بەداخێكی زۆرەوە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 18ی جۆزەردان هاوڕێ “هیوا قەدەم خێری” هەڵسوڕاو‌و لایەنگری دڵسۆزی كۆمەڵە بەهۆی رووداوی هاتوچۆ گیانی بەخت كرد.

هاوڕێ هیوا، یەكێك لە رۆڵە شۆڕشگێڕەكانی شاری سەقز بوو كە دەورێكی باڵای لە رێكخستنی رێپێوانە جەماوەرییەكی ساڵی 1383 لەشاری سەقزدابینی‌و هەر لەو خۆپیشاندانەشدا كە ژمارەیەك هاوڵاتی تێیدا شەهید‌و برینداربوون، هاوڕێ هیوا قەدەم خێری بەگوللەی هێزەكانی رژیمی بەسەختی برینداربوو.

هەر بەم بۆنەشەوە لەلایەن كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە لەنەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی چارەسەری پزیشكی بۆ برینەكانی كاك هیوا كرا، كە پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران لەلایەن هێزەكانی رژیمی ئیسلامییەوە دەستگیركرا‌و ماوەی شەش مانگ زیندانی كرا.

هاوڕێ هیوا تا دوا ساتەكانی تەمەنی لەسەر رێبازی كۆمەڵە مایەوە‌و پێداگریی لەسەر مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان كردەوە. بەداخەوە ئێوارەی رۆژی 18ی جۆزەردان دڵە گەورەكەی هاوڕێ هیوا قەدەم خێری لە تەمەنی 31 ساڵیدا بۆ هەمیشە لە لێدان كەوت‌و رۆژی هەینی 19ی جۆزەردان لەنێو ئاپۆرای هاوڕێیان‌و كەسوكار‌و ژمارەیەك لە خەڵكی شاری سەقز، تەرمی هاوڕێ هیوا لە گۆڕستانی ئەو شارە بەخاك سپێردرا.

بەم بۆنەوە لەلایەن هەموو ریزەكانی كۆمەڵەوە پرسە‌و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی قەدەم خێری، هاوڕێیان حەسەن‌و حسەین تەختی‌و سەحەرخانمی خوشكی هاوڕێ هیوا‌و، هەموو كەسوكار‌و هاوڕێیان‌و خەڵكی شاری قارەمانی سەقز دەكەین‌و هیوادارین دوا خەمی ژیانیان بێت.

یادی بەرز‌و رێگای پڕ رێبوار بێت

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
20ی جۆزەردانی 1396