بەداخەوە رۆژی 10ی مانگی سێپتامبر، هاوڕێ موزەفەر بوزورگ پەنا، ئەندامی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەهۆی وەستانی دڵەوە، ماڵئاوایی لەژیان كرد‌و بە كاروانی گیانبەختكردوانی رێگای ئازادی‌و سوسیالیزم‌و رزگاریی بەشمەینەتانی كوردستان پەیوەست بوو.

هاوڕێ موزەفەر بوزورگ پەنا، كادر‌و هەڵسوڕاوی دێرینی كۆمەڵە‌و بزوتنەوەی حەقخوازانەی كوردستان‌و ئەندامی كۆمەڵەی زەحمتكێشانی كوردستان بوو كە لەماوەی ژیانی سیاسی خۆیدا داكۆكیكاری رێبازی كۆمەڵە‌و مافی خەڵكی كرێكار‌و زەحمەتكێشی كوردستان بوو.

هاوڕێ موزەفەر، پەروەردەی نێو بنەماڵەیەكی خەباتكار بوو كە لە شۆڕشی رەوای خەڵكی كوردستان كەسانێك وەك فایەق حەیدەری، فوئاد حەیدەری، ساڵح حەیدەری‌و هەروەها هاوڕێ یەدێ بوزورگ پەنا، برای هاوڕێ موزەفەر گیانی ئازیزیان بەختكردوە.

بەداخەوە هاوڕێ موزەفەر لە سەرلەبەیانی رۆژی 20ی خەرمانان بە هۆی وەستانی دڵەوە لەوڵاتی نۆروێژ ماڵئاوایی لەژیان كرد. مەرگی ناوادەی هاوڕێ موزەفەر خەسارێكە بۆ بزوتنەوەی حەقخوازانەی گەلی كورد‌و بزوتنەوەی چەپ لەكوردستان.

بەم بۆنەوە لەلایەن هەموو ریزەكانی كۆمەڵەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی بوزورگ پەنا‌و هەموو كەسوكار‌و هاوڕێیانی كاك موزەفەر دەكەین‌و هیوادارین دوا ناخۆشی ژیانیان بێت.

كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
21ی خەرمانانی 1395 – 11ی سێپتامبری 2016