ئەمڕۆ پێنج شەممە 9ی خەزەڵەوەری 1398ی هەتاویی (31ی ئوکتوبری 2019ی زاینیی) 14هەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەبارەگای ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.
لەم كۆبوونەوە ناوەند چاوخشاندنێک بەسەر دوایین ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا و دەرس و ئەزموونەکان و کاردانەوەی لەخەباتی گەلی کورد بە گشتیی و لە سەر کوردستانی ئێران كرد و لەسەر ئەم بابەتە ناوەندی هاوکاریی هێرشی داگیراکارانەی تورکیە بۆ سەر خاک و خەڵکی ڕۆژئاوا بە ناڕەوا و دوور لەپرەنسیب و یاسا نێونەتەوەیەکانی ئەزانێت و جەخت لەسەر پشتیوانی لەبزووتنەوەی ڕزگاریخۆازانەی گەلی کورد لەکوردستانی ڕۆژئاوا دەکاتەوە وداوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکات بۆ پاراستنی خەڵکی ڕۆژئاوا ، هەوڵ بۆ پێکهێنانی ناوچەی ئەمن لەژێر چاودێری ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بدەن , هاوكات ناوەندی هاوکاری لەسەر یەکڕیزی ویەکییەتی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژئاواکوردستان جەخت دەکاتەوە و لەو باوەرەدەایە کە پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستانی ڕۆژئاوا ی کوردستان لەیەکڕیزی و یەکیەتی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی ئەو بەشەی کوردستان دایە.ناوەندی هاوکاری لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی لەخەباتی گەلی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان دەکات ڕێز لەئیرادەی گەلی کورد و سەرکردایەتی سیاسی کورد لەهەر کام لەبەشەکانی کوردستان دەگرێت لە هەمان کاتدا سپاس و پێزانینی خۆی سەبارەت بە پشتیوانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لەخەڵکی زوڵم لێکراوی ڕۆژئاوا ڕادەگەیەنێت و ڕێز لەهەستی نەتەوەیی خەڵکی کوردستانی ئێران دەگرێت.
له تەوەریكی تردا پێشنیاری گرتنی کۆبوونەوەی ناوەندیی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی بوو كه جەخت لە سەر ئەوە کرایەوە ناوەند بە گۆتارێکی یەکگرتووانە و ئامانجدار و بەستراتیژییەکی هاوبەش ئەم کۆبوونەوانە بەڕێوە ببات.ناوەند بڕیاری دا لەسەر ئەم بابەتە کاری زۆرتر و چڕوپڕتر بکرێت.
تەوەری سێهەم ئه م دانیشتنه سەردانی هەیئەتێکی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات بەمەبەستی وەگەرخستنی دیپلۆماسی هاوبەش بوو و بڕیاری دا بۆ درووست کردنی هەیئەتەکە و چۆنیەتی کاری دیپلۆماسی ئامادەکاریی زۆرتر و شیاوتر بکات.

له تەوەریكی تردا چاوخشاندنێک بەسەر کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکانی دەرەوەی وڵات کەلەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بەڕێوە چوون بڕیاری دا لەهەر کۆبوونەوە و کۆنفرانسێک کەلەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانی ئێران و لەئاراستەی سیاسەت و ستراتیژی ناوەند دا بێت،پشتیوانی بکات.

 

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
9ی خەزەڵوەری 1398ی هەتاویی
31 ی ئوکتوبری 2019