هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، لەم گفتوگۆیەی رۆژنامەی ئاوێنەدا دەڵێت “ئێران دەڵێت سعودیە لەپشت ئەو روداوانەوەیە، پێموانیە نە عەرەبستانی سعودیەو نە پارتی بتوانن رێنوێنی حزبی دیموكرات بكەن”.

ئا: بنار هیدایەت

ئاوێنە: ئایا ئێوە پشتگیری لەو چالاكییانە دەكەن كە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەنجامیدەدات یان سەرنج‌و تێبینیتان لەسەری هەیە؟
عومەر ئیلخانی زادە: بەگشتی هەركام لەحزبەكانی كوردستان دژایەتی رژێمی ئێرانیان كردبێت باقی حزبەكانی تر پشتگیرییان كردوە، هەركەس‌و پارتێك دژایەتی كۆماری ئیسلامی ئێران بكات ئێمە پشتگیری دەكەین، ئەمە جیاوازە لەهەر شتێكی تر. دەمێنێتەوە سەر خەباتی چەكداری لەئێراندا، پێمانوایە ئەمە بەیەك لایەن‌و دو لایەن جێبەجێ ناكرێت، دەبێت هەمومان بیری لێبكەینەوەو خەباتێكی جەماوەری گەرم لەكوردستانی ئێران ببوژێنینەوە. ئێستا پێشمەرگەمان ئامادەیەو مەفرەزەمان لەكوردستان هەیە، پێدەچێت سبەینێ‌و دو سبەی تێكهەڵچون دروست ببێت یا هەر نەبێت، پێشمەرگەكانمان جموجۆڵی خۆیانكردوە لەرۆژهەڵات، ئەگەر بمانەوێت خەباتەكە بگوازینەوە دەبێت سەرجەم حزبەكانی كوردستانی ئێران ئامادەییان هەبێت‌و هەماهەنگی یەكتری بكەین.

 

ئاوێنە: بۆچی ئەم جموجۆڵانەی حدكا لەرۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لەسنورەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتییەوە نزیكن؟
عومەر ئیلخانی زادە: ئێران دەڵێت سعودیە لەپشت ئەو روداوانەوەیە، پێموانیە نە عەرەبستانی سعودیەو نە پارتی بتوانن رێنوێنی حزبی دیموكرات بكەن، حزبەكانی رۆژهەڵات بەرنامەی خۆیان هەیە، پێشترو ئێستاش دەیڵێینەوە دەبێت پێشمەرگەكانی كوردستان لەگەڵ خەڵكانی رۆژهەڵات پەیوەندییان هەبێت، ئەوە بەبچوككردنەوەی حزبەكانی كوردستان دەزانم ئەگەر پارتی‌و سعودییە ئەو كارانەمان پێبكەن، ئەوە كارێكە چەندین ساڵە دەیكەن، 23 شەهیدمان دا هەتا ئەم ساڵانەی پێشو، بەردەوامیش دەبین، ئەو جموجۆڵانە لەسنوری پارتی نیە، سەردەشتە لەسنوری یەكێتییە، مەریوانە سنوری یەكێتییە، هەركەس بچێتە رەبەت‌و سەردەشت دەبێت لەقەڵادزێوە بچێت، بەڵام ناتوانم لەبابەتی ئەوەی پارتی لەپشت ئەم جموجۆڵانەوە بێت شتێك بڵێم، ئەوە تاوانباركردنی شۆڕشی كوردستانی ئێرانە ئەگەر كەسێك لەپشت ئەو جموجوڵ‌و چالاكییانەوە بێت.

 

ئاوێنە: تائێستا پارتی‌و یەكێتی راستەوخۆ ئاگادارییان نەكردونەتەوە كە پەنا بۆ ئەم جۆرە چالاكییانە نەبەن؟
عومەر ئیلخانی زادە: رۆژی شەممە، شاندێكی پارتی‌و یەكێتی كەپێكهاتبون لەسەعدی پیرەو شێخ جەعفەرو  كەریم سنجاری‌و مەحمود محەمەد هاتبونە زڕگوێز بۆ ئەوەی ئەو چالاكییانە نەكرێت، جۆرێك لەفشاریان دروستكردوە، لەگەڵ حزبی دیموكرات‌و كۆمەڵەش كۆبونەتەوە، ئێران وتویەتی ئێمە بێدەنگ نابین لەوكارانە، ئەوان دێن چالاكی دەكەن مافی ئێمەیە بێین‌و لێیانبدەین، حكومەتی هەرێم‌و پارتی‌و یەكێتی فشارییان لێكردوین چالاكی لەخاكی ئێراندا نەكەین، چونكە بەرژەوەندییان لەخاڵی سنوری هەیە، حاجی ئۆمەران‌و باشماخ‌و پەروێزخانیان هەیە، پێیانوتوین ئێران ئەو سنورانە دادەخات‌و ئەوەش بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانی تێدانیە، ئێمەپێمانوتون ئەو قسانە راستن‌و قبوڵمانە، چەند ساڵە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستانمان پاراستوە، بەڵام چەند ساڵە ئێوە هێزەكانی رۆژهەڵاتان سنوردار كردوە، ئەی بۆ فشار ناخەنە سەر ئێران، بۆ حەشدی شەعبی لەخورماتو چەندین كاری نەخوازراو دەكات، خۆ ئەوانە هەمویان دەستی ئێرانە، ئێمە پێمانوایە حكومەتی هەرێم تاپاڵپشتی هێزەكانی كوردستانی رۆژهەڵات بێت فشاری ئێرانی لەسەر كەمتر دەبێتەوە، بەڕاشكاوی رەخنەكانمان پێوتون، شاندەكە قبوڵیان بو كە كەمتەرخەمیان هەبوە.

 

ئاوێنە: دەوترێت توركیا چەك و تەقەمەنیتان بۆ دابین دەكات، ئایا ئەمە راستە؟
عومەر ئیلخانی زادە: هیچ كەسێك چەكمان بۆدابین ناكات، دەنگۆی ئەوە هەیە توركیا هاوكارمان بێت، ئێمە وەك كۆمەڵە بچوكترین هاوكاری توركیامان بەدەست نەگەیشتوەو بۆخەڵكی تر ناتوانم قسەی لەسەر بكەم،  چەك لەناو ناچێت، لەبازاڕ چەك‌و تەقەمەنی هەیەو دەیكڕین.

 

ئاوێنە: ئەی پارەتان لەكوێ بو كە چەكی پێبكڕن؟
عومەر ئیلخانی زادە: ئێمە خەڵكمان هەیە، دو ساڵ‌و نیوە حكومەت هاوكارییەكانی لەئێمە بڕیوەو ماوین، ئێمە سەرچاوەی داهاتی خۆمان هەیە.

 

ئاوێنە: پێشبینی ئەوە دەكەن ئەم چالاكییانە ببێت بەشۆڕشێكی گەورە لەكوردستانی رۆژهەڵات؟
عومەر ئیلخانی زادە: پێم وانیە ببێت بەشۆڕشێكی گەورە، چونكە ئێستا كاتی شۆڕشێكی چەكداری بەرفراوان نیە لەئێران، لەبەرئەوەی رژێمی ئێران رژێمێكی بەهێزە، ئێمە بەرەیەكمان نیە لەپشتەوە، شەڕی چەكداری دورنیە لەخەباتی مەدەنی‌و سیاسیی، دەبێت سەرەتا خەباتی مەدەنی‌و سیاسیی گەرموگوڕتر بێتەوە تا شەڕی چەكداری پەرەبسێنێت، بەڵگەیەكی تر ئەوەیە حزبەكانی رۆژهەڵات پرۆژەیەكی هاوبەشیان نیە بەیەكەوە.