شەوی رابردوو هێزی تایبەت‌و پۆلیسی توركیا هێرشیانكردەسەر ماڵی سەلاحەدین دەمیرتاش‌و فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتیكی گەلان‌و هەشت پەرلەمانتاری ئەم پارتە‌و دەستگیریان كردن. ئەم كردەوە دژە دیموكراتیكە، لەدرێژەی بەسەربازیی ‌و پۆلیسیكردنی دۆخی سیاسی توركیایە كە چەندین مانگە پەیڕەو دەكرێت.

پارتی دیموكراتیكی گەلان كە لە رێگەی خەباتی سیاسی‌و مەدەنی بەرگریی لە مافەكانی كورد لەتوركیا دەكات‌و داكۆكیكاری ئازادییە سیاسییەكانە، خاوەنی 59 كورسی پەرلەمانی توركیایە‌و خاوەنی نفوزێكی بەرینە لەكوردستاندا. دەستگیركردنی رابەران‌و پەرلەمانتارانی هەدەپە نەك تەنیا پێشێلكردنی ئاشكرای دیموكراسییە، بەڵكو زیان بەو هەوڵانە دەگەیەنێت كە بۆ تەبایی نێوان كورد‌و تورك لەو وڵاتە دەدرێت.

ئێمە ئەم كردەوە پۆلیسی‌و نادیموكراتییە بەتوندی مەحكوم دەكەین‌و پشتیوانی لەخەباتی مەدەنی‌و سیاسی گەلی كورد لە باکوری کوردستان بۆ دەستبەركردنی مافە نەتەوەیی‌و دیموكراتیكییەكانیان دەكەین. ئێمە خوازیاری ئازادكردنی گیراوەكانی شەوی رابردوو ‌و ئازادی هاوسەرۆكانی هەدەپە‌و سەرۆكی شارەوانی ئامەدین. ئەم شێوازە لە بەرەوڕوبوونەوە لەگەڵ حیزبە سیاسییەكان، رۆژنامەكان‌و هەڵسوڕاوانی مەدەنی، بێگومان ئیرادەی خەڵك بۆ ئازادی نەك لاواز ناكات، بەڵكو خەباتیان بۆ بەدەستهێنانی مافە دیموكراتییەكان بەهێزتر دەكات. خەڵكی تورك‌و كورد لەتوركیا خوازیاری پێكەوەژیانی ئاشتیانەن‌و بەدڵنیاییەوە دروستبوونی دیكتاتۆرییەكی نوێ قبوڵ ناكەن.

كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
4ی نۆڤامبری 2016- 14ی خەزەڵوەری 1395