هەمو هەواڵەکان ئەوە ئەسەلمێنن که ئەگەری هێرشی تورکیە بۆ رۆژئاۆا خەریکە دەچێتە بۆاری جێبه‌جێ کردن.

دەسەڵاتدارانی تورکیە ئەیانەوێت قەیرانەکانی نێو خۆیان و هەلومەرجی نالەباری وڵات بە لەشکرکێشی بۆ سەر  رۆژئاوا داپۆشن و بە کاولکردن و ماڵوێرانیی لەودیوی سنوورەکانی تورکیە ماڵ و دەسەڵاتی خۆیان بە رواڵەت ئاوەدان ڕاگرن.

لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا که له ناو شەڕ و قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست به تایبەت له دە ساڵی ڕابردوودا سەرلێشێواو و به لۆژیکی “ئەزمون و خەتا” دەجوڵێتەوە و ئێستاش بۆ سات و سەودا زۆر به ئاسان  و بێ گوێدان بە کارەساتی مرۆڤی لەوپەڕی بێ پەیمانی، ڕۆژئاوای داعش بەزێن بۆ ھێرشی تورکیە چوڵ دەکات تا رەنگە بەم شێوەیە دیسانەوە تورکیە زۆرتر بەرەو خۆی ڕاکێشێت.

رۆژئاوا و گەلی کورد له بەرامبه‌ر ئەزمونێکی زۆر دژواردایە و هیچ ڕێگایەکی جگە له بەرخۆدانێکی یەکگرتوانەی جەماوەریی نییە.

ئەم قۆناغەش رەنگە وەک زۆر ئەزموونی تاڵی دیکە شکستی سەربازیی بە سەر گەلی کورد و ئازادیخوازانی رۆژئاوادا بسەپێنێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە نەک کورد تێیدا ناتوێتەوە، بەڵکو شەرمەزاری بۆ داگیرکەران تێیدا تۆمار دەکرێ.

ئێمە ئەو ڕەفتار و ھەڵوێستەی ئەمریکا مەحکوم دەکەین و ھێرشی تورکیە بۆ ڕۆژئاوا بە داگیركاری دەبینین و خوازیاری وەستاندنی ئەو ھێرشەو، بەربەرکانێی گشتیی جیھانین دژ بەو پیلانە نامرۆڤانەیە.

گەڵی کوردستان له هەموو بەشەکانی پێویستە ئەرکی ئینسانی، نەتەوەیی و خەباتکارانەی خۆیی به جێبهێنێ و به جیهانی نیشان بدات که رۆژهەڵاتی ناوەڕاست به بێ گەیشتنی کورد به مافەکانی هەرگیز نە دموکراتیزە دەبێ و نە ڕووی ئارامی به خۆیەوە دەبینێ.

بانگەوازی کوردەکانی دانیشتوی تاراوگه‌ دەکەین که لەم رۆژە دژۆارەدا پاڵپشتی رۆژئاوا بن و بە ئاکسیۆن و ناڕەزایەتی دژ بەو پیلانە کارەسەتبارە بوەستن.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

١٥ی رەزبەری ١٣٩٨

٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩