37ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە بەشداری شاندێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە وڵاتی سوئید بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەكە ئێوارە رۆژی شەممە 5ی دیسامبەر2015 لەشاری یوتۆبۆری بەڕێوەچوو و هاوڕێیانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان (كومیتەی یوتوبۆری) بە پەیامێك بەشداری ئەو رێوڕەسمە بوون.

دەقی پەیامەكە:

ئامادەبووانی بەڕێز سڵاوی ئێمەتان پێشكەش بێت
سی‌و حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان لە سەر جەم كادرو ئەندامانی ئەو حیزبە‌و لە جەماوەرە بە ئەمەكەی باكوری كوردستان كە هەر دەم بە شێوەگەلێكی جیاواز ئامادەی گیانبازین بۆ وەدسهێنانی ئامانجەكانیان پیرۆز بێت.

پرسی كورد لە باكوری كوردستان و مەینەتیەكانی جیاواز نیە لەو چەوساندنەوەیە كە لە كوردستانی رۆژهەڵات لە ئارادایە. هەر بۆیە لە سی و حەوتەمین ساڵۆەگەری دامەزراندنی پارتی كڕێكارانی كوردستاندا سەری ڕێزو نەوازش بۆ گیانبەختكردووانی ڕێگای ئازادی دادەنەوێنین و خۆمان بە ها‌وخەباتی پارتی كڕێكاران دەزانین.

هەروەها بە تەواوی توانامانەوە پشتگیری خەباتی خەڵكی باكوری كوردستان دەكەین‌و و لێرەوە رایدەگەیەنین كە وەك هەمیشە پرینسیبی هاوخەباتی و هاوچارەنوسی لە بەر چاو دەگرین. بە هەموو جیاوازییە هزری و ڕێكخراوەیەكانیشمانەوە، جگە لە ئەزمونەكانی خەباتی نەپساوەی گەلی كورد لە دژی داگیر كەران، دەستدڕێژی تاریك پەرەستانی ناسراو بە داعش بە تایبەت لە رۆژئاوای كوردستان و خەباتی خەڵكی رۆژئاواو بەرەنگارییان و راوەستانیان لە بەرانبەر شەمشەمەكۆێرەكانی عیراق و شام، بە ئێمە دەڵیت كە یەكگرتوویی و پشتبەستنمان بە هێزی لە بن نەهاتووی خەڵكی كوردستان‌و، یەكتر قبوڵ كردن و فەراهم كردنی زەمینە بۆ پلورالیزمی سیاسی، بۆ دیالۆگ لە پێنا‌و بەرژەوەندی نەتەویی، بە تایبەت لەهەلومەرجی ئاڵۆزی سیاسی و ئابوریی وەك ئەمرۆدا، پێشمەرجی گرنگ و حاشاهەڵنەگرن.

هەر بۆیە دەبێت لە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی لە بەرامبەر دۆژمنان و داگیركارانی كوردستاندا بۆ یەكریزی و ها‌ودەنگی ئۆپۆزیسیۆنی كورد بێوچان و دوور لە بەرژەوەندی حیزبی هەنگا‌و بنرێت، تاكو یەكڕیزی خەڵكی كوردستان مسۆگەر بكرێت. پلامار و هێرشی داعشی سوننی و شیعە بۆ سەر خاك و خەڵكی  كوردستان جاڕێكی تریش بە ئێمەی سەلماند كە دەبێت یەكگرتوو و ها‌وسترادتیژ و یەكدەنگ بین.

ها‌وڕێیان: ئێمە كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان وێرای پشتیوانی لە داخوازی رەوای گەلی كورد لە باكور، دەورو و ڕۆڵی پارتی كڕێكارانی كوردستان و بەرخۆدانی لە خەبات دژ بە كۆنەپەرستان و داگیركاران بەرز دەنرخێنین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانبەختكردووانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری كوردستان دادەنەوێنین و پیرۆزبایی ساڵۆەگەری حیزبەكەتان لێ دەكەین.

سەركەوتووبن .

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كۆمیتەی یوتوبۆری

5/12/2015

Untitled-1 copy