بە بڕوای ئێمە ئەوە دەتوانێ زۆرترین مەترسی بخوڵقێنێ. بۆیە بە تەئکیدەوە ئەم سازەیە و ئەم کۆنگرەیە دەبێ بانگهێشتی تەبایی و یەکتر قبووڵکردن بکات. پێویستە دەنگمان هەڵبڕین دژ بەم ناکۆکیانە هەرچەند بچوکیش بن و، داوای دیالۆگی چڕوپڕی نیوان هێزە سیاسیەکان چ لە پارچەیەک و، چ لە نیوان پارچەکاندا بکەین. حەیفە سەمەری ئەم هەموو خەبات و بەرخۆدانە بە فیڕۆ بدرێ، حەیفە قارەمانەتی شەرڤان و پێشمەرگە و گەلەکەمان لە کۆبانی و باشور و ڕۆژئاوا بە بەرچاوی جیهانەوە تەنیا وەک حەماسەی لێبێ و نەبێتە هۆی سەربەخۆیی. ئەوڕۆ لە هەموو کاتێک زۆرتر پێویستمان بە هاوئاهەنگی و یەکدەنگی و قبوڵکردنی جیاوازیەکانمان هەیە.
ئێمە دڵنیاین ئیرادەی راساوی ئەم گەلە بە سانایی تێکناشکێندرێ و خەیاڵی داگیرکەران خاوە. ئەووڕۆ سەرهەڵدان و خەباتی گەل لە باکور دەیسەلمێنێ کە ئەم ئیرادەیە زیندووە. لە هەمان کاتدا دڵنیاین لە پشتیوانی بیرورای گەلانی جیهان بۆ داخوازیی رەوای گەلەکەمان. پێویستە لێرەدا بە ڕۆشنی ئەم کۆنگرەیە پشتگری لە هەموو بزوتنەوەی کوردستان بە بی جیاوازیی بکات. بە تایبەتی بەرانبەر بە دیکتاتۆری و کوشتاری کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیامی زۆر روون لە کۆنگرەیە چاوەڕوانین.
بەڕێزان! ئازادی گەل بێ وەدیهاتنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای کوردستاندا، تەواو نییە و قابیلی لێ ئەستاندنەوەیە. بۆیە پێداگری لەسەر پەرەدان بە دێمۆکراسی و هەنگاونان بەرەو چەسپاندنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی دەبێ بێتە سەروی ئەرک و بەرنامەمان لە هەموو کوردستان. گەورەکردنەوەی کێشەی ناوخۆیی رێگا لە هەرتکی ئەم ئەرکانە دەگرێ و هەموان و بزوتنەوەکە زیانی لێدەبینین.
لە کۆتاییدا پێویستە سڵاو بنێرین بۆ سەنگەرەکانی بەرخۆدانی پێشمەرگە و گریلا و شەڕوان و سەری رێز دانەوێنین بۆ شەهیدان و پەیمانیان لەگەڵ نوێ بکەینەوە کە وەک گلێنەی چاو ڕێباز و ئامانجیان دەپارێزین. جاریەی کورد لە دەرەوەی وڵات، دەتوانێ زۆرتر بێتە مەیدان و بۆ چەسپاندنی ئەم پڕەنسیپانە دەوری گەورە بگێڕێ و ببێتە نمونەی پێکەوە حەوانەوە و قبووڵی یەکتر.

جارێکی دیکە داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەین
نوێنەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان