ئێستاش ئاسمان بە ترسەوە لە ڕۆژەکانی ناوەڕاستی مارسدا هەوڵی کۆکردنەوەی هەور ئەدات بۆ بارانێکی بەهاری، بەهار بە شەرمەوە ئاوپرژێنی روی وڵات ئەکات و خاکیش بە بێزەوە لێوی باران ماچ ئەکات.

ئێستاش پاش ئەو هەموو ساڵەی کە سروشت هەوڵی خاوێنکردنەوەی جەپەڵکاری پۆخڵ دڵانی داوەو ساڵ لە گەڵ ساڵ بە دڵ ئاواڵەییەوە بە پەنجەی نەرمی باران و تیشکی چاوی هەتاو روخساری ژار لێنیشتووی هەڵەبجەی شتتوەتەوە، هیشتا وەک سوێی زامێک لە ئاوی گۆمەکاندا و لە زوڵفی دارەکاندا بۆنی ئەو ڕۆژە هەست ئەکرێت.

هێشتا لە گوێی سروشتدا دوا قرێشکەی منداڵە ساواکانی عومەری خاوەرەکانی دەنگ ئەداتەوەو هاواری لە گەروودا، مردووی شارێک و گەلێک وەک ماسی دور لە ئاو بە سەر ئاسمانی دونیادا ئەخولێتەوەو بۆ گۆمی گوێیک ئەگەڕێت کە بیسەرێکی یاریدەدەر بێت.

ئەو ڕۆژە جەرگ بڕە کاتیک کە سەدام لە ئاسمانەوە هەڵبجەی ژارباران ئەکرد، کۆماری ئیسلامی ئیرانیش لە خوارەوە دوا کەسەکانی گوردانی شوانی وەک ماسی ژارگەستە لە تۆڕی دژی ئینسانی ئەخست و دوا هەناسەکانیانی ئەبڕی.

بۆیە ئێستاش لە ١٦ مارسدا ترسێک لە هەناسەی هەموو باڵندەکانی وڵات و نیگای تاو و زاری گشت روبارەکان وپێی ڕێگاکانمان و سەری شاخەکاندا ڕەنگ ئەداتەوە.

لە یادی ۲۹مین ساڵڕۆژی کارەساتی دڵ تەزێنی هەڵبجەدا، چەپکەگۆڵی ڕێز و خۆشەویستیی پێشکەش ئەکەم بۆ هەموو قوربانیانی ئەو کارەساتە و سەری ڕێز و نەوازش دائەنوێنم بۆ پێشمەرگە قارمانەکانی کۆمەڵە، هاوڕییانی هەرگیز لە یاد نەچووی گوردانی شوان.
٢٠١٦/٣/١۵