ئەمرۆ دووشەممە 8ی سەرماوەزی 1395ی هەتاوی، رێكەوت لەگەڵ 28ی نۆڤامبری 2016ی زاینی، وەفدێكی حیزبی دیموكراتی كوردستان سەردانی ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەیان كرد.
وەفدی میوان بە سەرپەرستی بەڕێز مستەفا مەولودی، جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستان لەلایەن وەفدی كۆمەڵەوە بە سەرەپەرستی هاوڕێ عومەر ئێخانیزادە سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانەوە بەگرمی پێشوازیی لێكرا.
لەدیدارەكەدا باسێكی چڕوپڕ لەسەر بارودۆخی ناوچەكە‌و گۆڕانكارییەكانی ئێران‌و كوردستان كرا‌و بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئەو دەرفەت‌و مەترسییانەی بەرەو روو بزوتنەوەی كورد لە بەشەكانی كوردستان دەبنەوە، جەخت لەسەر هاوكاری زیاتری حیزب‌و لایەنە كوردستانییەكان كرایەوە.
هەردوو لا لەو كۆبوونەوەیەدا جەختیان لەسەر پێویستی هاوكاریی‌و تەبایی زیاتری پێنج حیزبی سەرەكی رۆژهەڵاتی كوردستان (كۆمەڵەكان‌و دیموكراتەكان) كردەوە‌و سووربونی خۆیان لەسەر پەرەپێدانی زیاتری هەوڵەكانیان بۆ لێكنزیكبوونەوەی زیاتر نیشاندا.
وەفدی حیزبی دیموكراتی كوردستان‌و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە دیدارەكەدا بڕیاریاندا كۆبوونەوە‌و پەیوەندیی نێوانیان زیاتر بكەن‌و هەر دوو لا هەوڵ بۆ لێكنزیك كردنەوەی لایەنە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بخەنەگەڕ.