دوێنێ سێشەممە بە بۆنەی رۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە‌و، بە بەشداری ئەندامانی سەركردایەتی‌و ژمارەیەك لە كادر‌و ئەندامان‌و پێشمەرگەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان رێوەڕەسمێك لەسەر گڵكۆی هاوڕێیانی گیانبەختكردووی گوردانی شوان لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

سەرەتای رێوڕەسمەكە بە سرودی بانگەواز، سرودی رەسمیی كۆمەڵە‌و چەند ساتێك بێدەنگی بۆ یادی هاوڕێ سەعیدی موعینی ناسراو بە كاك خانە وەك یەكەم پێشمەرگەی گیانبەختكردوی كۆمەڵە‌و سەرجەم گیانبەختكردوانی كۆمەڵە دەستی پێكرد.

دواتر هاوڕێ رەزا كەعبی، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەم بۆنەوەی چەند وتەیەكی پێشكەش كرد. هاوڕێ رەزا لە قسەكانیدا بە خستنەڕووی ناوبانگی پێشمەرگەی كۆمەڵە كە بەهۆی فیداكاری‌و قارەمانییەكانی لەبواری خەباتی سیاسی‌و چەكدارانە بووەتە خۆشەویستی هەموو خەڵكی كوردستان، پیرۆزبایی ئەم رۆژەی لە هەموو بنەماڵەی گیانبەختكردوانی كۆمەڵە‌و زیندانیانی سیاسی‌و سەرجەم خەڵكی ئازادی خوازیی كوردستان كرد.

رێوەڕەسمەكە پاش خوێندنەوەی یادنامەی هاوڕی سەعیدی موعینی ناسراو بە كاك خانە، وەك یەكەم گیانبەختكردوی كۆمەڵە‌و چەند پارچە شیعرێك كۆتایی پێهات.