ئەمرۆ شەممە 15/7/2017 كۆبوونەوەی راوێژی یەكێتی نەتەوەیی بە سەرپەرستی كەنەكە‌و بە بەشداری ژمارەیەك لە حیزب‌و رێكخراوە سیاسیەكان لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بەڵام وەفدی كۆمەڵە پاش چەند كاتژمێر بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە شێوازی بەڕێوەبردنەكە شوێنی كۆبوونەوەكەی بەجێهێشت.

پاش دستپێكردنی كۆبوونەوەكە، خوێندنەوەی وتاری لایەنەكان دەستی پێكرد، بەڵام بەهۆی بێ سەرەوبەرەیی یان هەرشتێكی دیكە خوێندنەوەی وتاری نوێنەری كۆمەڵەی زحمەتكێشانی كوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرانی كۆبوونەوەكە دواخرا.

بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەم كارەی بەڕێوەبەرانی كۆبوونەوەیی راوێژی نەتەوەیی، وەفدی كۆمەڵە شوێنی كۆبوونەوەكەی بەجێهشت.

دەقی ئەو وتارەی بڕیاربوو لە كۆبوونەوە بخوێنرێتەوە:

هاوڕییان، بەڕێزان و خۆشەویستان

ئەوڕۆ کە لە کۆبوونەوەی ڕاوێژی نەتەوەیی لە دەوری یەکین پێویستە زۆر رئالیستی نەک تەنیا بە هەست و ئارەزووی پیرۆز، بیر لەوە بکەینەوە کە پێکهێنانی یەکیتی و سازەیەکی نەتەوەیی چی پێویستە و چ ئەرکێک دەکەوێتە سەر شانی هەموان تا ڕێگا بۆ وەها هەنگاوێکی مەزن خۆش بکەین. وەک نوێنەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەو کۆبوونەوەدا ئەو خاڵانەی خوارەوە بۆ سازدانی وەها سازەیەک بە گرینگ دەبینین:
١. یەکێتی نەتەوەیی و پێکهێنانی سازەیەک لە گشت کوردستان لەسەر ئەساسی ستڕاتێژێکی روونی نەتەوەیی بۆ هەموو کوردستان، دەتوانێ سەر بگرێ. ئەوە خاڵی جەوهەری و پاڵپشتی هەموو پێویستی و خاڵەکانی دیکەشە. دەزانین کە هەموو گەلی کورد ئاواتی ڕزگاریی لە سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی دەبێنێتەوە.
بە داخەوە لەو قۆناغەی ئێستادا ئەو ئاواتە لە لای هەندێک تارمایی بەسەر کشاوە، مەنزورمان ئەوە نییە کە هەموو کوردستان یەکبگرێ و یەک کوردستانی سەربەخۆ، تەردید لە بارەیەوە هەیە. هەموومان دەزانین بە درێژایی نزیک بە سەدەیەک دەبێ کە دروشمی خودموختاری، فێدرالیسم و پێکەوە ژیانی هاوبەش لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، سەری نەگرتوە، هیچ قەراردادێک لە گەڵ دەوڵەتانی داگیرکەر سەری نەگرتوە و بە بڕوای ئێمە لە داهاتووشدا سەر ناگرێ و هەرچی بوشە بە حکومەتی هەرێم لە باشوریشەوە کاتیی و بەستراو بە تەرازووی هێزی لایەنی کوردستانی و حکومەتی مەرکەزیەوە هەیە. بۆیە کورد لە کۆماری کوردستانەوە تا وتووێژەکان و تەوافوقاتی باشور لەگەڵ دەوڵەتە جیاوازەکانی عیراق و تا ئێستا لە ڕۆژئاواش نەیتوانیوە بۆ یەک جاریش بڕوا بە سەقامگیریی وەها قەراردادێک بکات.
بە داخەوە ئەوڕۆ لە باری فیکری لەو بارەوە لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان پەرتەوازەییەک دەبیندرێ. تەئکید لەسەر دابەشنەبوونی عیراق و سوریە دەکرێ، لە باشترین حاڵەتدا هەندێک بە نامۆیی دەڕواننە ئیرادەی گەلی باشور بۆ سەربەخۆیی، لە ڕۆژئاوا سوێند بە یەکێتی سوریە دەخۆین. ڕاستە زۆرێک وەها بیر ناکەنەوە و ئامانجی ڕزگاریی و سەربەخۆیی هەر هێژمونی هەیە، بەڵام ئەو دەنگە نەسازانە با بڕێک جا ناروون یان بە مولاحەزاتی دیپلۆماتیک ببیسترێن، بەڵام دڵکرمۆڵی دەخەنە ریزی ئەو بزاوتە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا.
ئێمە تێدەگەین کە ناکرێ هەموو بەشێکی کوردستان ئەوڕۆ دروشمی سەربەخۆیی هەڵگرێ، لەوە حاڵین تا سەربەخۆیی.. دەکرێ هەنگاو و فۆرمی دیکەش هەبن و کەڵکی لێوەرگرین، بەڵام پێویستە هەموومان بە ڕوونی بڵێین کە سەربەخۆیی بە مانای رزگاریی نەتەوەییە، هەرچەند لە هەر بەشەی کوردستان تا گەیشتن بەو ئامانجە دەکرێ فیدڕاڵی یان هەر شیوازێکی دیکەی پێکەوە ژیانیش تەجروبە بکەین. گرینگ ئەوەیە خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەش بزانن کوردستان لە دواڕۆژدا ئاواتی سەربەخۆیی هەیە. تا ئێستا وامان نەکردوە، تاکتیکمان وەک ستراتێژ بەکار هێناوە، نە تەرەفی قەراردادەکانمان باوەڕیان پێکردوین و گەلی خۆشمان ئامانجەکەی لەبەرچاو ون بووە و هەموو وزە و زەینی بۆی نەکەوتۆتە کار.
کە وابێ پێویستە لە هەر کوێ گەلی ئێمە ئیرادەی بۆ سەربەخۆیی و رزگاری نواند، هەموومان پشتی بگرین. لە هەمان کاتدا روانینی خۆمان بۆ ئەرک و پێداویستیەکانی وەها قۆناغێک باس بکەین و ئەوە نابێ بڤە بێ، ئەو دوو ئەرکە با بە روونی لێک جیا بکرێتەوە، جاری وا هەیە کە تێکەڵاو دەکرێن. پێمانوایە دیالۆگ لەو بارەوە پێویستە، چونکوو ناروونی لەو بارەوە هەست پێدەکرێ.
٢. پێویستە لە هەر پارچەیەکی کوردستان و هێزە سیاسیەکانی بۆیان ببێ بە پڕەنسیپ، کە یەکێتی هێزە سیاسیەکانی ناو بزوتنەوەکە ببێتە بنەما بۆ نانی هەر هەنگاوێکی نەتەوەیی. بە بێ دابینکردنی ئەو ئەسڵە و تا کێشە ناوخۆییەکان بە شێوازی دێمۆکراتیک چارەسەر نەکرێن و قبوڵی جیاوازی مەیل و ڕەوتە سیاسیەکان نەکرێ، یەکانگیری مەیسەر نابێ و دڵۆ و کەلێن لەو پارچەیە دەمێنێ و کاریگەریی نەرێنیشی لەسەر هەر هەوڵێکی گشتیی هەموو پارچەکانی کوردستانیش دەبێ. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کەمایەسی دەبیندرێ و زۆرێک لە هێز و سازە سیاسەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بەشدار نین. ئەوە ڕۆژئاوا، باشور، باکور و ڕۆژهەڵات دەگرێتەوە.
٣. یەکێکی دیکە لەو خاڵە پڕەنسیپیانەی کە دەبێ هەموان لەسەری کۆک بن و ڕەچاو بکرێ، دەست تێوەرنەدانی هیچ بەشێکی کوردستان لە بەشەکانی دیکەیە، چ دەسەڵاتی سیاسی پارچەیەکی کوردستان و چ حیزبی سیاسی هەر بەشەی کوردستان پێویستە سەربەخۆیی هێزی سیاسی یان دەسەڵاتی هەر بەشێکی ڕیزی لێبگرێ و تەنیا پشتیوان بێ، دیارە تێبینی و ڕەخنە لە سیاسەت و هەڵوێست ئەوە ناگرێتەوە، مەبەست دەست تێوەرنەدانی ڕاستەوخۆیە، دەنا دەبێ دیالۆگی سیاسی و ڕەخنەگرانە بۆ هەموان قبوڵکراو بێ.
٤. ڕەچاوکردنی بنەماکانی دێمۆکراسی و پابەندبوونی هەموو هێزی سیاسی هەر بەشە و هەموو بەشەکان بەو مەرجە ناسراوانەی دێمۆکراسی، وەک ئازادی ڕۆژنامەگەری و دەربڕینی ئازادی بیر و ڕا، ئازادی پێکهێنان و کارکردنی حیزب و سازەی مەدەنی، بەرابەری مافی ژن و پیاو لە هەموو بوارەکاندا.
٥. قبوڵی ئەوە کە هاوئاهەنگی لە دیپڵۆماسی هێز و دەسەڵاتە کوردیەکان دەبێ هەبێ. نابێ پێوەندی دەرەکی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچە و داگیرکەرانی کوردستان لە لایەن هیچ هێز و بەشێکی کوردستان زیان بگەیەنێ بە بەشێکی دیکەی و لەسەر حیسابی گەلی ئێمە لەو بەشە بێ.
٦. بۆ کۆک بوون لەسەر ئەو خاڵانە پێویستە دیالۆگی بەردەوام لە نێو هیزی سیاسی هەموو بەشەکانی کوردستان پێک بهێندرێ و ئەوە بە سمینار و کۆبوونەوەیەکی بە پەلە و بێ هاوئاهەنگی و ئامادەگی هەموان وەک ئەوەی ئێستا ناکرێ. لازمە سازەیەک بۆ ئەوە هەبێ، ئێمە لەو قۆناغەدا بە باشی دەزانین کە کۆبوونەوەی نێوە نێوە و دیاریکراوی هەموو هێزەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان پێکبهێندرێ کە بۆ ڕاوێژ و دیالۆگی بەردەوام لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی سەروتر بێ. هەمووتان دەزانن سازە و ڕێکخراوی مەدەنی ڕۆژهەڵات بە هۆی دیکتاتۆریەوە ناتوانن لەو مەیدانەدا ئامادە بن. جیا لەوە هەموو سازەیەکی مەدەنی بەشەکانی دیکە لە لایەن هەموانەوە ئەو جێگە و پێگەیان نییە یان ئیمکانی بەشداریان نییە، یان هەر لایەنە و بە سازکردنی چەندین سازە دەکەوێتە کێبڕکێ لەگەڵ لایەنی دیکە کە، ئەوەش نەگونجاوە و هۆکارێکی لێک نزیک نەبوونەوەیە. ئەوڕۆ بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە لایەن هێزە سیاسەکانەوە پێناسە دەکرێ و نابێ پێمانوابێ هەر کەس ئیمکانی زیاتر بوو دەتوانێ بە لەشکرکێشی لەسەر یەکتر یەکێتی پێک بهێنێ.

هاوخەباتان، بەڕێزان!
نزیکەی بیست و پێنچ ساڵ لەوەپێش بە بەشداری هەموومان هەوڵێکی چەند مانگە درا بۆ پێکگەیشتن بە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی، سەری نەگرت و ئەو کەنەکەی ئێستا بە بەشداری زۆرینە لێکەوتەوە، کە بێگومان هەر نوێنەرایەتی لایەنێکی سیاسی دەکات. حەق نییە دوای حدودی چارەکە سەدەیەک کاری ئەو بەڕێزانە کە دڵنیاین دڵسۆز و خەمخۆری کوردستانن لە خۆمان بپرسین بۆ هەتا هاتوە هێز و کەسایەتی سیاسی لێی کشاونەتەوە و تەنانەت جۆرێک ئانتی پاتی لە لایەنگەلێکی دیاری ناو بزوتنەوەکەشدا دروست کردوە. ئایا پێتانوایە وەها سازەیەک کە ئەو ناوەی لە خۆی ناوە و ئەوەش کارکردی نیو سەدەیەتی و نەیتوانیوە وەک سازەیەکی هەموان قبوڵ بکرێ بتوانێ ه ەولەکانی داهاتوو بە ئەنجام بگەیەنێ؟ وڵامی ئێمە بەو پرسیارە نەخێرە، نەک بەو هۆیە کە چالاکوانانی ئەو سازەیە و خودی سازەکە نادڵسۆز، لێنەهاتوو یان ناکاران، بەڵکوو لە دامەزراندنیدا پەلە کرا و تا هاتیش بوو بە بڵیندگۆ و ئامرازی یەک لایەن. ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان هاوکاریی و دۆستایەتیمان لەگەڵ کەنەکە بووە، بەڵام هەمیشەش وتومانە بە کۆنگرەی نەتەوەیی هەموو کوردستانی ناناسین.
بۆیە دڵسۆزانە و بە خەمخۆری بۆ نەبوونی سازەیەکی گشتیی و نەتەوەیی لە کوردستان پێمانباشە ئەو کۆبوونەوەی ڕاوێژکردنە هەلوەستەیەکی جیددی بکات و بیر لە جۆریکی دیکە کارکردن بکەینەوە، چونکوو هەرچەند درنگیشە، بەڵام ئێستا ئامادەیی بۆ سازەیەکی گشتیی نییە و نابێ لێرەوە گەردونەکە بخەینە گەڕ. با بگەڕێنەوە بۆ سەرەتای ئامادەکاریەکانی کە قەرار بوو چارەکە سەدەیەک لەوە پێش بۆ وەها سازەیەک بکرێ و لە بار چوو. ئێمە پێمانوایە ئەو ڕیگایە بگرینە بەر کە پێشتر باسمان کرد و کەسانێکی بێ لایەن رابسپێردرێن کە لەگەڵ حیزبە سیاسیەکان لە هەموو بەشەکان ڕاوێژ بکەن، چار ئەوەیە هێزە سیاسیەکانی هەموو کوردستان بە هەموو جیاوازیەکانیان کۆ ببنەوە و بگەنە نەتیجەیەک.