ماوەیەکی زۆرە ئیعتیراز و ناڕەزایەتی بەرینی جەماوەر ڕووبەڕووی دەوڵەت و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆتەوە. هەموو وەعدە و بەرنامەکانی دەوڵەتی رووحانیش وەک باقی دەوڵەتەکانی بە ناو ئیسلاحخواز جیا لە درۆی رەنگاوڕەنگ و تراویلکە چیتر نەبوو. باری گوزەران و ئابووری خەڵک لاوازتر بووە، گرانی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ روو لە هەڵکشانە، بێکاری بۆتە دەردی بێ دەرمان و پڕ ژانی خەڵک، دەستی دزی و تاڵان درێژ و دیارترە لە جاران، بە گوێرەیەک کە بە ڕەسمیی باسی دیاردەی ماڵخۆری و توێژی گەورەی ماڵخوراوەکان دەکرێ و، پێشنیاری بودجە بۆ ساڵی ١٣٩٧ سیاسەتی دژی گەلی ئەو رژیمەی زەقتر لە پێشوو دەرخست.

نەدانی حەقدەستی کرێکاران، واڵاکردنی دەستی سەرمایەدار و تاڵانچی لە سەریان، نەمانی ئەمنیەتی شوغڵی و… بۆتە هۆی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرینی کرێکاریی لە زۆربەی شوێنەکانی کار. پێداویستی ژیان لە نان و هێلکەوە بیگرە تا سوتەمەنی و بەنزین و… هتد لەو زستانە سەختەدا گران بووە. ئەو حکومەتە بە هەموو دام و دەزگاکانی نیشانیدا کە لە کاتی لێقەومان و کارەسات نەک هەر پشت و پەنا نییە بۆ هاونیشتمانی، دزێکی گەورەشە کە تاڵانچی یارمەتیە دەرەکی و ناوخۆێیەکانە و بازرگانیان پێوە دەکات. گەورەترین قاچاخچی بۆ نەدانی گومرگ، گەورەترین دزیە ماڵیەکان کە رێکۆردی جیهانیان شکاندووە، گەورەترین بازرگانی مادە سڕکەرەکان و زۆرترین پێشێلکارانی یاسایی لە هەموو بوارەکانی بازرگانی و کۆمەڵایەتی هەر کاربەدەستانی حکومەت و ئایەتوڵاکان و دەسەڵاتدارانی حەوزە و حوجرە و ناوەندە مەزهەبیەکانن.

گەورەترین کێشە و نەسازی و بێ وەفایی بەرانبەر بە یەکتر هەر لە لایەن باڵەکانی دەسەڵاتەوە دژ بە یەکدی دەکرێ تا ڕادەیەک کە ئیتر بە خۆشیان کۆنتڕۆڵ ناکرێ و هەموو هەوساریان پساندووە. بێ هیوایی بە داهاتووی حکومەت و ئەو هەموو زوڵم و زۆرە سەرتاپای ئەو دەسەڵاتەی گرتۆتەوە و هەر کەس بۆتە دزی گای خۆی. ئەوەی خۆیان بە یەکتری دەیڵێن و لە یەکی دەزانن، خەڵک نایزانێ و نایڵێ.
ئەو رژیمە ساڵیانی ساڵە بۆتە داڵدەدەری تیرۆر و تۆقاندن لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هیچ گروپێکی تیرۆریستی نییە سەروسەودایەکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نەبووبێ. ئیمکاناتی زۆری لە خەڵکی ئێران بڕیوەو، بۆ دەستدرێژی لە دەرەوەی سنورەکان خستویەتە گەڕو، تەنیا و تەنیا بودجەی هێزی سەرکوتی لە ناوخۆدا بردۆتە سەرێ. گەورەترین دوژمنیی لەگەڵ هەموو دراوسێکانی لە ناوچەدا دروست کردووە و خۆی خستۆتە نێو ئاژاوەیەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمووی بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی نگریسی لە ناوخۆ و بەرگری لە خەباتی جەماوەر بە دژی.

ئێستا دەبینین کە خەباتی جەماوەر بەشێک لە شارەکان و ناوەندی کاری گرتۆتەوە. بە پێچەوانەی جاران بە ئەلاهوئەکبەڕ و دروشمی مەزهەبی خەڵک نارژێنە سەر شەقام، هیوا دەرنابڕن بە لایەنێکی دەسەڵات،بە ئاشکرا دژی ئاژاوەنانەوە و دەستدرێژی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنورەکانن و رووخانی رژیمیان دەوێ. هەموو ئەو دیاردانە دەریدەخەن کە ئێران بەرەو پەرەسەندنی ئیعتیرازات و ئاڵۆزی دەچێ. سیاسەتی دەرەکی ئەو رژێمە لە ناوچە و نە لە بواری نێونەتەوەیی ئیتر قبوڵ ناکرێ، کێشەکانی ناوخۆی دەسەڵات وەها پۆنگی خواردوە و سەرڕێژ دەکات کە پێناچێ بتوانن هێوری کەنەوە یان کۆنتڕۆڵی بکەن. لە ڕاستیدا سێ فاکتەری ناڕەزایی خەڵکی، دارمانی سیستمی دەسەڵاتداری و تەریککەوتنەوەی دەرەکی دەستیان داوەتە دەستی یەک و لە یەک کاتدا هەر سێ دیاردە روەو زیادبوون و پەرەسندنن. گشت نیزامی کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە بەر پەلامار و قەیرانەکانی گەیشتۆتە گەورەترین ئاست.

هەموو ئەو ڕاستیانە ئەرکێ نوێ دەخاتە بەردەم بزوتنەوەی دێمۆکراسیخوازی و بزوتنەوەی کورد بە گشتیی، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست(چونکوو ئێران زۆرترین گەمەی بە کارتی کورد کردووە و زۆرترین پێلانگێڕی دژ بەو بزوتنەوەیە لە هەموو بەشەکانی بەڕیوە بردووە) کە لە وتاری ڕۆژانی داهاتوودا ئاماژەیان بۆ دەکەین.