کۆنفرانسی نۆهەمی کۆمەڵە بە بەشداریی ئەندامانی کومیتەی ناوەندیی و نوێنەرانی ئەندامان و ڕێکخستنەکانی کۆمەلە لە هەموو شوێنەکان، ڕۆژی ٥ خەزەڵوەر ١٣٩٥ هەتاوی یا ٢٥ مانگی نۆڤامبر ٢٠١٦ کاری خۆی دەست پێکرد و دوای بیستنی ڕاپۆرتی کومیتەی ناوەندیی و سێ ڕۆژ کاری چڕوپڕ و باس و دیالۆگی دەوڵەمەند، ئەم خاڵانەی خوارەوەی وەک ڕینمایی سیاسەت و ئەرکی داهاتوو پەسەند کرد:

١. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بنەمای ئابوری وڵات لاواز و ناسەقامگیرە، رژیم ژیانی ئاسایی خەڵکی ئێرانی بە تەواوی هێناوەتە ژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێری ئەمنییەوە. بێکاری و گرانی، دەرد و خەسارە کۆمەڵایەتیەکان، روو لە هەڵکشانێ ڕۆژانەن، بە جۆرێک کە: گشت کۆمەڵگای ئێرانی دڵگران کردوە، کەلەبەری چینایەتی و نائەمنی ئابوریی گەیوەتە بەرزترین ئاستی خۆی، فەساد، تاڵان و دزی دەسەڵاتدارانی ئەو حکومەتە نێوبانگی جیهانی پەیدا کردوە، ڕێکخراوە مەدەنی و سینفیەکان لە ژێر زۆرترین گوشاردان و بەستێنی کاریان لێ بەرتەسک کراوەتەوە، رۆژنامە و گۆڤاری نەیاری رژیم هەموو کپ و بێدەنگ کراون، ئێرانیان کردۆتە زیدانێکی گەورە بۆ ژنان و زۆرترین هەڵاواردن لەسەر ژنان بەڕێوەدەچێ، لاوان زۆرترین بەربەستیان بۆ پێکهێندراوە بۆ گەشەی توانا و بردنەسەری ڕادەی زانستی ئەوڕۆییان، بە ئاشکرا رادەی هەڵاواردنی سەر نەتەوەکانی ئێرانی و ئایینە جیاوازەکان، بە تایبەتی سیاسەتی ستەمی نەتەوەیی بەسەر کورددا لە هەموو دەورەیەک پتر پەرەی سەندوە.
رژیمی ئێران بنیاتنەر و هاندەری فاندامنتالیسمی ئیسلامی، خۆکوژی و تیرۆر و تۆقاندنە لە ناوچەکەدا. ئەم رژیمە بە درێژایی تەمەنی لایەنێکی سەرەکی هەموو بەربەرەکانێ و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە. سیاسەتی فراوانخوازی و داگیرکاری لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی پەیڕەو دەکات و بە تەمایە ڕۆڵی ژاندارمی ناوچەکە وەئەستۆ بگرێ. سیاسەتی ئەو رژێمە شەڕ و ئاژاوە لە دەرەوەی سنورەکان بۆ بەردەوام بوونی سەرکوت لە ناوخۆ بووە. بە ناو ئیسلاحخوازانی ناو دەسەڵاتیش جگە لە ڕاگرتنی خەڵک لە چاوەڕوانیدا و فریودانیان، مانەوەی کۆماری ئیسلامی و یاساکانیان کردۆتە ئامانجی خۆیان و تەنیا ڕۆڵی ئاپاڕاتچی ئەم دەزگای دژە خەڵکیەیان پێیە و چیتر.

کۆنفرانس پێداگر بوو کە بە بێ وەلابردن و ڕووخانی کۆماری ئیسلامی هیچ ڕەوتێکی گۆڕان و هەنگاونان بۆ دێمۆکراسی لە ئێراندا سەر ناگرێ . کۆمەڵە هەموو حەولی خۆی دەخاتەگەڕ تا ئوپۆزیسیۆنی “بەرئەنداز” هێز بگرێ و بۆ ئیتیحادی ئاڵترناتیوێکی دێمۆکراتیک لە ئێراندا هەوڵ دەدات.
٢. لە گشت ئێران و کوردستانیش پتر لە هەر دەورەیەکی دیکە خواستی دادپەروەری و ژیانێکی ئینسانی، بەها دێمۆکراتیکەکان و دژایەتی لەگەڵ هەڵاواردنی رەگەزی و چینایەتی لە ناخی کۆمەڵگادا جێی کردۆتەوە، گەشەی دیاری پێشکەوتنخوازی و بیری سیکۆلار، دەوری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ڕیکخراوە سینفی و ناحکومیەکان و خەباتی کرێکاران کە دەیان چالاکوانیان ڕاپێچی زیندان کراون، مافخوازیی نەتەوە بندەستەکان کە زۆر کەس و چالاکوانیان لەم ساڵانەدا ئیعدام کران، تێکۆشانی لاوان و ژنان کە دەوری بەرچاویان لە سازدانی ناڕەزایەتیە مەدەنی و سیاسیەکان هەبوە، چالاکی رووناکبیران و هونەرمەندان بۆ نواندنی دەوری ئەدەب و هونەر و دەستەبەرکردنی مافە دێمۆکراتیکەکان، دەوری ژینگەپارێزان کە نمونەی پێشکەوتوویی کۆمەڵگان، هەروەها خەباتی ئەو چەند ساڵەی گەلی کوردی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە شەنگاڵ و کۆبانی و هەموو بەشەکانی کوردستان، ئیعتیراز و خەباتی مەدەنی دژ بە رژیم بە بیانوی جۆراوجۆر و لە بچوکترین دەرفەتدا، دیاردەگەلی بەرچاون کە سیمای سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مەیدانەکانی خەباتی گۆڕیوە و پەرەی پێداوە، هەمووی ئەو ڕاستیانە، کۆماری ئیسلامی ناهومێد کردوە و ترسی خستۆتە گیانی چەوسێنەران و زاڵم و دیکتاتۆرەکان.
٣. مافخوازیی نەتەوەیی بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پانتاییەکی زۆرتری بەخۆوە بینیوە، مافی دیاریکردنی چارەنووس و سەربەخۆیی ئیتر هەر مێشک و زەینی گەلی کوردی وەک ئاوات و ئارەزوێک دانەگرتوە، بەڵکوو بۆتە پرسێکی کردەیی لە خەباتی رزگاریخوازانەی کوردستاندا، تەنانەت خەڵکی ئازادیخوازی جیهانیش بە سۆز و پشتگیریەوە رووبەڕوی ئەم پرسە دەبنەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ چارەسەری پرسی کورد سەقامگیری بەخۆوە نابینێ. هەموو ئەوانەی سەروتر باسیکرا وایکردوە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەستێنی بەرین بۆ ڕەوتێکی سۆسیالیستی کوردستانی بڕەخسێندرێ، ڕەوتێک کە پێداگرە لەسەر بەرژەوەندیی جەماوەری چەوساوە و کرێکاران و زەحمەتکێشان، رەوتێک کە لە هامان کاتدا بویرانە بۆ سەرخستنی بزوتنەوەی نەتەوەیی و رزگاریخوازی کوردستان حەول دەدات و بە ئەرکی خۆی دەزانێ، ئەوڕۆ ئەم دوو مەیلە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لێک هەلپێکراون و پێویستییان بەوەیە کە پێکەوە خۆیان لە رەوتێکی سیاسی بوێر، یەکگرتووخواز و ڕاستگۆ بەرانبەر بە خەڵکدا ببیننەوە. کۆمەڵەی زەحمەتکێشان پێداگریی لەسەر یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی هێزی چەپ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و حەولی بۆ دەدات، هەروەها بۆ پێکهاتنی یەکیەتی و سازەیەکی نیشتمانی لە نیوان هەموو هێزە سیاسیەکانی ناو بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەموو حەولی خۆی دەخاتە گەڕ.

٤. دۆخی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زۆر بواردا پێشوەچوونی گرینگی بەخۆوە بینیوە و لە دوو پارچەی کوردستان گەلی کورد خۆی دەسەڵاتی وڵاتەکەی بە دەستەوە گرتووە. خەڵکی کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان بە گەرموگوڕی پشتیوانیان لە بزاوتی گەلی کورد لەو دوو بەشە کردوە. لە هەمان کاتدا بزوتنەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەش سەرەرای دیکتاتۆری و کوشت و بڕ، نەوەستاوە و بە خەباتی مەدەنی و سیاسی رووبەڕووی داگیرکەران بۆتەوە.
ئەوڕۆ بیرورای گشتیی جیهان بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانێتە خەبات و تێکۆشانی ئەم گەلە و سۆزی بۆی هەیە. بڕوابەخۆیی زۆر لەو بزوتنەوەیە و لە کوردستاندا گەشەی کردوە.
لە هەمان کاتدا فاکتەری نەرێنی چ لە باشور و چ لە ڕۆژئاوا بە هۆی ناکۆکی و ناتەبایی هێزە سیاسیەکان مەترسی لەسەر بزوتنەوەی کوردستان دروست کردوە، بە تایبەتی لە ڕۆژئاوا کە هێشتا بە باشی خۆی نەگرتوە. لە حالێکدا کە هاوئاهەنگی پێویست و شیاوی ئەم قۆناغەی خەبات لە نێوان هێزە سیاسیەکانی ناو هەر دوو بەشدا نییە، نیگەرانی و مەترسی لە زەینی خەڵکدا پێکهێناوە. ئەوڕۆ پیویستە باشوری کوردستان لە هەموو کاتێک زۆرتر بەرانبەر بە حکومەتی ناوەندیی لە عیراق یەکدەنگ بێ و یەکریزی خەڵکی کوردستان بپارێزێ. خزمەتگوزاریی پێویست و شیاو بۆ هاووڵاتیان لەم بەشە ڕزگاربووە نییە، ئاکامەکەی ئەوەیە خەڵک هیوا و ئومیدی کەم بۆتەوە بە تایبەتی کە نالێکی هێزە سیاسیەکانیش دەبینن، بۆیە تەنیا یەکگرتووییەکی گشتیی دەتوانێ مەترسیەکانی سەر ئەم بەشە بڕەوێنێتەوە. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کە بێوچان پشتگری ئەو ئەزمونەی کردوە و قوربانی داوە، چاوەڕوانی یەکگرتوویی و تەبایی لە بەرانبەر بەغدا لە هێزە سیاسیەکان هەیە.
هاوئاهەنگی لە نێوان هێزە سیاسیەکان و بزاوتی هەموو بەشەکانی کوردستان نادیارەو، بەردەوامیی پێوەندی پارچەکانی کوردستان و هێزە سیاسیەکانی لە چاو پشتگری خەڵکی هەموو بەشەکان لە یەکتر، لاواز و نەشیاوە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو گرفتەکانیەوە، کەمترین هاوئاهەنگی لە نێوان هێزە سیاسیەکانی دەبیندرێ. ئەو ڕاستیانە فاکتەری نەرێنین کە دەبێ ببیندرێن و بۆ چاککردنیان پێویستە حەولی جیددی بدرێ. لە حالێکدا دوژمنانی خەباتی خەڵکی کوردستان، سەرەڕای ناکۆکی و ململانێیان، پێکەوە دژ بە بزوتنەوەی کورد هاوئاهەنگی و کۆبوونەوەی ئاشکرا و نهێنییان هەیە.
لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە کە هێزە سیاسیەکان لە هەر بەشێکی کوردستان بۆ پێکەوەنانی ئۆرگانێک بۆ هاوئاهەنگی گشتیی بە شێوازی ئاشکرا و تەنانەت نهێنی حەول بدەن. بە تایبەتی کوردی ڕۆژهەڵات زیاتر لە هەموان پێویستی بە وەها سازەیەکە بۆ دروستکردنی چەترێکی هاوکاری لەو هەلومەرجە زۆر هەستیارەی ناوچەکەدا. کۆمەڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە کاری بەردەوامی کردوە و لەسەر سیاسەتی خۆی لەو بوارەدا پێداگری دەکات. هەر وەها ئێمە چەتر و سازەیەک بۆ هاوئاهەنگی لە نیوان هەموو پارچەکانی کوردستان بە پێویست دەزانین و حەولی بۆ دەدەین.

٥. ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەورەیەکی بشێوی و پڕ لە شەڕوشور تێپەڕ دەکات بە جۆرێک کە زلهێزە جیهانیەکان ململانێیەکی توند و بێ ڕەحمانەیان بۆ دابەشکردنی دووبارەی کەرەسەی خاو و وەدەستهێنانی بازاڕی ئابووری زۆرتر لەو ناوچەیە، دەستپێکردوە. حکومەتە دەسەڵاتدارەکانی مەنتەقەش هەریەکەو بە جۆرێک، خۆی بۆ وەدەستهێنانی زۆرترین دەسەڵات و قازانج لەم بەشەی گۆی زەوی ساز داوە. بە گشتیی بۆشاییەکی گەورە و ناسەقامگیری دروست بووە کە مەودای ئاواڵە کردوە تا کۆنەپارێزترین رەوتی کوێری مەزهەبی و تاریکبیر ترین گروپەکان وەخۆ کەون و لە لایەن زلهێزە ناوچەییەکانیش پشتگیری بکرێن، بەڵکوو یاسا و ڕێسای هەزار ساڵ لەوەپێش، بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن تا لەو ڕیگایەوە بتوانن پۆتانسیەل و سەربەخۆیی بزوتنەوەی جەماوەریی لە خوارەوە لە ناو بەرن. لە لایەک بێڕەحمی و قەساوەت، لە لایەکی دیکە مالوێرانی، ئاوارەیی، نائەمنی و تێکچوونی بناغەی ژیان و ئابووری، وایان کردوە کە ژیانی ئاسایی و ئەوڕۆیی لە بەشێک لەم ناوچەیە نەماوە و ئینسان و ئینسانیەت بە زەقترین شێوە خراوەتە ژێر پێ بەو هیوایەی بە سپاندنی وەها کەشوهەوایەک، بیری شارستانییەت و ئازادیخوازی بکوژن و بیری هەر سەرهەڵدانێکی جەماوەریی لە خەڵکدا بمرێنن. ئەوڕۆ لەو بەشەی جیهان گەورەترین شەڕی پێشکەوتوویی و تاریکبیری دەبیندرێ و زۆرترین بێڕەحمی دژ بە ئینسانییەت هاتۆتە ئاراوە.

٦. لەم قۆناغە هەستیارەدا کۆنفڕانس پێیوابوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەک بە درێژەی سیاسەتی تەجاوەز و دەستدرێژی لە دەرەوەی سنورەکان، تووشی گرفتی جیددی دەبێ و ناتوانێ و ناهێڵن ببێتە ژاندارمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، لە لایەکی دیکەوە هاوکات لە ناوخۆدا ڕووبەڕوی شەپۆلی پەنگخواردوی ناڕەزایەتی و داخوازیەکانی جەماوەر دەبێتەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا بزوتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پۆتانسیەلێک کە تێیدا بەدی دەکرێ دەرفەتی گرینگی بۆ دەڕەخسێ و پێویستە ئێمە لە ئێستاوە خۆمان بۆ وەها ڕۆژانێک لە هەموو بوارێکدا ئامادە بکەین. بەرزکردنەوەی دیسیپلینی حیزبی و ڕێکخراوەیی، پتەوکردنی کاری رێکخستنی نهێنی، پتەوکردنی رێکخستنی دەرەوەی وڵات و کاری جیددی لە ناو کوردانی تاراوگە و گرێدانی خەبات لە تاراوگە لەگەڵ خەباتی مەدەنی و سیاسی لە ناوەوە، ڕاهێنان و بارهێنانی زۆرتری هێزی پێشمەرگە و ئامادەسازی پێویست بۆ بەرگری چەکدارانە، پەرەدان بە کاری ڕاگەیاندن و مێدیایی لە هەموو مەیدانەکانی دەرەوە، ناوەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، چالاکترکردنەوەی پێوەندیە کوردستانی و دەرەکیەکان لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، مەیدانگەلێک بوون کە کۆنفرانس راسپاردە و ڕێنوێنی بۆیان هەبوو.

٧. تەوەرێکی گرینگی باسەکانی کۆنفڕانس دەوری بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی لەخۆ گرتبوو، پێداگری لەسەر خەباتی کرێکاران، ژنان، لاوان و رێکخراوە مەدەنیەکان کرایەوە. لەم قۆناغەی ئێستای بزوتنەوەی کوردستاندا ئەو بوارانە پێویستە بایەخی زۆرتریان پێبدرێ تا هەم خەباتەکە گشتگیرتر و جەماوەریی ببێتەوەو، هەم ئەوانە مەیدانگەلێکن کە دەوری گەورەیان هەیە لە پێشکەوتنخوازی و سەقامگیریی دێمۆکراسی لە کۆمەڵگادا. زۆر جار دیتومانە کە گرفتی ناو بزاوتی خەڵکی کوردستان بایەخنەدانی پێویستە بەو مەیدان و مەیلانەی ناو کۆمەڵگا کە لە ڕاستیدا دەکرێ و دەتوانن فاکتەری هاوسەنگی بن لە نێوان هێز و مەیلە سیاسیە جیاوازەکاندا و دەوری جەماوەر لە پڕۆسەی سیاسی بەرز بکەنەوە. کۆنفرانس کومیتەی ناوەندیی ڕاسپارد تا کار و ئەرکی رێکخراوەکانی ئەم بوارە گرینگیەکی زۆرتریان پێبدرێ.

٨. کۆنفڕانس دوای بیستنی راپۆرتی کومیتەی ناوەندیی لایوابوو حەولەکانی ئێمە بۆ یەکگرتن لەگەڵ دوو ڕەوتی دیکەی کۆمەڵە کە دیالۆگێگی چڕوپڕمان لە نێواندا بووە و زۆر قۆناغی گرینگمان تێپەڕاندوە، زۆرتر بکرێ. هەروەها پێداگری کرد کە ماوە زەمانی دیاریکراو دابندرێ تا بەسەرئەنجام گەیاندنی پڕۆسەکە و یەکگرتن.

کۆنفڕانسی نۆهەمی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٧ خەزەڵوەری ١٣٩٥ یان ٢٧ نۆڤامبری ٢٠١٦