ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەشدارییان لە رێوڕەسمێك كرد كە بە بۆنەی ساڵرۆژی مانگرتنی بەرینی خەڵكی كوردستان لە 23ی گوڵان‌و رێزگرتن لە یادی فەرزادی كەمانگەر‌و هاوڕێكانی ساز كرابوو.

رێوڕەسمەكە لە یوتۆبۆری بەڕێوەچوو كە تێیدا ئەندام‌و نوێنەرانی ژمارەیەك لە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تێیدا بەشداربوون.

لە مەراسیمەكەدا پەیامی كۆمەڵە خوێندرایەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:

بەشداربووانی ئازیز
کەسایەتی و ڕێکخراوە سیاسیەکان
چالاکوانانی مافی مرۆڤ و خەڵکی ئازادیخوازی دانیشتووی شاری یۆتۆبوری
بە ناوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە
بە بۆنەی ڕۆژی ١٩ی گۆلان، ساڵیادی لە سێدارەدانی فەرزادی کەمانگەر و چووار تێکۆشەری دیکەی ڕێبازی ئازادی، بەشداری ئەم کۆبوونەوەیەین.
خەڵکی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حاڵیکدا ئەم ڕۆژە وەکوو هێمایەک لە بەرخۆدان و مۆقاومەتی قارەمانانەی ڕۆڵە خۆشەویستەکانیان لە زیندان دا و لە ئاکامی ڕووبەڕوو بوونەوەی تێکۆشەرانمان لە گەڵ سزای وەحشیانەی ئیعدام لە لایەن ڕژیمی جنایەتکار و کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی، هەڵدەبژێرن کە بە درێژایی تەمەنی نیگریسی ئەم ڕژیمە شاهیدی دەیان و سەدان جنایەتی لەم چەشنە بە دژی بزووتنەوەی ڕەوای شۆڕشگێڕانەو ڕزگاریخوازانەی گەلەکەیان بوون.
لێرەدا کۆ بووینەتەوە کە جارێکی تریش کردەوەی نامرۆڤانەی ئیعدام، کە هەڵقۆڵاوی دڕندایەتی و یاسای دوواکەوتووانە و دیکتاتۆری ڕووتی حکومەتی ئیسلامی ئێرانە، مەحکووم بکەین و بەڵێن بدەین بەرانبەر بە سەرەڕۆیی و دەسەلاتی ملهۆڕ و چەق بەستووی ئیسلامی دا یەک ڕیز و یەک دەنگ بین.
هێز و لایەنە سیاسییەکان و ماف ناسان و ماف خوازان بە هەموو توانایانەوە دەبێ بۆ لەقاودانی جنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و بە ئاگاهێنانەوەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەر جیهان دا بە لێپرسینەوە و گۆشار خستنە سەر دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران، سەرەتا هەوڵ بدەن سزای سێدارە و کۆشتن و بێ سەروشوین کردنی ئینسانەکان، دەس بەجێ لە چووارچێوەی یاسا دژه ئینسانییەکانی بەکارهێنراو لە پێکهاتەی یاساکانی کۆماری ئیسلامی بسڕدرێتەوە و پاشان تاوانباران و بەڕێوەبەرانی ئەم یاسا کۆنەپەرەستانەیە لە دادگایەکە جەماوەری و عادلانە، سزا بدرێن.
هەر بە تەنیا لە ماوە ٤ ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٢٥٠٠ کەس لە زیندانەکانی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا بە بیانوو گەلی جۆراوجۆر حۆکمی ئیعدامیان بە سەردا سەپاوە و لە سێدارە دراون!
هاوڕێان، ئێمە لە حاڵێکدا لێرە کۆ بووینەتەوە کە لە ڕێکەوتی ٢٩ی گۆڵان واتا پاش چەند ڕۆژی دیکە شانۆگەری هەڵبژاردنی بە ناو شوراکانی شارو دێ و سەرۆک کۆماری لە ئێران بەڕێوە دەچێت.
هەر وەک ئاگادارن ماوەیەک پێش ئێستا، ٦ حیزب و لایەنی سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەو شانۆگەرییەی ڕژیمی ئێرانیان بایکۆت کرد. وەرن دەنگتان بخەنە پاڵ دەنگمانەوە با بە بایکۆت کردنی هەمەلایەنەی شانۆگەری هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی و بە یەک ڕیزی و یەک دەنگیمان (نا) یەکی گەورە بە سەرجەم کۆماری ئیسلامی و بکوژانی هاوڕێان و هاوخەباتانی لە سێدارەدراومان ، بڵێن.
بەرزوو بەڕێز بێت یاد و بیرەوەری فەرزادی کەمانگەر و سەرجەم هاوڕێانی گیانبەخت کردوومان.
نا بۆ سێدارە
نا بۆ ڕژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی
کۆمیتەی یۆتۆبوری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان