بەبۆنەی 31ی جۆزەردان، ساڵیادی گیانبەختكردنی هاوڕێ سەعید موعینی ناسراو بە كاك (خانە)‌و رۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە، رێوڕەسمێك لەناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێوڕەسمەكە كە ژمارەیەك لە نوێنەرانی حیزب‌و لایەنە سیاسییەكان‌و ئەندامانی سەركردایەتی‌و ئەندام‌و پێشمەرگەكانی كۆمەڵە تێیدا بەشداربوون بە سرودی بانگەواز، سرودی فەرمیی كۆمەڵە‌و راگرتنی چەند ساتێك بێدەنگی بۆ یادی كاك خانە‌و هەموو گیانبەختكردوانی كۆمەڵە دەستی پێكرد.

لەبەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا، هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە، سكرتێری گشتیی كۆمەڵە بەم بۆنەوە چەند وتەیەكی پێشكەش كرد.
هاوڕێ عومەر لە وتەكانیدا ئاماژەی بە خۆڕاگریی‌و ورەی بەرزی كاك سەعیدی موعینی لە زیندان‌و ئەشكەنجەگاكانی رژیمی پاشایەتی كرد كە سەرەڕای هەموو ئەشكەنجە‌و ئازارێك لە ژێر دەستی جەلادانی ساواك هیچ زانیارییەكی كۆمەڵەی نەدركاند.

هاوڕێ عومەر لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا بە ئاماژە بە دۆخی ئێستای ئێران‌و بەرزبوونەوەی پلەی وشیاری‌و ئاگاهی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ورەی خەباتكارانەی خەڵكی كوردستان دژی كۆماری ئیسلامی بەرزبووەتەوە‌و ناڕەزایی‌و كۆبوونەوەكانی یەكساڵی رابردووی كوردستان‌و ئێران ئاماژەن بۆ ئەم ورە خەباتكارانەیە.

لەپاش وتەكانی هاوڕێ عومەر، رێوەڕەسمەكە بە پێشكەشكردنی چەندین سرود‌و پەخشانە شیعر لەلایەن هاوڕێیانی پێشمەرگە كۆتایی پێهات.