بە بەشداری کوردان و چالاکڤانانی نیشتەجێی فینلاند خۆپێشاندانێک بە بۆنەی چلەمین ساڵڤەگەری فەرمانی جەهادی خومەینی دژی نەتەوەی کورد و شەرمەزارکردنی سەفەری جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی رژێمی ئێران لە هێلسینکی پایتەختی فینلاند بەرێوە چوو.

رۆژی دووشەممە 19/8/2019 بەرامبەر بە ٢٨ی گەلاوێژ بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانیانی دانیشتووی فینلاند خۆپێشاندانێک بە بۆنەی چلەمین ساڵرۆژی راگەیاندنی جەهادی خومەینی دژی نەتەوەی کورد و شەرمەزاکردنی سەفەری جەواد زەریف بۆ فینلاند بەرێوە چوو.

خۆپێشاندانەکە کاتژمێر ١٢ی نیوەرۆ لە بەردەرگای وەزارەتی دەرەوەی فینلاند بەرێوە چوو و خۆپێشاندەران بە بەرزکردنەوەی دروشمی نارەزایی رژێمی ئێرانیان مەحکووم دەکرد. لە میانەی خۆپێشانداندا یاری ئالتۆ (Jeri Aalto) راوێژکاری تایبەتیی وەزیری دەرەوە سەردانی خۆپێشاندەرانی کرد و وێرای وەرگرتنی بڕیارنامەی خۆپێشاندەران، بەڵێن دەدات ناوەرۆک و ویستی خۆپێشاندەران بدرێتە وەزیری دەرەوە بۆ باسکردن لە گەل نوێنەری کۆماری ئیسلامی.

لە درێژەی بەرنامەکەدا خۆپێشاندەران بەرەو کۆشکی سەرۆک کۆماری فینلاند ساولی نینیستۆ رێکەوتن و لەوێ کۆبوونەوە. بۆ یەکەمجار خۆپێشاندەران داوانامەی خۆیان لە مەڕ جیهادی رژێمی ئێران دژی نەتەوەی کورد و سەردانی وەزیری دەرەوەی رژێم بردیانە کۆشکی سەرۆک کۆماری .

ناوخنی خۆپێشاندانەکە جگە دروشمی شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامی بریتی بوو لە خوێندنەوەی بڕیارنامەی رێکخەرانی خۆپێشاندان بە زمانەکانی کوردی، فارسی و فینلاندی و هەروەها پێشکەشکردنی وتار لە لایەن هەندێک لە بەشدارانەوە.

خۆپێشاندانەکە کەهاوکاتبوو لە گەل هاتنی وەزیری دەرەوەی رژێمی ئیران بۆ وەزارەتی دەرەوە، بوو بە جێگەی سەرنجی رۆژنامەکانی فینلاندی و هەواڵی خۆپێشاندان لە چوار رۆژنامەی فینلاندی و هەواڵدەری رەسمی فینلاند STT بڵاو کرایەوە.

 

 

بڕیارنامە

 

ئێمە بانگەوازی وڵاتی فینلاند سەرۆکی دەورەیی یەکیەتی ئورووپا، سەرۆک کۆماری فینلاند بەرێز ساولی نینیستۆ، وەزیری دەرەوەی فینلاند بەرێز پێکا هاویستۆ و دەوڵەتی فینلاند دەکەین کە پرسی مافی مرۆڤ و مافەکانی نەتەوەکانی ژێردەستی ئێران و پرسی رەوشی ژنان لە ئێران بکرێتە ئاجێندای گفتگۆکانی دیپلۆماسی لە گەڵ جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئەمرۆ ٢٨ی گەلاوێژ چلەمین سالڤەگەری راگەیاندنی فەرمانی جەهاد دژی نەتەوەی کورد لە لایەن ئایەتوڵلا خومەینی رێبەری کۆماری ئیسلامیە. جەهادێک کە ئەمرۆش درێژەی هەیە. لەو شەرەدا زیاتر لە پەنجا هەزار مرۆڤ بوونەتە قوربانی سیاسەتەکانی رژێمی ئێران، سەدان گوند و شاری کوردستان وێران بوون، ژینگەی کوردستان وێران کراوە، خەڵکی کوردستان بە زۆرەملی ناچارکراون زێد و خاکی خۆیان بەجێ بێڵن، بە هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان زیندانی، ئێعدام و ئەشکەنجە کراون. زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە چالاکانی سیاسی کورد لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران لەوانە لە ناو خاکی یەکیەتی ئورووپادا تیرۆر کراون. فەرمانی جەهادی خومەینی دژی نەتەوەی کورد هەموو ئاستەکانی ژیانی خەڵکی کوردستان وەبەر خۆ گرتووە. رەفتاری دەوڵەتی ئێران لە کوردستان وەک حکوومەتێکی داگیرکارە و خەڵکی کوردستان زیندانی زوڵم و ستەمی ئەو رژیمەن. هەلومەرجی ژیانی ئابووری لە خەڵکی کوردستان زەوت کراوە. ساڵانە نزیک ٢٠٠ کۆلبەر بە دەستی هێزەکانی چەکداری رژێمی ئێران دەکوژرێن. زیاتر لە نیوەی زیندایانی سیاسی ئێران کوردەکانن و ساڵانە سەدان زیندانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێراندا حوکمی حوکمی لەسیدارەدانیان بۆ دەردەکرێت.

ئێران بە شێوەی سیستماتیک مافی نەتەوەکانی ئێران پێشێل دەکات. زیاتر لە نیوەی لە خەڵکی ئێران زمانی زکماکیان فارسی نیە. ئەوان ناچار کراون بە زمانی فارسی بخوێنن، قسەبکەن و ئەو زمانە بەکار بێنن. تەنانەت ئەو مافانەی کە لە دستووری کۆماری ئیسلامی ئێران هاتوون لە نەتەوەکانی ئێران زەوت کراون.

لە ئێران رەوشی ژنان رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت. ژنان لە ئێران بە هۆی هەڵبژاردنی جۆری ژیانیان و پۆشینیان سزا دەدرێن. چالاکانی ژینگە پارێز بە تاوانی جاسووسی بۆ وڵاتانی بیانی زیندانی دەکرێن.

لە سەرماوەزی ٢٠١٧ تا ئەمرۆ نزیک بە ٦٠ کەس لە چالاکانی سیاسی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و لە باشووری کوردستان تیرۆر کراون.

رژێمی ئێران بە شێوەی سیستماتیک و لە رێگای سیاسی و سەربازیەوە دەست لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان دەدات بەمەش رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەی کەنداو تووشی هەرەشەی شەرێکی ماڵوێرانکار بووە.

ئێمە داوا دەکەین لە بەرێز ساولی نینیستۆ سەرۆک کۆماری وڵاتی فینلاند، بەرێز پێکا هاویستۆ وەزیری دەرەوەی فینلاند و پشتیوانی مافی مرۆڤ و پیاوی ئاشتی ، دەوڵەتی فینلاند وەک سەرۆکی دەورەیی یەکیەتی ئورووپا کە:

  1. رژێمی ئێران ناچار بکرێت فەرمانی جەهادی خومەینی دژی نەتەوەی کورد هەڵوەشێنێتەوە. ئێران دەبێ پابەند بکرێت بە بریارنامەکان و پەیمانەکانی مافی مرۆڤ، جاڕنامەی مافەکانی کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابووری و پەیمانی خەبات دژی هەموو جۆرە هەڵاواردنێک کە لە ساڵی 1966 ئەو وڵاتە واژۆی کردووە و جێبەجێیان بکات.
  2. رەوشی ماف و ژیانی نەتەوەکان و کەمایەتیە ئایینیەکانی ئێران باشتر بکرێت.
  3. زیندانیانی سیاسی، چالاکانی مافی مرۆڤ، یەکسانی خوازان و چالاکانی ژینگەپارێزی ئازاد بکرین.
  4. رێز لە مافی دیاری کردنی تاکەکەس بگیرێت و حیجابی ئیجباری هەڵوەشێندرێتەوە.
  5. گۆڕی هەزاران زیندانی سیاسی ئێعدام کراو لە دەیەی ١٩٨٠ بۆ بنەماڵەکانیان ئاشکرا بکرێت.
  6. ئێران کۆتایی بە دەست تێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکە بهێنێت و رێز لە هێمنایەتی و ئاسایشی رێگای هاتووچۆی بازرگانی و نەوتی ناونەتەوەیی بگرێت.
  7. کۆتایی بە پشتیوانی لە هێزەکانی تیرۆریستی بهێنێت.

درێژەکێشانی سیاسەتەکانی رژێمی ئێران دژی نەتەوەی کورد دەتوانێت ببێتە هۆی کوژران سەدان کەس و کۆمەڵکوژی خەلکی کوردستان.

هێلسینکی

خۆپێشاندەرانی بەشدار لە رێپێوانی 19.8.2019

کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران – کۆمیتەی فینلاند

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان_کۆمیتەی فینلاند

حیزبی دێموکراتی کوردستان – کۆمیتەی فینلاند

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – کۆمیتەی فینلاند