رۆژی ٢٥ی مانگی فێوریە، ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی یەكێتیی دیموكرات (پەیەدە) ‌و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكراتیك (تەڤدە،)، لەشاری پراگی پایتەختی وڵاتی چێك لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەركرا.

دەستبەسەرکردنی ساڵح موسلیم لەكاتێكدایە كە بەپێی هەواڵی میدیاكانی پەیەدە ناوبراو بە سەردانی فەرمیی گەیشتبووە ئەو وڵاتە. هاوكات رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری توركیا هەموو هەوڵێكی خۆی خستووەتەگەڕ تا حكومەتی چێك، ساڵح موسلیم دەستگیر و رادەستی توركیا بكات.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەم پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە دژ بە ساڵح موسلیم کە لە لایەن دەوڵتی ئیسلامیی تورکیاوە بەمەبەستی دوورخستنەوەی بیروڕای گشتی لە جینایەتەکانی سوپای ئەو وڵاتەو شکستی هێزەکانی داعەش و سوپای تورکیا لە عەفرین، داڕێژراوە مەحكوم دەكا ‌و خوازیاری ئازادكرانی بەپەلەی ئەم سیاسەتمەدارە كوردەین. هەروەها داوا لە هەموو خەڵکی كورد، بەتایبەتی كوردانی دەرەوەی وڵات دەكەین بەرامبەر بەم گەلەكۆمەكێ نێودەوڵەتییە دژ بەكورد بێدەنگ نەبن‌ و بەسازدانی گردبوونەوە ‌و خۆپیشاندان و ڕاکێشانی بیروڕای گشتی بۆ ئەم پیلانە، داوای ئازادیی ساڵح موسلیم بكەن.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
26ی فێوریەی 2018