وەفدێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان سەردانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی كرد‌و لەگەڵ سكرتێر‌و ژمارەیەك لەئەندامانی سەركردایەتی ئەو حیزبە كۆبوونەوە.
رۆژی 8ی جۆزەردان، وەفدێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەسەرپەرستی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە، سكرتێری گشتیی كۆمەڵە سەردانی سكرتاریای حیزبی دیموكراتی كوردستانی كرد‌و لەلایەن وەفدی دیموكرات بە سەرپەرستی بەڕێز مستەفا مەولودی سكرتێری گشتیی دیموكرات پێشوازی لێكرا.

لەدیدارەكەدا نزیكەی 3 كاتژمێری خایاند، قسەوباسێكی چڕ‌وپڕ لەسەر بارودۆخی ناوچەكە‌و ئێران‌و كوردستان كرا‌و هەر دوو لا هەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ دۆخی ئێستا كرد. هەر دوولا بەگرنگییەوە باسیان لەسەر هەستیاری دۆخەكە‌و بەرین بونەوەی ناڕەزاییە جەماوەرییەكان لە ئێران كردەوە كە بەهۆی سیاسەتەكانی دژە مرۆییەكانی كۆماری ئیسلامی لەماوەی رابردوودا رووی لەزیادبوون كردوە.
لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا قسەوباسێك لەسەر گوشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر ئێران‌و پێداگریی رژیم لەسەر پەرەپێدان بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی پاش ئەوەی ئەمریكا لە بەرجام كشایەوە كرا‌و هەردوولا تێبینیەكانی خۆیان لەمبارەیەوە خستەڕوو.

لەدیدارەكەدا هەر دوو وەفدی كۆمەڵە‌و دیموكرات جەختیان لەسەر كارا كردنەوەی ئەرك‌وكارەكانی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران كردەوە كە ئەركی سەرەكی ئەم ناوەندی هەوڵدانە بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی كوردستانیی.

لەكۆتایی دیدارەكەدا هەردوو جەختیان لەسەر بەردەوام بوونی پەیوەندییەكانیان كردەوە.