بە هەواڵی مەرگی مام جەلال گشت کوردستان خەم و ماتم دایگرت. ئەو کەسەی کە لەسەرەتای تەمەنی لاوەتی بێ وچان بۆ رزگاریی گەلێک تێکۆشا، پشتیوانی لە دێمۆکراسی و دادوەریی کۆمەڵایەتی کرد و هاندەر و پاڵپشتی پێشکەوتنخوازیی بوو، ئەو ڕابەرەی ژیرانە هەموانی لێک نزیک دەکردەوە و تەبایی و یەکێتی دێنا. ‎

مام جەلال قەڵای قایمی خۆڕاگری و میعماری شۆڕشی نوێ بوو، مام جەلالێک کە حەولی دا عێڕاقی نوێ ساز بێ و بە دڵگەورەیی و دوربینی چی بۆی کرا کردی تا نەهامەتی روو لە گەلانی عێڕاق نەکاتەوە و پێکهاتەکانی عێراق له جیگای رەق و دوژمنایەتی و شەر، ئاشتیانە پێکەوە بژین.

‎ئەو پێشمەرگەیەی کە تەمەنێک بۆ رووخانی دیکتاتۆری لە عێڕاق شەڕی کردبوو، کرا بە سەرۆک کۆماری عێڕاق، وەک سەرۆک کۆماری نە تەنیا بیری له تۆڵەکردنەوە نەکردەو که ئامادە نەبو تەنانەت حوکمی له سێدارەدانی سەدام که دەیان جار بۆ کوشتنی مام جڵال پیلانی دارشتبو، واژۆ بکات. مام جەلال له بەرامبەر بیرجیاوازان و نەیارانی سیاسی ئەهلی دیاڵۆگ و پێکەوە کاردکردن بو. مام رۆڵی گەورەی گێرا که کوردستان دەورانی شەری ناوخۆیی تێپەر بکات و پێکهاتە سیاسیەکان هەر کام پێگە و دەوری یەکتر قەبوڵ بکەن.

‎ بەڵام مەخابن هەوڵەکانی مام جەلال بۆ عێراقێکی فیدرال و دمۆکرات نەبوو بە دەرفەت و دەرس بۆ نەیارانی کوردستان، جیلی داهاتووی عێڕاق ڕۆژێک دەیسەلمێنن پەندەکانی ئەو سەرۆک کۆمارە پێشمەرگەیە چەندە حیکمەتی تێدا بوو. هەر ئەوە نیشان دەدا کە کەسایەتی مام جەلال چەند بەهێز و چەندە بۆ کوردستان پێویست بوو و بزاوتی کوردستانی بە دنیا دەناساند، ئەوڕۆ بە جەستە لە ناومان نەماوە، بەڵام ئاوات و ڕێبازی تاهەتایە لە مێژوو و خەباتی گەلەکەماندا زیندووە.

‎مام جەلال دۆست، پشتیوان و دڵسۆزی کۆمەڵە و هەموو بزوتنەوەی رزگاریخوازیی لە کوردستان و ناوچە بوو، کۆمەڵە دۆست و پشتیوانێکی گەورەی لە دەستدا کە لە رۆژانی تەنگانە و قۆناغی سەختی خەباتدا متمانەی نێوانمان دروست ببوو.

‎لە لایەن هەموو رێکخستنەکانی کۆمەڵەوە سەرەخۆشی لە هێرۆخان، کاک بافڵ و کاک قوباد و گشت بنەماڵەی تالەبانی دەکەین. هاوخەمی خۆمان بۆ هەواڵانی تێکۆشەری مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی دەردەبڕین و پەیمانی خەبات و تێکۆشانیان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە، هەروەها سەرەخۆشی لە تەواوی خەباتکارانی کوردستانی باشور و هەموو گەلی کوردستان دەکەین.

‎بەرز و بەڕێز بی یاد و ڕێبازی مام جەلال

‎کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

‎٣. ١٠. ٢٠١٧ زایینی