نزیك بە چوار دەیە لە دەركردنی فەرمانی خومەینی بۆ هێرشی بەربڵاوی هێزەكانی سوپا‌و ئەرتەش بۆ سەر كوردستان تیپەڕ دەبێت.

رۆژی 28ی گەلاوێژی 1358، خومەینی فەرمانی جیهادی رایگەیاند‌و بنی سەدری سەرۆك كۆماری ئەو كات فەرمانی بە چەكدارەكانی سوپا‌و ئەرتەش كرد تا خنكاندنی بزوتنەوەی رەوای خەڵكی كوردستان پۆتینەكانیان دەرنەهێنن.

نزیكەی چوار دەیە لە دەستپێكردنی كوشتار‌و سەركوتی خەڵكی گوند‌و شاری كوردستان بەدەستی تاوانكارانی كۆماری ئیسلامی تێپەڕدەبێت، چوار دەیە كوشتار‌و ماڵوێرانی، كوشتنی هەزاران خەڵكی بێ تاوانی كوردستان‌و سپاردنی هەزاران كچ‌و كوڕی ئازادیخوازی ئەم نیشتمانە بە جوخەكانی ئێعدام، وێرانكردنی سەدان گوند‌و بۆردومانكردنی شارەكان بە فرۆكە‌و تۆپخانەكان، قەوماندنی كارەساتی مرۆیی وەك قاڕنێ‌و قەڵاتان‌و دەیان‌و هەزاران تاوان‌و جنایەتی دیكەی كۆماری ئیسلامی لەكوردستان، تەنیا بە ئامانجی بێدەنگ كردن‌و لەباربردنی بزوتنەوەی رەوای خەڵكی كوردستان بوو كە داوای مافە سەرەتاییەكانی خۆیان دەكرد. بەڵام سەركوت‌و كۆمەڵكوژی‌و ئێعدام‌و هەزاران جەنایەتی دیكەی رژیم لەكوردستان نەك هەر نەیتوانی بزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان لەبار ببات، بەڵكو خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان بەردەوام “نا”یان بە حوزوری هێزەكانی رژیم لە كوردستان وتووە‌و دژی داگیركارییەكانی رژیم وەستاونەتەوە.

لەماوەی 37 ساڵ داگیركاری كوردستان لەلایەن یەكێك لە فاشیستترین رژیمەكانی سەردەم، بزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان بەردەوام روو لە گەشە بووە‌و هەڵسوڕاوانی سیاسی‌و مەدەنی بە سازدان سەدان ناڕەزایی مەدەنی‌و مانگرتن‌و، بەردەوامبوون‌و راوەستاوبوونی بزوتنەوەكانی كرێكاران، ژنان، مامۆستایان، خوێندكاران‌و باقی چین‌و توێژەكانی كوردستان، ئەوەیان بە كۆماری ئیسلامی سەلماندوە كە سیاسەتی سەركوت‌و كوشتار‌و تۆقاندن‌و خنكاندن لە كوردستان ناتوانێت ورەی خەڵكی كوردستان بڕوخێنێت.

خەڵكی كوردستان سەلماندیان كە نە ئەو كاتیش بە لەسێدارەدانی بەكۆمەڵی لاوەكانی كوردستان بەدەستی خەڵخاڵی جەلاد‌و كۆمەڵكوژیی خەڵكی بێتاوان لەچەندین ناوچەی كوردستان، نەك ئێستاش بە ئێعدام‌و زیندانیكردن‌و راوەدونانی هەڵسوراِوانی سیاسی‌و مەدەنی‌و چالاكانی كرێكاری‌و، بە خوێناویكردنی نانی سەر سفرەی كۆڵبەران‌و خەڵكی زەحمەتكێش، رژیمی ئیسلامی نەیتوانی‌و ناتوانێت بزوتنەوەی حەقخوازانە‌و عەداڵەتخوازانەی خەڵكی كورد لە كوردستانی ئێران لەبارببات‌و بیوەستێنێت.

با 28ی گەلاوێژی ئەمساڵ بكەینە رۆژی یەكگرتوویی‌و هاوكاری زیاتری حیزبە سیاسییەكانی كوردستان‌و لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان‌و دژ بە دەسەڵات‌و داگیركاریی رژیمی ئیسلامی ببینە هاوكار‌و هاوپەیمانی یەكتر. ئێمە وەك كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەم رۆژەدا پەیمان تازە دەكەینەوە تا دەستبەركردنی مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان لەخەبات دژی كۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبین‌و تا دوا هەناسەش بۆ ئازادی‌و رزگاری خەڵكی بەشمەینەتی كوردستان‌و بەدەستهێنانی مافی كرێكاران‌و زەحمەتكێشانی كوردستان خەبات دەكەین، لەم پێناوەشدا دەستی هاوكاریی‌و هاوپشتی بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان‌و ئێران رادەكێشین.

كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
25ی گەلاوێژی 1395 – 15ی ئاگۆستی 2016