پاش نیوەرۆی رۆژی شەممە (13 ئاگۆستی 2016) بەبۆنەی 25ی گەلاوێژ ساڵرۆژی دامەزراندنی حیزبی دیموكرات كۆنفرانسێكی سیاسی لە شاری زوریخی سوئیس بەڕێوەچوو كە ژمارەیەك لە هاوڕێیانی كومیتەی كۆمەڵە لەو شارە تێیدا بەشداربوون.

سەرەتای كۆنفرانسەكە لەژێر ناوی “هەستانەوەی رۆژهەڵات‌و راسانی نوێی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران” بەڕێوەچوو، سەرەتا مەنسور عەزیزی كادری رێبەری حدكا، قسەوباسێكی لەسەر تەوەری كۆنفرانسەكە پێشكەش كرد.

لەبەشێكی دیكەی كۆنفرانسەكە هاوڕێ كامەران محەمەدی، لەلایەن كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە پەیامێكی خوێندەوە‌و سەرەڕای پیرۆزبایی یادی دامەزراندنی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، هەروەها بەجەختكردنەوە لەسەر نەهێشتنی پەرتەوازەیی‌و ناهاوئاهەنگی لایەنە سیاسییەكان، پێداگریی لەسەر یەكڕیزی‌و تەبایی نێوان لایەنەكان كردوە.

لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەشدا رێز لەیادی محەمەد عەبدولایی گیرا كە بەم دواییانە لەلایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامییەوە لەزیندان لەسێدارەدرا.