بەمجۆرە ئاگادارتان دەکەینەوە کە بەداخەوە رۆژی سێشەممە ٧ی مانگی نوامبر رێکەوتی ١٦ خەزەڵوەر مونیرە خانمی فەلسەفی یەکێک لە سیما ناسراو و خۆراگرەکانی نێو دایکانی کوردستان دڵی گەورە و پرلە خۆزگەی بۆ ئازادی و رزگاریی بەشمەینەتان بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.

مونیرە خانمی فەلسەفی یەکێک لەو دایکە خۆراگرانەی شاری سنە بوو کە دوو کوری بە ناوەکانی ئەحسەن و شەهریار ناهید کە دوو تێکۆشەری بزووتنەوەی چەپ و پێشکەوتنخوازی و له ریزەکانی ڕێکخراوەی فدایی بوون لە کوردستان، پاش بەرەنگاری و خۆراگریی مێژووی شاری سنەی قارەمان،بە بریاری خەڵخاڵی جینایەتکار هاورێ لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە تێکۆشەران و خەباتکارانی شاری سنە لە ئێعدامە بە نێوبانگەی”فروودگای سنە” تیرباران کران،کە بە بڵاوبونەوەی وێنەی ئەو گیانبەختکردوانە و ئاستی درەندەیی جلادانی رژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی،شاری سنە وخۆراگری قارەمانانەی خەڵک و خەباتکارانی چووە ناو لاپەرە زێرینەکانی خەبات وقوربانیدانی گەلێک بەرامبەر بە پەلامار و هێرشی داگیرکەر، کە بەداخەوە بەشێک لە بەها و قورسایی ئەم شۆرش و قوربانیدانە لەسەر شانی دایکانێکی وەک مونیرە خانم بوو.دایە مونیرەش وەک هەزاران دایکی جەرگ سووتاوی کوردستان خەم وئازاری لەدەستدانی جگەرگۆشەکانی کردە بوورکانی قین و نەفرەت بەرووی داگیرکەراندا.

بەداخەوە مونیرە خانمی فەلسەفی کە بەدوای لەدەستدانی کورە خەباتکارەکانی ئیتر نەیتوانی لە زێدی خۆی بمێنێتەوە و بەناچاری رووی کردبووە دەرەوەی وڵات ،هەفتەی رابردوو پاش چڵ ساڵ ئاوارەیی و حەسرەتی لە ئامێزگرتنی گڵکۆی ئازیزەکانی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئامریکا بۆ هەمیشە چاوە چاوەروانەکانی لێکنا.

ئێمە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس وکاری مونیرە خانم و هەموو خەڵکی شاری سنەی سەربەرز دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم وپەژارەیان دەزانین.

بژی یادی ئازیزی مونیرە خانمی فەلسەفی.

سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی

١١ی نوامبری ٢٠١٩ی زایینی