کۆمەڵانی ئازادیخوازی کوردستان!

ناوەندەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ!
هێز و لایەنە سیاسییە ئازادیخوازەکان!

بە پێی ئەو هەواڵانەی بەدەستمان گەیشوون، چەنگیزی قەدەمخەیری زیندانیی سیاسی کورد کە بۆ زیندانی شاری “مسجد سلیمان” دورخراوەتەوە، باری تەندروستی ناجێگیرە و گیانی لە مەترسیدایە.
چەنگیز کە لە دایکبووی ئاوایی “هەنیمن”ی ناوچەی کامیارانە، بە تۆمەتی ئەندام بوون لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە ناوچەی مەریوان دەستبەسەر کراوە و لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلاب شاری سنە و لەلایەن بە ناو قازی حەسەن بابایی، ٤٠ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێ و، ساڵێک دواتر بۆ زیندانی “مسجد سلیمان” دوور دەخرێتەوە.

ناوبراو کە لە بەندی گیرۆدەبوان بە مادەی هۆشبەر و لە ژێرزەمینی ئەو زیندانەدا و لە باردۆخێکی نامرۆڤانە و لە ژینگەیەکی ناتەندرووستدا بەندکراوە، گورچیلەکانی لە کار کەوتوون و، سەرەرای داواکاری نەخۆشخانەی زیندان بۆ گواستنەوەی ئەم زیندانییە بۆ نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان، ئیدارەی ئیتلاعاتی رژیم هەتا ئێستا رێگربووە و بە توندی دژایەتی ئەم داواکارییە دەکات.

ئێمە وێڕای مەحکومکردنی ئەم کردەوەیەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی، راگرتنی ئەم زیندانییە لەو هەلومەرجە نامرۆڤانەیەدا ریسوا دەکەین و داواکارین لە ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان، بە مەبەستی رزگارکردنی گیانی چەنگیز قەدەمخەیری زیندانیی سیاسی کورد، کۆماری ئیسلامی بخەنە ژێرگوشارو، ئیجازە نەدەن کۆماری ئیسلامی بۆ دەربرینی دوژمنایەتی خۆی لەگەل خەڵکی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد، بەمجۆرە دڕندانە لاوان و زیندانییانی سیاسی بکاتە قوربانی.

سڵاو لە خۆراگریی زیندانییانی سیاسی
مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٨ی رێبەندانی ١٣٩٦ – ١٧ی فوریەی ٢٠١٨