نوێنەری هەریەك لە لایەنە سیاسییەكانی: كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی دیموكراتی كوردستان‌و سازمانی خەبات لەگەڵ لێپسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتی كۆبوونەوە.

رۆژی 21-4-2016 له‌باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی له‌سلێمانی، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان، به‌ئاماده‌بوونی ئیكرام عه‌لی لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌ كوردستانییه‌كان و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كان پێشوازییان لە نوێنەرانی 6 حیزبی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ بۆ ئاماده‌بووان دواو به‌وردی پێشهات و هه‌لومه‌رجه‌كانی بۆ شیكردنه‌وه‌و رایگه‌یاند: هه‌لومه‌رج و پێشهاته‌كانی قۆناغه‌كه‌ واده‌خوازێت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كێشه‌و قه‌یرانه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ن و یه‌كڕیزی خۆیان پته‌وبكه‌ن بۆئه‌وه‌ی به‌یه‌كگرتووییه‌وه‌ روبه‌ڕووی ئه‌گه‌رو گۆڕانكارییه‌كان ببنه‌وه‌. روونیشكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی له‌هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌م پێناوه‌دا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی حیزبەكانی رۆژهەڵات بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای هەرێم‌و عێراق‌و دۆخی ئێستای حیزبەكانی رۆژهەڵات، باسیان لە چەندین گرفت‌و كێشە كرد كە بوونەتە ئاستەنەگ لەبەردەم كارو چالاكییان لە هەرێمی كوردستان.

له‌وڕووه‌وه‌ لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ هه‌رێمی كوردستان په‌ناگه‌یه‌كی ئارامه‌ بۆ كوردانی به‌شه‌كانی تری كوردستان و ئه‌وان لێره‌ میوان نین به‌ڵكو له‌نیشتمانی خۆیاندان.

راشیگه‌یاند: ئه‌مجۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ به‌گرنگ ده‌زانین بۆ زانینی تێڕوانین و بۆچوونی یه‌كتری له‌باره‌ی بارودۆخه‌كانه‌وه‌.