دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦/٦/٢٠١٤هەیئەتێکی کومیسیۆنی پێوەندییەکانی کۆمەڵە کە پێکهاتبوو لە هاوڕێیان کەریم کەریمی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی‌و بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵە و محەمەد فەرهادزادە ئەندامی كۆمسیۆنی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان،سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد، کە لە لایەن بەڕێزان محەمەد ساڵح قادری نوێنەری حیزبی دێمۆکرات وئەمین ئیبراهیمی کادری پێوەندییەکانی حیزب پێشوازیان لێوە کرا.
لەو دانیشتنە دا سەرەتا قسەو باسێک لەسەر هەلوو مەرجی ئێستای ناوچەکە و چۆنیەتی بەرەوڕوو بوونەوەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لە ئەگەری درووست بوونی گرژی و ئاڵۆزی لە هەرێمی کوردستانی باشوور درایە بەر باس و هەروەها هەر دوولایەن هەڵوێستی حیزبەکەیان لەمبارەوە بۆ یەکتری باس کرد و هەر دوو لایەن هاوڕا بوون لەسەرپارێزگاری لە خاک ونیشتمان و بەرەنگار بوونەوە لەبەرابەر دوژمنانی گەلی کورد .

تەوەرەیەکی تری قسە و باسەکە تەرخان کرابوو بۆ ئەوزاعی سیاسی ئێران بەگشتی و کوردستانی رۆژهەڵات بە تایبەتی و  پێویستی هاوکاری و هاو ئاهەنگی لە نێوان حیزبەکانی رۆژهەڵات لە ئێستا و داهاتوودا .