دایە زەهرا كەرەمی، یەكێك لەدایكانی خەباتكاری كۆمەڵە‌و كوردستان، دایكی هاورێیانی گیانبەختكردوو سیروس‌و قاسم ئەمین وەزیری بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان كرد.

بەرەبەیانی ئەمرۆ 25ی سەرماوەز، خاتوو زەهرا كەرەمی، یەكێك لە دایكانی خەباتكاری كۆمەڵە‌و هەڵسوڕاو لەبنكە‌و شۆراكانی گەڕەكان، یەكێك لەدایكانی شۆڕشگێڕ لە شەڕی قارەمانانەی 24 رۆژی شاری سنە، لەو دایكە بەجەرگانەی كە ئازایانە سەدان جار نامە‌و كەلوپەل‌و راپۆرتە نهێنییەكانی لە بازگەكانی هێزە ئەمنییەكان تێدەپەڕاند‌و دەیگەیاندە دەست پێشمەرگە‌و جگەرگۆشەكانی خۆی، یەكێك لەو دایكە ئازا‌و سەربەرزانەی ناو زیندانە تاكەكەسییەكانی پاسداران‌و دایكی دوو كەس لە ئازاترین پێشمەرگەكانی كۆمەڵە، هاوڕێیان سیروس‌و قاسم ئەمین وەزیری بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان كرد.

خاتوو زەهرا كەرەمی لە خەزەڵوەری ساڵی 1317ی هەتاوی لەدایكبوو. لەسەرەتای راپەڕینی 1357‌و پاش ئەوەش لە خەباتی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان هەمیشە لە ریزی پێشەوە بووە. لە بنكە‌و شۆرای گەڕەكەكان، لە شەڕی 24 رۆژی سنە‌و دواترش لە رێكخستنی نهێنی ئەوەی لە توانایدا بوو لەپەیوەندی لەگەڵ پێشمەرگە ئەنجامیدا. لەیەكێك لە چالاكییەكاندا دایە زەهرا كەوتە دەست هێزەكانی سپای پاسداران‌و ماوەی زیاتر لە 40 رۆژ لە ژووری تاكەكەسی زیندانی كرا.

دایە زەهرا دایكی دوو كەس لە كادر‌و پێشمەرگەكانی كۆمەڵە، هاوڕێیان سیروس‌و قاسم ئەمین وەزیری (هاوڕێ سیروس لە رۆژی 24ی پوشپەڕی 1362 لە ئاوای ئەوێهەنگ‌و هاوڕێ قاسم لە رۆژی دووی خەزەڵوەری 1364 لە ئاوای سەركەل لەشەڕ لەگەڵ بەكرێگیراوانی رژیم گیانیان بەختكرد)، هەروەها دایكی هاوڕێ مێهرداد ئەمین وەزیری یەكێك لە هەڵسوڕاوانی سیاسی‌و كرێكاری شاری سنەیە.

كومیتەی ناوەندی كۆمەڵە بەبۆنەی ماڵئاوایی كردنی خاتوو زەهرا كەرەمی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان‌و خەڵكی خۆڕاگری شاری سنە‌و هەموو دایكانی فیداكار‌و هاوڕێیانی كۆمەڵە‌و هاوڕێ مێهرداد ئەمین وەزیری دەكات. بڕواشمان وایە كە لە خەبات‌و خۆڕاگری ئەمرۆ‌و سبەی خەڵكی كۆڵنەدەری كوردستان‌و دوارۆژكەی، ناوو یادی دایكانێك وەك دایە زەهرا بەزیندویی دەمێنێتەوە.

بەرز‌و بەڕێز بێت یادی خاتوو زەهرا كەرەمی

كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
25ی سەرماوەزی 1394
16ی دێسامبری 2015