پاشنیوەرۆی پێنجشەممە 26ی رێبەندانی 1396ی هەتاوی بە بۆنەی رۆژی كۆمەڵە رێوڕەسمێك لە ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەكە بە بەشداری نوێنەرانی حیزب‌و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان‌و ژمارەیەك میوان‌و دۆست‌و لایەنگر‌و هاوڕێیانی پێشمەرگە، بە سرودی بانگەواز، سرودی رەسمیی كۆمەڵە دەستی پێكرد، پاشان بۆ رێزگرتن لەگیانی هاوڕێ حەمەحسەینی كەریمی‌و هەموو گیانبەختكردوانی كۆمەڵە چەند ساتێك بێدەنگی راگیرا.

لەبەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا، هاوڕێ رەزا كەعبی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە بۆنەی رۆژی كۆمەڵەوە چەند وتەیەكی پێشكەش كرد.
هاوڕێ رەزا لە بەیادكردنەوەیەك لەهاوڕێ حەمەحەسینی كەریمی قسەكانی دەست پێكرد‌و ئاماژەی بەچالاكیی‌و هەڵسوڕانی كۆمەڵە لەو ساڵانەدا كرد كە بەخێراییەكی بەرچاو پاش راگەیاندنی هەڵسوڕانی ئاشكرای خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان بوو بە هێزێكی سەرەكی‌و بەرچاو لە بزوتنەوەی خەڵكی كوردستان.

لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا هاوڕێی رەزا كەعبی باسی لە پێكهێنانی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران كرد‌و جەختی لەسەر ئەوەكردەوە كە كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەو ناوەندەدا هەوڵی جیدی خۆی دەخاتەگەڕ بۆلێكنزیكبوونەوەی زیاتری حیزبەكان‌و پێكهێنانی بەرەیەكی كوردستانی.

هاوڕێ رەزا لەبەشێكی قسەكانیدا ئاماژەی بە خۆڕاگری پارێزەرانی كانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان كرد كە دژی لەشكركێشی رژیمی توركیا شەڕی قارەمانانە دەكەن‌و پشتیوانی دووبارەی كۆمەڵەی لەو بەرخۆدانە دوپات كردەوە.

لەبەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا پەیام‌و بروسكەی ژمارەیەك حیزب‌و لایەنی سیاسی بە بۆنەی رۆژی كۆمەڵە خوێندرایەوە كە ژمارەیەكیان بریتی بوون لە بەڕێزان:
– مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
– لقی 21ی پارتی دیموكراتی كوردستان
– مەكتەبی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان
– سازمانی خەباتی كوردستان
– حیزبی دیموكراتی كوردستان
– مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – پژاك
….
رێوڕەسمەكە پاش خوێندنەوەی چەندین پارچە شیعر‌و دێكلەمە لەلایەن هاوڕێیانی پێشمەرگە، كۆتایی پێهات.