سپاس و پێزانین

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، کەسایەتی و حیزبە سیاسیەکان، دۆستان، ئازیزان و هاوڕێیان!

مەرگی حاج سمایل ئاغا ئێلخانیزادە، هەم وەک باب بۆ ئێمە ناخۆش و بە ژان بوو، هەم بە هۆی تێکۆشان و خەباتێک کە هەر لە کۆمەڵەی ژێکاف تا کۆماری کوردستان هەی بووە و ئەزمونی دەورەیەکی بزاوتی رزگاریخوازی کوردستانی لابوو، خەسارێکی گەورە بوو. حاج سمایل ئێلخانیزادە نە بۆ رژێمی پاشایەتی و نە بۆ کۆماری ئیسلامی سەری دانەنواند، وەک زۆرێک لە بنەماڵەی پێشمەرگە ڕەوانەی تاراوگە کرا، مڵک و ماڵی لێ زوەت کرا، بەڵام بۆ تاقە جارێک بۆلەی بەسەر من و زێنەبی خوشکمدا نەکرد. قەت نەیهێشت دوژمنانی خەڵکی کوردستان پێی دڵخۆش بن یان کزی و خەم بە ڕوخساریەوە ببینن. ئەوانەش رازی وەدەستهێنانی ئەو رێز و جێگایە بوو کە لە ناو خەڵکدا پەیدای کرد.

ئێوە وەک هەمیشە نیشانتان دا کە هەرکەس خزمەتی بە گەل و نیشتمان کردبێ، لە بیری ناکەن، ڕێزی لێدەگرن و، بە داگیرکەرانی کوردستانی نیشان دەدەن کە لەگەڵ تێکۆشەران هاوسۆزن و بە گەورەیی دەیانگرنە ئامێز. لەم دە ڕۆژەشدا دیتمان هەم بۆ حاج سمایل ئاغا و، هەم بۆ خەباتی پێشمەرگایەتی من و زێنەبی خوشکم، چەند بە وەفا بوون و گەورەییتان نواند. سپاستان دەکەین و سەربەرزین کە لە ناو خەڵک و دۆست و وەها هاوڕێیانێکدا هەین و بە دایم وانەی ئەمەگ و یەکگرتووییان لێ فێر دەبین. سپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بە تەلێفون، کورتەنامە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بە ئیمایل یان بە سەردان بۆ لامان، بەسەریان کردوینەوە. دەبێ بە گەورەیی خۆتان بمانبورن کە بەشێک لەو تەلێفون و پەیامانە، وڵامدانەوەیان وەدرەنگ کەوتبێ. گەلێک سپاس بۆ گەلی خۆمان لە ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی خەڵکی شاری بۆکان و دەوروبەر، کە بەوپەڕی وەفا و وشیاری لە کوردستان تا تاران لە کۆڕی پرسە و ماتەمین بەشدارییان کرد. سپاس بۆ هاوڕێیانی حیزبی، بۆ دۆست و تێکۆشەرانی باشور، باکور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و هەندەران و تاراوگە کە بە گەرموگوڕی لە کۆڕی یادکردنەوەی تێکۆشەرێکی کۆنی رێبازی ڕزگاری کوردستان چ لە رێوڕەسمەکانی بارەگای پێشمەرگەکانی کۆمەڵە ، چ لە ناوخۆ و، چ لە دەرەوەی وڵات، بەشدار بوون. هیوادارین بتوانین وڵامی ئەو گەورەیی و لوتفەتان بە خزمەتی زیاتر بە خەڵک و بە شۆڕش بدەینەوە.

ماڵتان ئاوەدان، سایەتان بەردەوام، سەرتان بەرز و هەمیشە دور لە دەرد و خەمان بن.