دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٥/٦/٢٠١٤ هەیئەتێکی کۆمیسیۆنی پێوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی کرد کە لەلایەن ئیبراهیم زێوەیی بەرپرسی پێشوازییان لێ کرا .
لەم سەردانەدا چەند تەوەرەیەک خرانە بەر باس و لێکۆڵینەوە، تەوەرەی یەکەم باسیک بوو لەسەر ئەوزاعی سیاسی ئێران و بەرەو تەواو بوونی وادەی دیاریکراو لە نێوان کۆماری ئیسلامی و رۆژئاوا بۆ دانووستان لەسەر وزەی ئەتۆمی و ئەگەری ڕێک نەکەوتن لەسەر ئەو بابەتە لەنێوانیاندا.

تەوەرەیەکی تری باسەکان لەسەر ئەوزاعی سیاسی کوردستانی باشور  و ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی لەو ماوەیەدا لە عێڕاق و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان هاتۆتە ئاراوە و دەور و رۆڵی هەرێمی کوردستان لەو کێشانەدا وپێویستی یەکدەنگی هەموو هێزە سیاسیەکانی باشوری کوردستان درایە بەر باس .

تەوەرەی کۆتایی دانیشتنەکە لەسەر هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و دەور و رۆڵی ئەوان لەسەر ئەو گرژیانەی عێراق بوو کە هەر دوو لایەن ئامادەیی خۆیان راگەیاند بۆ هاوکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەئەگەری روودانی هەرجۆرە کێشەیەک لەلایەن تیرۆریستانەوە بەرەوڕووی هەرێم.

هەروەها هەردوو لایەن تەئکیدیان لەسەر پێوەندی و هاوکاری حیزبەکەیان کردەوە لەگەڵ یەکتر و باقی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات.
لەم دانیشتنەدا هەیئەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان پێکهاتبوو لە بەڕێزان، کەریم کەریمی بەرپرسی کومیسیۆنی پێوەندییەکانی هەولێری کۆمەڵە و محەمەد فەرهادزادە ئەندامی کۆمیسیۆنی پێوەندییەکانی کۆمەڵە .