ئێوارەی رۆژی شەممە ڕێکەوتی 09/02/2019 مەراسمی 26ی ڕێبەندان ساڵیادی کۆمەڵە شاری یوتوبۆری وڵاتی سوئید بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی سیاسی و حیزبی و کۆروکۆمەڵی کولتوری و پێشمەرگەی دێرین وئەندامانی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێورەسمەکە بە چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەیادی بەرزی هاوڕێی گیانبەختکردوو کاک حەمەحسین کەریمی و سەرجەم گیانبەختکردووانی ریزەکانی کۆمەڵە و گشت بزوتنەوەی ڕێگای ئازادی و رزگاری کوردستان و پەخشی سرودی بانگەواز، سرودی رەسمی کۆمەڵە دەست پێکرد.

سەرەتا بە ناوی کومیتەی ناوەندیەوە هاوڕێ ئەسعەدی درودی ئەندامی دەستەی کارگێری کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە قسەو باسێکی پێشکەش کرد، هاوری ئەسعەد لە سەر دۆخی سیاسی ئیران و گوشارکانی سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وتەریککەوتنەوەی زیاتری حکوومەتی ئیران لە ئاست نێونەتەوەیی و پاشەکشەکانی لە ئاست ناوچەیی، ئاماژەی بە دۆخی ژیانی خەڵک و گوشارە ئابورییەکانی سەریان و بەربەستکرانی زیاتری ئازادییەکانیان و سەرکوتی بەرینیتری ژنان و ئازادیخۆازان کرد. لە باس کوردستاندا بەرزبوونەوەی وشیاریی نەتەوەیی و هاتنەئارای خواستی رزگاری نەتەوەیی لە شێوە و شێوازی نوێدا و پێویستی لێکدانەوەی ئەو ویست و داخۆازە و بوونی بەرنامە و پلان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەکانی گەیشتن بەو ویستە باس کرا وهەروەها تیشک خرایە سەر ئامادەیی خەڵکی کوردستان لە بواری چالاکیی مەدەنی ومانگرتنی گشتی خەڵکی کوردستان و شەپولی بەرینی هاوپشتی لە گەڵ بوومەلەرزە لێدراوانی ناوچەی کرماشان وەکوو سەرکەوتنێکی بەر چاو بۆ خەڵک و خەباتی مەدەنی لە کوردستان و شکستێکی گەورە بۆ حکوومەتی ئیسلامی ئیران،ئاماژەیان پێکرا.
هاورێ ئەسعەد لە قسەکانیدا ئاماژەی بەو مەسەلە سەرەکیانە کرد کە خەباتی کۆمەڵەیان لەسەر دامەزراوە و باسی کوردستانی بوونی کۆمەڵە، سوسیالیست بوونی کۆمەڵە و یەکسانی خوازبوونی کۆمەڵە لە باسەکەدا بایەخی تایبەتیان پێدرا. ئەرکەکانی کۆمەڵە لە هەرکام لەو خەباتانە واتە خەبات بۆ رزگاریی نەتەوەیی و عەداڵەت و یەکسانی ئاماژەیان پێکرا. بەشی کۆتایی باسەکەی لە سەر پێویستی هاوکاری و هاوپشتی خەڵک و هێزە سیاسیەکان لە کوردستان بوو..

پاشان پەیامی هاوبەشی کومیتەی هاوکاری هێزە سیاسیە کوردو کورستانیەکانی شاری یوتوبوری پێکهاتوو لە (حیزبی شیوعی کوردستان ، پارتی دیموکراتی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران ، یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، کۆمەڵەی شورشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران، پارتی سوسیالیستی کوردستان، پارتی یەکیەتی دیموکراتی کوردستان لە سوریە، پارتی دیموکراتیک کورد لە سوریە) خوێندرایەوە.
پاشان پەیامی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بروسکەی پیروزبایی پارتی ژیانی ئازادی کورستان (پژاک ) و کۆمەڵەی کوردی پارتی سوسیال دیموکراتی سوئید و هەروەها بروسکەی پیروزبایی کۆرو کۆمەڵی کولتوری کوردی لە گەڵ چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا لە لایەن هەمو لایەنەکانەوە پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد لە لایەن هاووڕێ گەلاوێژ پورفاتمی خوێندرایەوە.

بەشی دوەمی رێوڕەسمەکە تەرخانکرا بۆ سرود و موسیقا و گۆرانی کە هونەرمەندان ئەسعەد مەریوانی و خاتوو شەیدا خێرئابادی رێوڕەسمەکەیان رازاندەوە.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کومیتەی سوئید

09/02/2019