رۆژی هەینی 30ی جۆزەردان، ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی ‌و كادر‌و پێشمەرگەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەبۆنەی رۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە، رێوڕەسمێك لەسەر گڵكۆی هاوڕێ خانەی موعینی سازكرا.

بۆ رێزگرتن لە یاد‌و بیرەوەری یەكەم پێشمەرگە‌و یەكەم گیان بەختكردوی كۆمەڵە هاوڕێ سەعیدی موعینی ناسراو بە “خانە”، هەروەها بۆ بەرز راگرتنی رۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە، رێوڕەسمێك بە بەشداری ئەندامانی سەركردایەتی كۆمەڵە‌و ژمارەیەك لە كادر‌و پێشمەرگەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە سەر كڵگۆی هاوڕێ سەعیدی موعینی لە ناوچەی ماوەت بەڕێوەچوو.

سەرەتای رێوڕەسمەكە بە سرودی بانگەواز، سرودی رەسمی كۆمەڵە‌و بە چەند ساتێك بە بێدەنگی وەستان بۆ رێزگرتنی لە یادی كاك خانە‌و هەموو گیانبەختكردوانی كۆمەڵە دەستی پێكرد.

پاشان هاوڕێ رەزا كەعبی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان چەند وتەیەكی بەم بۆنەوە پێشكەش كرد.

لەوتەكانی هاوڕێ رەزا پاش ئاماژە بە دەورونەقشی كاك سەعیدی موعینی وەك یەكەم پێشمەرگە‌و یەكەم گیانبەختكردوی كۆمەڵە، كاریگەرییەكانی كۆمەڵەی لەسەر كۆمەڵگای كوردستان لەماوەی ئەم سێ دەیەی تاوتوێكرد‌و پەنجەی لەسەر خاڵە بەهێزەكانی پێشمەرگەی كۆمەڵە وەك یەكێك لە خۆشەویسترین كاركتەرەكانی ناو بزوتنەوەی كۆمەڵگای كوردستان دانا.

لە رێوڕەسمەكدا وتاری رێكخراوی لاوانی پێشڕەو بە بۆنەی 31ی جۆزەردان لەلایەن هاوڕێ كاوە كەریمی، بەرپرسی رێكخراوەكە خوێنرایەوە.

رێوەڕەسمەكە بە خوێندنەوەی چەندین شێعر‌و سرود كۆتایی پێهات.

چەند دیمەنێك لە رێوەڕەسمەكە: