لەچەند كاتژمێری رابردوودا سوپای توركیا بە شێوازی جۆراوجۆر هێرشێكی ناڕەوای بۆ سەر كانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێكردوە‌و زیانێكی گیانی‌و مادی زۆری بە خەڵكی مەدەنی ئەو كانتۆنە گەیاندوە.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ئیدانەی ئەم دەستدرێژییەی سویای توركیا دەكات‌و پێیوایە لەشكركێشی ‌و هێرشی ناڕەوای سوپای توركیا بۆ سەر عەفرینی رۆژئاوای كوردستان هێرشه‌ بۆ سه‌ر ئازادییەکان و سەرجەم خاكی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان و دەبێت بە خێرایی رابگرێت.
ئێمە سەرەڕای جەختكردنەوەمان لەسەر ئیدانە هەر هێرشێكی داگیركەران بۆ سەر هەر پارچەیەكی خاكی كوردستان، داوا له رێکخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و هاوپه‌یمانیی دژی داعش ده‌كەین بۆ راگرتنی ئەم هێرشانەی توركیا هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ.

جارێكی دیكە هاوپشتی خۆمان لەگەڵ شەڕڤانان‌و هێزەكانی پارێزەری رۆژئاوای كوردستان‌و بەتایبەتی عەفرین رادەگەیەنین‌و پشتیوانی ته‌واوی مافه‌ ره‌واكانی هاوڵاتیانی كانتۆنی عه‌فرین دەكەین.

داواش لەخەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە هەمیشە هەڵوێستی روون و بوێرانەیان بەرامبەر بە هەموو پارچەکانی کوردستان و دوژمنانی کورد نیشانداوە، ئەمجاریش بۆ مەحکومکردنی ئەم لەشکرکێشییەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، بەشێوازی جۆراوجۆر نارەزایی دەرببڕن و هاوپشتی خۆیان لەگەڵ خەڵکی عەفرین و رۆژئاوا رابگەیەنن.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
21/1/2018