رۆژی شەممە 6ی جۆزەردان، نوێنەرانی حیزب‌و لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ قسەو باس لەسەر ئەنجامەكانی هەڵوێستی بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییە كۆبوونەوە.

لەكۆبوونەوەكەدا كە نوێنەرانی هەریەك لە: كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی دیموكراتی كوردستان، سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران‌و رێكخراوی كوردستانی حیزبی كوردستانی ئێران – كۆمەڵە (كە لەرێگەی پەیام‌و نوسراوە بەشداربوون) ئامادەبوون، هەڵبژاردنەكانی رابردووی ئێران‌و بایكۆتی هاوبەشی شەش حیزبەكەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە روانگەی جیاجیاوە خرایە بەرباس‌و گفتوگۆ.

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا وردەكاریی كۆبوونەوەكە لەلایەن بەڕێز مستەفا مەولودی، سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستان بۆ میدیاكان‌و خەڵكی كوردستان روونكرایەوە كە گرنگترینیان بریتی بوو لە:

– یەكهەڵوێستی‌و بڕیاری هاوبەشی شەش حیزبی رۆهەڵاتی كوردستان كە بۆ یەكەمجار بایكۆتی شانۆگەری هەڵبژاردنەكانیان كرد، هەنگاوێكی سیاسی ئەرێنی‌و لەجێی خۆیدا بوو. لایەنەكان سەرەڕای ئاماژە بە كەموكورییەكانی میكانیزمی كارو تێكۆشانی هاوبەش، جەختیان لەسەر درێژەدان بە كاری هاوبەش لەداهاتودا كردوەوە.

– سەرەڕای بانگەشە‌و ئامارە فەرمییەكانی كۆماری ئیسلامی سەبارەت بەبەشداری رێژەیەك لە خەڵكی كوردستان لەهەڵبژاردنەكان، ئاشكرا بوو كە رێژەیەكی بەرچاو لەخەڵكی كوردستان بەدەم بانگەوازی حیزبەكانی رۆژهەڵاتەوە هاتن‌و ئامادە نەبوون بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان كە ئەمەش جێگای رێز‌و بایەخ پێدانە.