گەر بمانەوێت لە چەند دێرێکدا پێناسەیەکی کورت لە ژن بکەین دەتوانین بڵێین ژن بوون واتە قورسترین ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکی گەورە.هاوکات کە ژنێکی کوردیش بووی ئەمەیان زامی ژن بوونت تێکەڵ ئەکات لەگەڵ خەمی ژێر دەستەیی نەتەوەکەت و لێرەدا خەباتی ئەمجارەی ژن پێکانی دوو ئامانجی یەکسانی ڕەگەزیی و دیاریکردنی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی نیشتمانەکەتە.

گەر لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەینەوه و چاو لە، یەک بە یەک لە ڕووداوکان بکەین و ڕۆڵی ژنی تێدا بەدی بکەین و هەڵیسەنگێنین، دەبینین کە ژنی کورد لە سەرووی هەموو ژنانی وڵاتانی دیکە، بە ئازایەتیەوە خۆی دەنوێنێت. ئەمە شانازیەکی گەورەیە بۆ ژنی کورد کە لە وڵاتێکی داگیرکراو و لە ژێر چەوساندنەوەی نەتەوەییدا، ئازاتر و چاونەترسانەتر خۆی نیشان بدات.
بەڵام کە باس لە ئازایەتی دەکرێت بە دڵنیایەوە بەمانای ئازاد بوون نیە هەروەک چۆن خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی بە تەنها ناتوانێت بەدیهێنەری یەکسانیی ڕەگەزیی بێت.

لەم ساڵ و لە حاڵێکدا نزیک دەبینەوە لە سەد و هەشتەمین ساڵیادی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن، کە بە تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک سەدە شاهێدی بنەبەڕبوونی هەندێک داب ونەریتی کۆن و دژە ژنین و خودی ژنانیش لە خەبات بۆ نەهێشتنی ئەم ژێردەستەییەدا، کۆڵیان نەداوە.
هاوکاتڕۆژانە شاهێدی بەرزبوونەوەی ئاماری کوشتن و سووتاندنەکانی ژنانین  ودەبینین هێشتاکە قوربانیدان لەم پێناوە لە زیادبووندایە.

لە ئێران و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامی و بە چاوەدێری سیستمێکی گەندەڵی دژە مرۆیی ، نەک هەر ژن بەڵکوو پیاویش دەکەوێتە داوی قوربانیدان و هەست و سۆزی باوکایەتی و برایەتی و خۆشەویستی کوێر دەبێت. ئەوەتا دەبینین بە تێپەڕبوونی  چواردەیە   دەسەڵاتی کۆماری ئیسلای ئێران، گڕوتینی قەتڵە نامووسیەکان پەرەی سەندووە. لەپاڵ ئەمەش ڕۆژبەڕۆژ زیاتربوونی لەشفرۆشیەکان و بەزۆر بە هاوسەرگیری پێکردنی منداڵانی کەم تەمەن.  زیادی کردووە.
لێرەدا بە پێویستی ئەزانین ئاماژەیەک بکەین بە هەلوورج و باری خراپی ئابووری کۆمەڵگای ئێستای ئێران و بەتایبەتی کوردستان بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی زیاتر لە هەر حاڵێکدا، کە ئەمەش بە دڵنیایەوە کاریگەریی نەرێنی و نێگەتیڤی لەسەر باری دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگا دروست دەکات و لە ئاکامدا ئاماری تووندوتیژیە خێزانیەکان و زیندووکردنەوەی کلتوورە دژە ژنەکان، زیاد دەکات.

خەبات بو یەکسانی و تێکۆشان لە پێناو سەربەخۆییەکانی ژن لە هەربووارێکدا، ئەرکی سەرشان و هاوکات تاکە ڕێگەی ڕزگاریی هەر ژنێکە له ژێر ستەمی ڕەگەزیدا، کە بە دڵنیایەوە ئەمەش بە بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری خودی ژنان بەدی دێت.

جێی باسە بە بەراوردێک لە نێوان ئەم ساڵانەی دوایی و لانی کەم زیاتر لە ۱۰ ساڵ لەوەو پێش دەتوانین ببینین کە چلۆن هەڵسووڕاوانی خوێندکاریی، لاوانی هەڵسووڕاوی بواری ژنان و جەوانانی بە هەڵوێست و نەترس بەتایبەت لە ڕەگەزی ژنان، لە ڕیزی پێشەوەی هەموو ڕێپێوانە ناڕەزایەتی دەربڕینەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران بوون و هەن و بە بەڕنامەڕیزیەکی بێ شکست بەرەو پێشەوە دەچن.
ئەمە دەرخەری ئەوەیەکە لاوانی ئەمڕۆیی گڕوتنێکی جیاوازتری تێدایە، خاوەن بیروفکرێکی نوێخواز و گونجاوترە لەم سەدەی بیست و یەکەدا کە تێیدا دەژین. کۆمەڵگا هەموو کات پێویستی بە  کەسانی یەکسانیخوازو ڕۆشنبیر هەیە.
کەواتە ئەمە پشتڕاستکردنەوەی ئەم وتەیەیە کە دەڵێت، ئاستی وشیاری ژنان، دەرخەری ئاستی وشیاری کۆمەڵگایە.

رێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد لە 8ی مارسی ئەمساڵدا وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم ژنانی جیهان بە تایبەتی ژنانی کورد، جارێكیتر جەخت لە سەر گرنگیدان بە بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی  کۆمەگا بە تایبەتی ژنان دەکات و هاوکاتیش خوازیاری یەكریزی ژنانی كورد لە هەر پارچەیەکیکوردستانە، چونکە پێی وایە بەو شێوە یەکڕیزیە دەتوانرێت قایم تر ئامانجەکانی وەدیهاتنی خواستەکانی ژنان بپێکێت.
هیواخوازین لە داهاتوودا ڕیزی خەباتی ژنان لە ئاستێکی بەرزی فکری و ڕێژەییدا خۆی ببینێتەوەو هەر بەم هیوایەشەوە بەرەو پیری هەشتی مارسی ئەمساڵەوە بچین.

لە کۆتاییدا ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد ئامادەیی خۆی بۆ هەر جۆرە هاوکاریەک و کارێکی هاوبەش لە پێناو بەرەوپێش بردنی خەباتی یەکسانیخوازیدا، دەربەڕێت.

مەرگ ونەمان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران
سەركەوێ بزووتنەوەی یەكسانیخوازی ژنان

ڕێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد
مانگی ڕەشەممەی ١٣٩۷
یەکی مارسی ٢٠١۹