رۆژی 22ی رەشەمە (12ی مارس) وەفدێكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) سەردانی مقەڕی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەیان لەشاری سلێمانی كرد.

وەفدی میوان بریتی بوون لە بەڕێزان: ئامەد شاهۆ، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پژاك، مەزلووم هەفت تەن، بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆدار‌و رزگار ئیلام ئەندامی پەیوەندییەكان كە لەلایەن هاوڕێیان عەتا ناسرسەقزی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی‌و بەرپرسی پەیوەندییەكان‌و محەمەد حەكیمی، جێگری پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەسلێمانی، پێشوازییان لێكرا.

لەو دیدارەدا قسەوباسێكی چڕ‌و پڕ لەسەر بارودۆخی ناوچەكە‌و بەشەكانی كوردستان كرا‌و تیشك خرایەسەر ئەو كێشانەی لەم دواییانەدا لە ناوچەی شەنگال روویاندا‌و هەردوو لا جەختیان لەسەر لێكنزیكبوونەوەی زیاتر حیزبە كوردستانییەكان كردەوە تا لەم رێگەوە پێش بە هەرچەشنە شەڕێكی نەخوازراوی ناوخۆیی بگیرێت.

لەكۆبوونەوەكەدا هەر دوولا جەختیان لەسەر هاوكاریی زیاتری حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردەوە‌و بڕیاردرا دیدار‌و كۆبوونەوەكانی هەردوولا لەسەر پرسە جیاجیاكان بەردەوام بێت.