نەورۆز هێمای ژیانەوەو پێکەوە بوون

 

‎بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی نەورۆزەوە

‎خەڵکی خەباتگێڕی کوردستانی ئێران!

‎لە کاتێکدا بەرەو پیری نەورۆز و سەری ساڵی نوێ دەچین کە کوردستانی ئێران لە ژێر زەبر و زەنگ و سیاسەتی سێدارە و سەرکوتی سیستماتیکی رێژیمی ئێران، ساڵێکی پڕ لە حەماسەتی ئەزموون کرد.

‎بەرچاوترین ڕووداوی سیاسی ئەم ساڵی خۆپیشاندان و نارەزایەتی سەرتاسەریی ئێران بوو کە  بەشێک لە شارەکانی کوردستانیشی گرتەوە. ئەوەی لە ئێران روویدا، دەرخەری وەڕێکەوتنی ڕاپەڕینیێکی راستەقینەی جەماوەری بە مانای وشە بوو. خۆپیشاندانەکان ریشەیان لەو ناڕەزاییانە‌دا بوو کە لە دژی هەژاری و بێ دەرەتانی و کارەساتی ژینگەیی هاتوونە کایەوە.

‎پێکهاتەی سەرەکیی ئەم راپەڕینە جەماوەرییە بریتی بوو لە خەڵکی ڕەش و ڕووت و هەژاری ناوچە پەراوێزخراوەکان . لەم ڕوویەشەوە دەکرێ بڵێین کە کۆماری ئیسلامی لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژییەوە، تووشی هەرەس هێنان بووە.

‎بەرچاوترین تایبەتمەندیی ڕاپەرینی ئەم جارە، کردنە ئامانجی رێبەری و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو لە تەواوییەتی خۆیدا. هەر چەند سەرانی رژێمی ئێران هەوڵیان دا سەرەداوی ئەم خۆپیشاندانانە گرێ بدەن بە دەستی دەرەکییەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە، کە حکوومەت بە تەواوی لە ئاستی ویست و داواکاریەکانی خەڵک دەستەوەستانە و توانای چارەسەرکردنیانی نیە.

‎لایەنی دیاری ئەم خۆپیشاندانانە، بەشداریی خەڵکی شۆڕشگێڕی کرماشان لە خۆپیشاندانی سەراسەریی ئێراندا بوو ، بە جۆرێک کە قورسایی و سەنگی تایبەتیی هەبوو. خەڵکی ئەم بەشە لە نیشتمان بە دروشمی شۆڕشگێڕانە و هەڵوێستی نیشتمانییان، بەرەوڕووی هێزی داپلۆسێنەر و سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی بوونەوە. لە راستیدا پارێزگای کرماشان ئەم جارە فاکتەرێکی کاریگەرو ئیلهامبەخشی ناڕەزایەتی و بزووتنەوەی ئێعترازیی کوردستان و ئێران بوو.

‎بوومە لەرزەکەی کرماشان، لە دەرکەوتنی بوومەلەرزەی سیاسیی ئەم جارەدا کاریگەری هەبوو. ئەم ڕووداوە وەبیری گەلانی ئێرانی هێنایەوە کە پانتایی و قووڵایی گەندەڵی و دزی و ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی تا چ رادەیەکە. پەیامێکی دیکەی ئەم بوومەلەرزیە ئەوە بوو، کە گەلانی ژێر ستەمی ئێران بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی هاوچارەنووسن.

‎هەر بەو پێیە، بینیمان کە خەڵکی کوردستانی ئێران دوای ڕوودانی بوومەلەرزەکەی کرماشان، بە چ هەستێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەوە بە هانای هاونیشتمانانی لێقەوماوی خۆیان لە پارێزگای کرماشانەوە چوون. وەڕێخستنی کەمپەین و بەڕێکردنی کاروانی یارمەتی، بەشێک لەو هاوپێۆندییە بوو کە تەنانەت هاوسۆزی و یارمەتیی کوردانی دەرەوەی وڵاتیشی بۆ لێقەوماوان گرتەوە. ئەم هاوسۆزی و هاوپێوەندییە بەدەر لە لایەنی ئەخلاقی  ومرۆیی، وێنەیەکی دەگمەنی لە هاوخەباتی و یەکڕیزیی خەڵکی کوردستانی ئێران خستە روو، بە جۆرێک کە کارەساتی سروشتی و حەماسەی نەتەوەیی ئاوێتەی یەکتر بوون. ئەمەش وەک سەرمایەیەکی مەعنەوی و پڕبەهای ڕەوتی ڕزگاری نەتەوەییە.

‎لەم ساڵدا، سیاسەتی زەبروزەنگ و سەرکوتی سیستماتیک وەک سیاسەتی هەمیشەیی و بەشێکی جیانەکراوە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوام بوو. لە سێدارەدانی ئازادیخوازان ، زیندانیکردن و بێ سەروشوێنکردنی جیابیران و چالاکانی مەدەنی و تێکۆشەرانی  سیاسی، کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی کاسبکار لەناوچە سنووریەکان  بەشێک لەم سەرکوتە سیستماتیکە بوو.

‎خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج، هاتنە سەر شەقامی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شارو ناوچەکانی کوردستانی ئێران بوو بۆ دەربڕینی پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی باشووری کوردستان بۆ پرسی سەربەخۆیی، هەروەها دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کوشتنی کاسبکاران کە دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕژیم بە هێزی سەرکوت و توندوتیژی بەروڕوویان بوونەوە. لە ئەنجامی ئەم سەرکوتەدا ژمارەیەکەی بەرچاو لە رۆڵەکانی نیشتمان دەستگیر و زیندانی کراون.لایەنی دیاری ئەم خۆپیشاندانە حوزوری بەرچاون کچان و ژنانی ئازادیخوازی کوردستان بوو کە مخابن ژمارەیەکیان دەستگیر و رەوانەی سیاچاڵەکانی رێژیم کران.

‎ئەمساڵ کە رابرد، دەستپێکەکەی نەورۆزی جامانەکان بوو. دوای ئەو هەموو حەماسەتە کە ئاماژەیان پێکرا، جێی خۆیەتی نەورۆزێک کە دادێ، بە هەمان شکۆوە و بە هەمان حەماسەوە بە جامانە و هەوری و لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و هەڵگرتنی گوڵی سوور بڕازێندرێتەوە و لە گەل ژیانەوەی سروشت، ژیانەوەی نەورۆزی جامەنەکان بۆ نیشتمان بکرێ بە دیاری.هەر بۆیە داواکارین یەک دەنگ  و یەک هەڵوێست، بەرەو پیری نەورۆز و سەری ساڵی نوێ بچن.

‎بێگومان هاوخەباتی و یەکڕیزیی نەتەوەکەمان، رەمزی سەرکەوتنمانە. لەم روانگەیەشەوە داوا لە سەرجەم خەڵکی کۆڵنەدەر و نیشتمانپەروەی کوردستانی ئێران دەکەین بە هەمان ئیرادە و رۆحیەی هاوخەباتییەوە لە خەباتی نەتەوەیی-دێموکراتیکی خۆیان بەردەوام بن و ریزەکانی خۆیان بەهێزتر و پتەوتر بکەن و سەری ساڵی نوێ پیرۆز بکەن.

‎لە کۆتاییدا لە ئێستاوە پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی لە سەرجەم هاونیشتمانان و رۆلە ئازادیخوازەکانی دەکەین و هیوادارین ساڵی داهاتوو، ساڵی هاوخەباتی و دەستکەوتی زیاتر بێت بۆ نەتەوەکەمان.

سەرکەوێ ئیرادەی نەتەوەیی و هاوخەباتیمان

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

۱۷/۱۲/۱۳۹٦

پێکهاتوو لە:

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران