پاش نیوەرۆی دووشەممە 6ی سەرماوەز، وەفدێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان (YNDK)ی كرد.

وەفدی كۆمەڵە بریتی بوون لە هاوڕێیان: رەزا كەعبی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵە، ئارام مودەرسی بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵە لەهەولێر ‌و حسەین كوڵاهقوچی ئەندامی پەیوەندییەكان، كە لەلایەن بەڕێزان: غەفور مەخموری سكرتێری گشتیی، د. شاخەوان خالید كارگێڕی مەكتەبی سیاسی‌و شاكر هاشم ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانەوە پێشوازییان لێكرا.

لەدیدارەكەدا قسەوباسێك لەسەر بارودۆخی ناوچەكە‌و كوردستان ‌و رووداوەكانی ئەم دواییەی باشوری كوردستان‌و هێرشی چەكدارانی حەشدی شەعبی بۆ سەر چەندین ناوچەی باشوری كوردستان كرا ‌و تاوانەكانی هێزە عێراقییەكان بەرامبەر بە خەڵكی كورد ئیدانە كرا. لە بەشێكی دیكەدا گفتوگۆیەك لەسەر بزوتنەوە‌و خەباتی خەڵكی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان كرا، وەفدی خانەخوێ پشتیوانی خۆیان لە بزوتنەوەی رەوای خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان دووپات كردەوە.

لەكۆبوونەوەكەدا هەر دوولا بۆچوونی هاوبەشی خۆیان لەسەر لێك نزیك بوونەوە‌و هاوكاری زیاتری لایەنە سیاسییەكانی كوردستان نیشاندا‌و جەختیش لەسەر پەیوەندی زیاتری نێوان هەر دوولا كرایەوە.