بە داخەوە ئاگادار كراینەوە حاجی سمایل ئاغای ئێلخانیزادە، باوكی هاوڕێ عومەری ئێلخانیزادە، سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەشاری بۆكان ماڵئاوایی لە ژیان كرد.
حاجی سمایل ئاغا، تاقانەی كۆماری كوردستان، لەكابینەی كۆماری كوردستان وەزیری رێگاوبان بووە‌و بەدوای روخانی كۆماریش هەموو تەمەنی دژی زوڵم‌و زۆری داگیركەران‌و خەمخۆری خەڵكی چەوساوەی كوردستان بووە.

حاجی سمایل بەهۆی ژیانی خەباتكارانەی بنەماڵەكەی‌و رۆڵەكانیەوە هەموو كاتێك لە ژێر فشاری كۆماری ئیسلامیدا بووە، بەڵام سەربەرز ژیاوە‌و سەری بۆ هیچ كەس‌و لایەنێك دانەنەواند. ئەو یەكێك لەخێرخوازانی شاری بۆكان‌و ناوچەكە بووە‌و لە دروستكردنی قوتابخانە‌و خوێندنگاكان دەستێكی باڵای هەبوو و هەموو كات خەمخۆری خەڵكی ناوچەكە بووە.

حاج ئیسماعیل سەرەڕای تەمەن و رۆژەکانی کۆتاییش، لە خوێندنەوە و بەدواداچون بۆ هەواڵ و رووداوەکان دانەبڕاوەو لە سەردەمی کۆماری کوردستانیش لە گۆڤاری نیشتمان بە ناوی خوازراوی (پشتیوان) وتار و بابەتەکانی بڵاوکردوەتەوە.

بەداخەوە ئەمرۆ یەكشەممە 2ی جۆزەردان، حاجی سمایل ئاغای ئێلخانیزادە لە تەمەنی 114 ساڵی لە شاری بۆكان ماڵئاوایی لەژیان كرد.

بەم بۆنەوە لەلایەن هەموو ریزەكانی كۆمەڵەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هاوڕێ عومەری ئێلخانیزادە‌و سەرجەم بنەماڵەكەیان‌و خەڵكی خۆشەویستی شاری بۆكان دەكەین‌و هیوادارین دواخەمی ژیانیان بێت.

كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
2ی جۆزەردانی 1395 – 22/5/2016