بەپێی راگەیەنراوی سكرتاریای حیزبی دیموكراتی كوردستان، شەوی 15/16ی رەشەمە، كاك قادر قادری، فەرماندەی دێرینی حیزبی دیموكرات لەمیحوەری بالیسان – چوارقوڕنە لەباشوری كوردستان، بەدەستڕێژی گوللەی ژمارەیەك چەكدار گیانی لەدەستدا.

تیرۆری گیانبەختكردو قادر قادری لەكاتێكدایە كە هەر چەند رۆژ لەوپێش لە كردەوەیەكی تیرۆریستی دیكەدا، ئەندامێكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بەناوی سەباح رەحمانی لەئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلەكەی گیانی بەختكرد.

ئەم دوو كردەوە تیرۆریستییە‌و كردەوە تیرۆریستییەكانی دیكە رژیم دژ بە حیزبەكانی دیكە لەوانە دژ بە كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، ئاماژەیەكن بۆ ئەوەی دەزگای تیرۆری كۆماری ئیسلامی جارێكی دیكە لەباشوری كوردستان كەوتووەتە گەڕ‌و پێشمەرگە‌و كادر‌و سەركردایەتیی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كردوەتە ئامانج.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ئەم كردەوە تیرۆریستییە مەحكوم دەكات‌و داوا لە دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم‌و بەرپرسانی دوو حیزبی سەرەكی باشوری كوردستان دەكات بۆ پاراستنی گیانی هەڵسوڕاوانی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان لە باشور هەموو هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ. هەر لێرەشەوە داوا لەمیدیاكان‌و كۆڕ‌و كۆمەڵە روناكبیرییەكان‌و خەڵكی بەشەرەفی باشوری كوردستان دەكەین بەرامبەر بە دەستوەردانەكانی كۆماری ئیسلامی‌و تەراتێنی تیرۆریستەكانی رژیمی تاران لەخاكی باشوری كوردستان بێدەنگ نەبن.

كۆماری ئیسلامی باش بزانێت بەو كردەوە تیرۆریستییانە ورە‌و هێز‌و توانای شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵات بۆ روخانی دامودەزگای سەركوتگەر‌و تیرۆریست پەروەری رژیم زیاتر بە تینتر دەبێت.

بە بۆنەی گیانبەختكردنی كاك قادر قادری سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی سەركردایەتی حیزبی دیموكراتی كوردستان‌و بنەماڵە‌و هاوڕێیان‌و كەسوكاری كاك قادر دەكەین‌و خۆمان بەشەریكی خەمیان دەزانین.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
16ی رەشەمەی 1396 – 7ی مارسی 2018